سیناریۆی سیڤی

‌سەروەر عەبدولڕەحمان


هەركاتێك حزبە سیاسیەكان بیانەوێت رووی خۆیان جوان نیشان بدەن و هاولاتیان سەرقال بكەن، سیناریۆیەك بۆ خەڵەتاندنی خەلكی دێننە كایەوە، ئەوەی ئێستا بابەتی باسكردنە پێشكەشكردنی سیڤییە بۆ پۆستی وەزیری لەكابینەكەی عادل عبدالمهدیدا، ئەم شانۆگەرییە بانگەشەیەكی بێ بنەمایە و كەسانێكی ساویلكەو دلسافیش كەوتوونەتە پڕكردنەوەی سیڤی بەو خەیاڵەی ببن بە وەزیر.

پڕكردنەوەی سیڤی لەم ولاتەدا لە سیناریۆیەكی دروستكراو و خەڵەتێنەر زیاتر هیچی تر نیە، هەروەك نمونەشمان زۆرە لە رابردوودا، لەهەرێمی كوردستان بەمەبەستی دانانی سەرۆكی زانكۆ و یاریدەدەرەكانیان و راگی كۆلیژەكان، بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەكانی مافی مرۆڤ و چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە، بۆ ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و دەیان شوێنی تر، سیڤیان بە هەزاران كەس پڕكردەوەو تەنها ئەو كەسانەشیان لەپۆستەكاندا دانا كە خۆیان پێشتر بە محاسەسەی حزبی دەستنیشانیان كردبوو و بڕیاریان لێدابوو و سەرجەم سیڤیەكانی تریش بۆ تەنەكەی خۆڵەكە.

ئەمەی ئەمجارەی عەبدولمەهدیش كە بەپێی هەواڵەكان تەنها لەهەرێمی كوردستان نزیكەی 500 كەس سیڤی بۆ وەزیری پڕكردۆتەوە لەوە تێپەڕ ناكات، داهاتوش بۆمانی روون دەكاتەوە كە لەدرۆیەكی گەورە بەولاوە هیچی تر نیە.


PM:02:58:13/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 3115 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی