هەرێم؛ ژینگەی سێ تیرۆرەكە

‌عەتا کەریم

هەرێمی كوردستان گیرۆدەی هەرسێ جۆرەكەی تیرۆر بووە، كە سێ گورزی كوشندەی پێشكەوتن و حوكمڕانیكردنی شایستەن، كاریگەرییە خراپەكانی هەر یەكێكیان بەسە بۆ ئەوەی ئەزموون و دەسەڵات پەك بخات، یاخود ئەركەكەی پێچەوانەی ڕاستەقینە بكاتەوە.

تیرۆر و توندڕەوی یەكەمیانە، گەندەڵی دووهەمینە و سێهەمیشیان ماددەی هۆشبەرە، هەرێمی كوردستان لە بەردەم هەڕەشەی مەترسیداری هەرسێ تیرۆرەكەدایە!!، كە كاریگەری و لێكەوتەكانی سێ گورزی لەو شێوەیە دەسەڵات و حوكمڕانی لە بن دەهێنێن، جا بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت چارەنووس و ئاییندەی بە كۆێ بگات؟

هەڕەشەی سێ تیرۆرەكە كاتێك بۆ هەرێم قورس و سەختتر دەبێت، كە پەیوەستە بە واقع و چوارچێوەی عێراق، كە ئەویش نەك گرفتاری سێ تیرۆرەكەیە، بەڵكوو كارگەی بەرهەمهێنانیەتی و لە بارترین ژینگەی تیرۆر و توندڕەوی، گەندەڵی و بازرگانی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرە.

تیرۆری یەكەم لە هەرێم، گورزی سەختی لە هەرێم و ئەزموون و توانای مرۆیی هەرێم داوە، بە تایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە 2014-تا كۆتایی 2017، هێشتا لەژێر كاریگەرییە تراژیدی و جینۆساید، كەوتنی ئابووری و دارایی، زیانی گیانی 1800 شەهید و 10 هەزار برینداردایە، هاوكاتیش نەتوانراوە بەرەنگاری ڕاستەقینەی بیری توندڕەوی ببێتەوە و هێشتا ژینگەی سەرهەڵدانەوەی ئەم تیرۆرە مەترسیدارە، وەك خۆیەتی، كە دەكاتە سوڕی متبوونی تیرۆری یەكەم و هەڵتۆقینەوەیان لە سەعاتی سفردا.

تیرۆری دووەم، گەندەڵییە، كە لە دوای تیرۆر و تیرۆریزم، دووەمین مەترسییە لەسەر ئاستی كۆمەڵگە و سیستمی حوكمڕانیی وڵاتان، كە نەتەوە یەكگرتووەكان‌ و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی جیهانی‌ «گەندەڵی» بە تیرۆری دووەم ئاماژەی پێ دەدەن، ژینگەی ئەم تیرۆرە لە هەرێمی كوردستان لەسەر كەرتی نەوتی و غاز، دارایی و بازرگانی، حكومەت و دامەزراوەكانییەتی، هۆكاریش نەبوونی دامەزراوەیەكی سەربەخۆی ڕاستەقینەیە بۆ بەرەنگاری و دژایەتیی گەندەڵی، بە چەشنێك هێزی لێپێچینەوە و لەمپەردانانی هەبێت لە بەردەم لەشكری گەندەڵكاران و دەسەڵاتی دادگاش زۆر لە خوار لێپێچینەوەی یاسایی گەندەڵكارە حكومی و حزبییەكاندایە.

ئەم پرسە بە ئاشكرا، لە هەرەمی یەكەمی دەسەڵاتەوە باسی لێوە دەكرێت، كەواتە ئاگاداری هەڕەشەی تیرۆری دووەمن، بەڵام لە ئاستی ڕێوشوێنی دژایەتی و شەفافیەتدا هەنگاوێك لە جێی خۆی ناجوڵێت كە ئەوەش دەرفەت بە لە شكری تیرۆری دووەم دەدات ڕووبەری خۆی شۆڕ بكاتەوە و پێگەی خۆیشی قاییم بكات، سنووری لۆكاڵیی خۆی دەبەزێنێت و دەچێتە قۆناغی گەندەڵیی نێودەوڵەتی و لەگەڵ تۆڕەكانی بازرگانیی دیكەدا داهات كەڵەكەتر دەكات، ئەوەش دەیگوازێتەوە بۆ تیرۆرێكی كوشندە و مەترسیدار كە هێزی ئەوەی پێ دەدات گەمە بە چارەنووسی دەسەڵات و حوكمڕانی بكات، چونكە پەیوەندییە گەندەڵییەكانی لەگەڵ كاراكتەرانی ناو حوكمڕانیدا توند دەكات، بە دیوێكی دیكەدا كە حكومەت و دەسەڵات دەكاتە قەڵای پاراستنی تیرۆری دووەم.

تیرۆری سێهەمیان، بازرگانی و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرە! كە بە تیرۆری سپی ناوی دەهێنرێت، ئەم مەترسییە ئاسایشی كۆمەڵایەتی و ئابووری دەشێوێنێت، تیرۆری سپی بۆ هەرێمی كوردستان نوێیە، بەڵام بۆ جیهان كۆن و دێرینە.

ماددەی هۆشبەر، هەڕەشەیەكی ئێجگار مەترسیدارە، بۆیە حكومەت و دەسەڵاتداران بە هەموو شێوەیەك یاساغی دەكەن و بەرەنگاری دەبنەوە، لە بەرامبەریشدا بازرگانان لە شێوەی گرووپی مافیای مەترسیدار سەر هەڵدەدەن و بە هۆی دەوڵەمەندییانەوە تۆڕی ڕێكخستنی فرۆشتن و ساغكردنەوە و كێڵگەی نهێنییان هەیە، چەكدار و بكوژی مەترسیداریان هەیە، سروشتی كار و بازرگانی و بەكارهێنانیان پەنهانی پڕمەترسییە و مەترسیش بەرهەم دەهێنێت بە تایبەتی فراوانكردنی ئالودەبووان كە بزوێنەری سەرەكیی تیرۆری سپییە.

ئامار و داتاكان لە هەرێم كە لە سەرچاوە ئەمنییەكانەوە ئاشكرا دەكرێن، جێگەی تێڕامانی جددییە بۆ وەستاندن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، چونكە داتای ڕەسمی و بڵاوكراوە زەنگی مەترسیدارە كە ئاشكرا كراوە «زیاتر لە 10 هەزار بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمدا هەن» كە دەكاتە بازاڕی ساغكردنەوە و تەراتێنی باندەكانی بازرگانیكردنی و زیادبوونیان!

تیرۆری سپی، سەرەتا گەنجان دەكاتە نێچیر، دواتریش گیرفانپڕەكان دەكاتە بازرگانی نهێنی، بۆیە هێشتا دەرفەتی كۆنتڕۆڵكردن لەبارە، بەڵام فەرامۆشكردن و بێپلانی تیرۆرەكە زاڵ دەكات، بە تایبەتی كە ئێران سەرچاوەیەكی مەترسیدار و ئاسانە بۆ هەڕەشەی تیرۆری ماددەی هۆشبەر و هاوسنووری دورودرێژە لەگەڵ عێراق و هەرێم.

كارەساتی پێشبینیكراو ئەو كاتەیە، كە هەرسێ تیرۆرەكە پێكەوە هێرشی بكەنە سەر كۆمەڵگە و حوكمڕانی لە هەرێم، كە ئاییندەكەی دەخاتە بەردەم ڕمانێكی حەتمی، بۆیە مشوری جددی دەوێت، چونكە یەكگرتنی ئەم سێ تیرۆرە لە هەر جێگەیەك زەمینە لەبار بكات، كارەساتێكی گەورە چێ دەكات، كە لێكەوتە خراپەكانی بە جۆرێك ڕەگ دادەكوتن كە هەڵكێشانی قورس و زەحمەت دەكات.



PM:08:50:13/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی