خولە سورو خولە ڕەش

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی


ساڵی 1959 بوو ، واتە ساڵێک بەسەر دروستبونی ڕژێمی کۆماریا ڕۆشتبو کە عەبدولکەریم قاسم ئینقلابی بەسەر ڕژێمی مەلیکیدا کردبو ، حیزبی شیوعی یەکێک بوو لەو حیزبانەی کە ڕێگەی بە ئاشکرا کارکردنی پێدرابو ، کرێکاران و جوتیاران وڕیکخراوەکانیان دیارە کەوتبونە کار و چالاکی ، من ئەو کاتە تەمەنم تەنها 6 ساڵ بوو لەو شتانە نە ئەگەشتم ، بەڵام ئەوەی لەیادەوەری مندا مابێتەوە ،ئەو دوو بەڕیزە ڕۆژێکیان لە پاڵ گردی مامە خاڵە ( گردێکی بەرزە لە پشتی ئابڵاخەوە جاران چۆڵ بوو بەڵام ئێستا هەموی خانوە، دیوی ڕۆژئاوای ئەڕوانێت بەسەر ئابڵاخداو دیوی ڕۆژهەڵاتی بەسەر سڵێمانیدا )

ئەو دوو بەڕێزە، ڕەوانی هەردوکیان شاد بێت ،بەیانێکیان بەدەستەوە بوو ئەیان خوێندەوەو لە کۆتاییشدا ئەیانوت بژی چینی کرێکار ،بژی عەبدولکەریم قاسم ، دوای وتافەکانیشیان کۆترێکی سپیان بەرەڵا کردو دای لە شەقەی باڵ بەرەو ئاسمان ،

 دواتر کە گەورەبووم بێگومان ئەودوانە هەردوکیان خزممان بوون ، خولە سور هاوسەری پورم بوو خولە ڕەشیش هاوسەری خوشکی خولە سور بوو ، تێگەشتم هەردوکیان تەنها دوو شیوعی بون لە ئەبڵاخدا و کەسی تری شیوعی تیانەبوو لەو سەردەمەو سەردەمێکی دواتریش ، ئەو دوو ڕەوانشادە دوو ڕەنجکێشی ماندوو چەوساوەبوون ، کاریان نەقاڕی بوو ،واتە لە کانەبەردەکانی دەوری سڵێمانی بەردیان هەڵئەکەندو چەکوشکاریان ئەکرد تا گۆشەکانی ڕیکبکەنەوە ولە بری بلۆکی ئێستا دیواری پێهەڵئەچنرا ، بۆیە ئەڵیم چەوساوە ، ئەوان ڕۆژ تا ئێوارە شەڕیان لەگەڵ بەرد ئەکرد ، دواتر بە نرخێکی هەرزان ئەیاندا بە بەڵێندەرەکانی خانوبەرە ،لێرەدا ئەمەوێ ئەم هەلە بقۆزمەوەو ئاماژە بە شتێک بکەم ،حیزبی شیوعی لە عێراقدا لە ساڵی 1934 وە دروست بوە لە کوردوستانیش دواتر کاژیک ودواتر پارتی دیموکراتی کوردستان 1946 دروست بوە گەورەترین چین لە کوردستان جوتیار بوە بە هۆی ئەوەوە کە کوردستان وعیراقیش وڵاتێکی کشتوکاڵی بوە ،

 حیزبە ناسیۆلیستەکانی وەک کاژیک وپارتی دەبی بنکەی جەماوەریی خۆیان هەر لەسەر ئەو چینە فراوانە هەڵچنن ، جا بۆ ئەوەی نەبنە جەماوەری حیزبی شیوعی هاتن پڕوپاگەندەی ئەوەیان بۆ کردن کە گوایە شیوعی کافرن و حەڵاڵ و حەرام نازانن وتا ئەو ڕادەیەی پێیان ئەوتن لە خوشکی خۆیان لانادەن ، ئەمەش گەورەترین زوڵم بوو لە شیوعیەت کراو تا ئێستاش بە باشی شیوعیەکان ئەو بارەیان بۆ ڕاست نەبۆتەوە ، بە تایبەتی قسەیەکی وا لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلام و خواپەرستدا زۆر قورسە ،ئەو سەردەمە شیوعیەکانیش ئەو ڕۆشنبیرییەیان نەبو کە بەو خەڵکە بڵێن خوا پەرستی و ئیمانداری شتێکەوە تێکۆشانی شیوعیەت لە پێناو ئازادی و نان و عەدالەتی کۆمەڵایەتی شتێکی ترە ، مەلاکانیش لەم ڕوەوە ڕۆڵی زۆر خراپیان ئەبینی ،

 ئەوەی من بینیم خولە سورو خولە ڕەش ،هەردوکیان دوو شیوعی نوێژکەر و ڕۆژوگر بوون نە شیوعیبونیان ڕێگەی لەو خواپەرستیەی ئەوان گرتبو نە خواپەرستی ئەوانیش ڕێگەی لە شیوعیبوونی ئەوان گرتبو ، ڕۆحتان شاد دوو کۆترە سپیەکەی ئاشتی و ئازادی .

خولە ڕەش




خولە سور



PM:07:51:18/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 5133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی