گەر من ببم بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی

ئەرکێکی قورسە لەم ڕۆژەدا کە کوردستان لە قەیرانێکی گەورەدایە،موچە خۆرانی کوردستان زیاتر لە سێ مانگ ئەبێت موچەیان وەرنەگرتوە و باری دارایی خەڵک بە جۆرێک داڕماوە کە خەڵکی ژەمە خواردنێکیان بۆ خێزانەکانیان پێدابین ناکرێت ، لە لایەکی ترەوە گەندەڵی لە هەمو داموو دەسگاکانی حکومەتدا لە سەرەوە بۆ خوارەوە گەشتۆتە ئاستی بۆگەنکردن ، هەروەها لە هەرچوارلاوە ئابڵوقە خراوەتە سەر کوردستان لە زۆر ڕوەوە ، بۆیە هەنگاوەکانم وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چارەسەری ئەم دۆخە شێواوە بەم جۆرەی لای خوارەوە ئەبێت :

1- لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پێش هەموو شتێک موڵک و ماڵی ئێستای خۆم بۆ جەماوەر ئاشکرا ئەکەم کە چیم هەیەو ڕامئەگەیاند و داوام لە خەڵکی ئەکرد ئەگەر دوای تەواوبونی ئەرک و بەرپرسیارێتیم جگە لە موچەکەم هیچی ترم وەرگرتبو یا لەو موڵک و ماڵەم زیاد بوبو ئەوا دانرێت بە دزی و لەسەری دادگایی بکرێم و لێم بسێنرێتەوە .

2- هیچ کاندیدێکی هیچ حیزبێکم بۆ پۆستی وەزیریی کابینەکەم قبوڵ نەئەکرد ،بەڵکو وەزیرەکانم لە خەڵکی شارەزاو کارامەو دەست پاک و داوێن پاک و ڕابوردو پاک هەڵئەبژارد بە پێڕەوی کەسی تایبەت بۆ شوێنی تایبەت دامئەنان ، ئاخر ناکرێت هەر بۆ نمونە کابرایەکی دەرچوی کۆلێژی کشتوکاڵ بکرێت بە وەزیری پیشەسازی و مەلایەک بکرێت بە وەزیری پەروەردەو  بەو جۆرە .....هتد .

3- هەر وزیرێک پێش سوێندخواردنی ئەبێ پلانی کاری وەزارەتەکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ ئامادەبکات و پێشکەشی بکات و دوای ڕەزامەندی وەرگرتن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاوی بکاتەوە وسوێند لەسەر ئەوە بخوات کە ئەبێ جێبەجێی بکات ، بە پێچەوانەوە دادگایی بکرێت .

4- وەک ئێستا بە نیازن پاکسازی و چاکسازی بکەن کە ڕەنگە بۆیان نەکرێت ، لیستی موچەخۆرانی حکومەت پاک ئەکەمەوە لە گەندەڵی و زیادەڕۆیی .

5- پەرلەمانتارو وەزیرەکانی پێشو کە خانە نشین کراون بە گوێرەی خزمەتیان لە فەرمانگەکانیان  خانەنشینیان بۆ دیاری ئەکەم ،نەک وەک ئێستا کە پەرلەمانتار هەیە تەنها ئەو چوارساڵەی خزمەت هەیە بۆ حکومەت وبە موچەیەکی بەرز خانەنشین کراوە .

6- لە بەر ئەوەی بێکاری زۆرە و زانکۆکان ساڵانە بە سەدان کەس دەرئەچێنن و ئەیانکەنە سەر جادە و بێکار ئەسوڕێنەوە ، لەبەر ئەوە ڕێژەی خزمەت بۆ خانەنشینکردن لە 63 ساڵەوە ئەکەم بە 55 ساڵ وئەوەی لەسەرو ئەو تەمەنەوە بوو خانەنشینی ئەکەم و لە شوێنیان ئەو گەنجانە دا ئەمەزرێنم کە زانکۆ و پەیمانگایان تەواو کردوەو بێ ئیش ئەسوڕێنەوە .(ڕەنگە هەندێک لەو کارانە لە دەسەڵاتی مندا نەبێت و پێویستی بە یاسا بێت لە پەرلەمانەوە بەڵام من ئەو دەسەڵاتانە ئەکەم بە مەرجی پێشوەختی دەست بەکاربونم ).
7- هەمو کارگەو کۆمپانیایەکی گەورە ئیجبار ئەکەم کە ژمارەیەک لە دەرچوانی کۆلێژ وپەیمانگاکان دامەزرێنێت لە سەر ئەساسی توانا و کارامەیی نەک خزم خزمێنەو قۆرخکردن بۆ کەس و کاری خۆی .

8- قەدەغەم ئەکرد کە خەڵکانی خاوەن پارەو سەرمایەدار کە تایبەتمەندن بە هاوردەی کەل پەل لەدەرەوەی وڵات کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ نابێت بابەتی کەمالیات وەک جل وبەرگی گران وبۆن وسەعات و مۆبایلی گرانبەهاو زۆر شتی تر کە شارەزایان دیاری ئەکەن و زۆر پێویست نین بۆ ژیانێکی سادەو ئاسایی کە بیهێننە ناوەوە ، لە جێی ئەوە ئەبێ کارگەکانی دروستکردنی هەندێک لەو بابەتانە( بە گوێرەی سیستمی جیهانی دابەشکردنی بەرهەمهێنەرەکان ) بۆ نمونە من داوای ئەوەم نەکردوە کارگەی دروستکردنی سەعات یا مۆبایل دامەزرێنن کە ئەوە بە گوێرەی ئەو سیستمە تایبەتمەندی هەندێک وڵاتی دیاریکراوە ، بەڵام خۆ ئەتوانن کارگەی دروستکردنی شامپۆ( هەر بۆ نمونە ) دروست بکەن و لە بری ئەو دەیان جۆرە شامپۆیەی کە لە سعودیەو تورکیا و لوبنان و ئەوروپاوە ئەهێنرێت ، لێرە دروست بکرێت ، لە لایەک قازانجەکەی هەر لە کوردستاندا بەگەڕ ئەخرێت و هەم کرێکار و هێزی کاری ناوخۆش بەکار ئەهێنرێت ، ئەگەر کارگەیەک لەوانە دامەزراندنی لە توانای یەک سەرمایەداردا نەبو با وەک کۆمپانیای هاوبەش چەند کەسێک بەیەکەوە دایمەزرێنن .

9- بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەفەر قەدەغە ئەکەم بە نیازی گەشت و گوزار بۆ دەرەوەی وڵات ، چونکە ئەمە تەنها بۆ دەوڵەمەندەکان و کوڕو خێزانەکانیانە و خەڵکی هەژار لێی بێبەریە ، با ئەو پارەیە لە ناوەوەی وڵات بەگەڕبخرێت لە بری ئەوەی بدرێت بە هۆتێل وباڕو دیسکۆی دەرەوە ( ڕەنگە هەندێک خاڵ لەوانەی سەرەوە جێگەی ناڕەزایی بەشێک لە کۆمەڵ بێت ،بەڵام ئەگەر بمانەوێت وڵاتەکەمان لە قەیران ڕزگاری ببێت ئەبێ هەر هەمومان هەر یەکەو لە ئاستی خۆیەوە شان بداتە بەر هەندێک لە ناخۆشیەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ).

10- کۆمپانیای شارەزای بواری کشتوکاڵ وئاودێری ئەهێنمە کوردستان و پەیوەستنامەیان لەگەڵدا گرێ ئەدەم کە هەمو زەوی کوردستانیان لەبەردەست بێت و بە هاوکاری جوتیارەکان بەگەڕی بخەن و تازەترین تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی بهێنن وداهاتیکی وام لێیان ئەوێت نەک هەر تەنها بەشی ناوخۆ بکات بەڵکو بەشی هەناردەش بکات بۆ دەرەوەی کوردستان و چیتر لەدەرەوەی کوردستان بەروبومی کشتوکاڵی ومەڕوماڵات هاوردە نەکرێت ، بە مەرجێک لە داهاتەکەی بەشی جوتیارانی لێبدەن و موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ وئاودێریش بدەن و ئەم پەیوەستنامەیە بۆ ماوەی 25 ساڵ بێت و بە سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکال و ئاودێری و وەزارەتی دارایی بێت و دوای 25 ساڵەکە هەمو پێوەستیەکانی کە لەگەڵ خۆیان هێناویانە بە جێی بهێڵن بۆ حکومەتی کوردستان
11- کۆمپانیای شارەزا لە بواری گەشتوگوزار ئەهێنمە کوردستان و بۆ ماوەی 25 ساڵ هەمو شوێنە گەشتوگوزاریەکانی کوردستانی ئەخەمە ژێر دەست تا بەگەڕی بخەن وهۆتێل ومۆتێل و چێشتخانەی جوان و جیهانیی تیا دروست بکەن و بە گەشتیارانی جیهانی بناسێنن بە مەڕجێک موچەی وەزارەتی شارەوانی وگەشت وگوزاری لێبدەن ،باقی داهاتەکەشی بۆ خۆیان بۆ ماوەی 25 ساڵ ودواتر چیان کردوە بەجێی بهێڵن بۆ حکومەتی کوردستان بە سەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار و وەزارەتی دارایی .

12- کۆمپانیای شارەزا ئەهێنم هەمو شارەکانی کوردستان بە هێڵی شەمەندەفەر بەیەکەوە ببەستێت و بشیانبەستێتەوە بە وڵاتانی دراوسێوە وبۆ ماوەی 25 ساڵ خۆی کرێی هاتوچۆ وەرگرێت بە مەرجێک موچەی وەزارەتی هاتوچۆ وپەیوەندیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ڕیگاوبان و ئاوەدانکردنەوە بدات و دواتر چیکردوە بۆ حکومەتی کوردستانی جێبهێڵێت ، ئەمەش بە سەرپەرشتی وەزارەتی هاتوچۆ و وەزیری دارایی .
13- کۆمپانیای شارەزا ئەهێنم کە کارەبای 24 سەعات بدا بە کوردستان و بۆ ماوەی 25 ساڵ پارەی کارەبا لە هاووڵاتیان بۆ خۆی وەرگرێت و دوای ئەو ماوەیە چی کردوە بە جێی بهێڵێت وببێت بە موڵکی حکومەتی کوردستان ، ئەمەش بەسەرپەرشتی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی دارایی .

14- هەوڵی بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت ئەدەم بە مەرجێک سودی هەبێت بۆ حکومەت ، نەک وەک ئەو پرۆژانەی کە ئێستا کراون لە لایەن کەرتی تایبەتەوە و هیچ سودیشیان بۆ حکومەت نەبوە ، بۆ نمونە زەوی نیشتەجێ دراوە بە کۆمپانیاکان و یەکەی نیشتەجێبونیان لەسەر دروستکراوە هیچ سودێکی بۆ حکومەت نەبوە ، ئەو زەویەی کە حکومەت بە خۆڕایی داوێتی بەوان ئەوان بە پارە فرۆشتویانە بە هاووڵاتی بێئەوەی یەک دۆلار پارە درابێت بە حکومەت کە ئەبو حکومەت لە قازانجی ئەو پرۆژانە هاوبەشبێت .

15- هەوڵی دامەزراندنی کارگەو کۆمپانیای بەرهەمهێن ئەدەم بە هاوکاری کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی کوردستان لە وڵاتێکی ( بەکاربەر – کاڵادڕ) ەوە ببێت بە وڵاتێکی بەرهەمهێن هەر هیچ نەبێت لە هەندێک بواری بچوکدا .
16- بەگەڕخستنەوەی ئەو کارگانەی کە پەکیان کەوتوە بە هاوکاری کەرتی تایبەتی ناوخۆ یا کۆمپانیای بیانی وەک کارگەی جگەرە وکارگەی پوختەکردنی توتن وکارگەی چنین و ڕستن و کارگەی جل وبەرگی ئامادەکراوو کارگەی چیمەنتۆ .

17- لابردنی قۆرخکاری لەسەر هاوردەکردنی هەندێک کەل وپەل و پێویستی نەک وەک ئێستا کە هێنانی هێلکە لە سلێمانی قۆرخە بۆ کەسێک و لە هەولێریش بۆ کەسێکی تر یا دەرمان تەنها قۆرخکراوە بۆ یەک دو کۆمپانیا ، بۆ ئەوەی کێبڕکێ (مونافەسە ) دروست ببێت لە نێوان هاوردەکاراندا وبە نرخێکی هەرزانتر دەستی هاووڵاتی بکەوێت ، کە ئەم قۆرخکاریە دورە لە مەرجەکانی بازاڕی ئازاد وئازادیی بازرگانیکردن .

18- داهاتەکانی گومرگ وباجەکان و رسوماتی فەرمانگەکان و داهاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و بنکەکانی تەندروستی و نەخۆشخانەکان خەرجبکرێتەوە بۆ خۆیان بۆ پەرەپێدانیان وهێنانی سیستمی تەکنەلۆژیای پێشکەوتو بە سەرپەرشتی پارێزگاری پارێزگاکان .

19- باج وڕەسمی مۆڵەت بەشێوەیەکی بەرز دابنرێت لەسە بانکەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ( ڕادیۆ وتەلەفزیۆن ) وفڕۆکەخانەکان ( فرۆکەخانەکان و بانکەکان لە ژێر سێبەری حیزبەکان دەر بهێنرێت ) و ئەم داهاتەش خەرجبکرێت بۆ خزمەتگوزاریە گشتیەکان .

20- داهاتی نەوت چ داهاتی کێلگەکان وچ پاڵاوگەکان لەژێر سێبەری حیزب دەربهێنرێت و لەگەڵ ئەو بڕەپارەیەی کە لە حکومەتی ناوەند دەست ئەکەوێت موچەی ئەنجومەنی وەزیران وپەرلەمان وخەرجیەکانی تری حکومەت وئەو وەزارەتانەی کە باسنەکراون لە بڕگەکانی سەرەوە ( 10و11و12و13) لێبدرێت .
21- ئەو قەرزانەی کەوتونەتە سەر حکومەتی هەرێم لە ڕابوردودا لە لایەن حیزبەکانەوە بدرێتەوە لە سامانی حیزبەکانیان ( نەک بەو مانایەی دزیانکردبێت ! ) بەڵکو وەک سزایەک کە بێ سەلیقەبون لە بەڕیوەبردنی حکومەت و سامانی ئەم میلەتەیان بە فیڕۆداوە لە ماوەی 26 ساڵی ڕابوردودا .
تێبینی :

1- ئەو پلانەم وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ،پلانێکی قۆناغیە و تەنها بۆ قۆناغی دەربازبوونی کوردستانە لە قەیرانی ئابوری ودارایی ، دەنا وەک خۆم کە کەسێکی چەپم هەوڵم بۆ پێگەیاندنی سەرمایەداری و کەرتی تایبەت یا سەرمایەداری دەوڵەت نیە ، نان و ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیم بۆ هەموان ئەوێت و هەر ئەوەش پەیڕەوی ژیانمە .

2 -من ناڵێم لەم پرۆژەیەدا هەمو شتێکم پێکاوەو تەواو شارەزام بۆیە :
آ -تێبینی هاولاتیان بە هەند وەر ئەگرم
ب -ئەگەر پێویستی کرد ڕاوێژکاری شارەزا بۆ خۆم دائەنێم
 
----------
• ئەوە خەونی من نیە ئەو پۆستەوەرگرم ،تەنها وەک ناونیشانێکی تەنز ئامێز بە جوانم زانی بۆ ئەم وتارە


PM:04:37:30/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 6053 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی