خۆپیشاندانەکانی ئێران

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی

ڕوخانی ڕژێمی شا لە ئێران و گۆڕینی دەسەڵات ، ڕوداوێکی سەیر بوو ، لە لایەک کۆمەڵگایەکی کراوە بە ڕوی جیهانداو لیبراڵ بەو شێوەیەی لێی ئاگادار بوین لە ڕوی ئازادی تاکەکانەوە ، تا ڕادەیەکیش تێرو تەسەل لە ڕوی ئابوریەوە ، چۆن بە پلەی سەد وهەشتا گۆڕا بۆ ڕژێمێکی ئیسلامی بەم جۆرەی کە ئێستا ئەیبینین ، ئەمەش ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێت کە کۆمەڵگای ئیسلامی بەردەوام پڕێتی لە گەرای مەزهەبگەرایی و هەرکاتێک بۆی گونجا دەتوانێ بتروکێ و بگەرێتەوە بۆ کۆمەڵگایەکی ئاینگەرا و مەزهەبی ، لە دەوڵەتێکی لیبراڵ ونیمچە سکۆلارەوە بۆ ئەوپەڕی داخراوی و بەرتەسککردنەوەی هەموو ئازادیەکان ، لە ڕوی ئابوریەوە ئێرانێکی دەوڵەمەند بە نەوت و هەمو کانزاکانی تر ، وڵاتێک بە پانتاییەکی وا کە سنورەکەی بە درێژایی سنوری عێراق و تورکیا و روسیاو پاکستان و ئەفغانستان ، کە لە یەک کاتا هەمو وەرزەکانی تیایە لە باکوری زستان بێت لە باشوری هاوینە ، ئەمەش وای کردوە کە لە ڕوی بەرهەمە کشتوکالیەکانەوە دەوڵەمەند بێت ، هەروەها ئەو بناغە پیشەسازیەی کە لە سەردەمی ڕەزا شاوە هەبو هەر وەک خۆی مایەوەو بگرە پەرەشی پێدا ، ئەمانە هەمو هۆکار بون کە ئابڵوقەی ئابوری وڵاتانی ئەوروپا وئەمریکا کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبێت لەسەر وڵاتەکەیان ، لە لایەکی تریش وەک وڵاتێکی گەورەی هەناردەکاری نەوت و گاز لە ڕوسیای دانەبڕی و بوە سەپۆرتی وێسگە ئەتۆمیەکەی و سەرچاوەیەکی باشی پڕ چەککردنی ،

 بەڵام ئەم ڕژێمە لە ڕوی ئابوریەوە نە ژیانی خەڵکی باشکرد ونە ئازادیە تاکەکانیشی ڕەها کرد، ئەو ئابوریە زەبەلاحەی خستە خزمەتی بیری شیعەگەرای پاوانخوازی وپەلکێشان بۆ وڵاتانی تر بە نیازی فراوانخوازی بیری مەزهەبی و خەرجکردنی سامانی ئەو وڵاتە لەو پێناوەدا ، وەک ئەبینین دەست تێوەردانی لە عێراق و سوریاو لوبنان ویەمەن ، جگە لە یارمەتی دانی گروپی تری تیرۆریست لە زۆر وڵاتی تردا ، بۆیە جەماوەرەکەی لە لایەک ئازادی ئەوێت و لە لایەک نان وگوزەرانێکی باش کە هیچیان لە سایەی ڕژێمی شیعەگەرای ئێستای ئەو دەسەڵاتە ئیسلامیەدا دەست نەکەوتوە ، سیستمە بەناو دیموکراتیەکەیان کە چەند ساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەکات بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ناو ئێراندا لەو چەند باڵە ئیسلامیە شیعەیە تێپەر ناکات ، کە زۆر جار هەندێکیان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا وای دەر ئەخەن کە ئازادیەکان بەر فراوان ئەکەن و بژێوی ژیانی خەڵک باش ئەکەن بەڵام لە راستیدا هیچیان لەو سیستمە گشتیەی بەرتەسککردنەوەی ئازادی وپاوانی دەسەڵات وفراوانخوازیە لا نادەن و هەمو مەلاکان هێلکەی یەک هێلانەن و جوجەڵەی بەری یەک دایکن ، بێئومێدی خەلکی ئێران لەو ڕژێمە گەشتە لوتکە و بەڵکو دەمێک بو لە لوتکەدابوو بەڵام ڕژێمی سەرکوتکاری ئێران خەڵکانی وا چاوترسێن کردبو بە جۆڕیک کە قەنارەکانی خنکاندن فریا نە ئەکەوت وەک تەناف بە ئامێری ڕافیعە دەدە وبیست بیست خەڵکی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنی خۆیان پیا هەڵئەواستی ، بەڵام ئەوەش هەر دادی ئەو ڕژێمەی نەدا بۆیە تەقینەوەکە ڕویدا و سەرەتا خەڵکی بەناوی داواکردنی بژێوی ژیان وچاککردنی باری ئابوری ڕاپەرین ، بەڵام کە خۆپیشاندانەکەیان پەرەی سەند بوە داواکاری ڕوخانی ڕژێم ، ئەمەش داواکاریەکی ڕەوای هەمو هاووڵاتیەکە لە هەر کوێبێت کە بزانێت دەسەڵات ئابوری وڵاتەکەی تاڵان ئەکات و ئازادیەکان بەرتەسک ئەکاتەوە وگەلەکەی برسی ئەکات ، ئەم ڕاپەڕینەی خەڵکی ئێران پێویستی بەم خاڵانەی خوارەوە هەیە :

1-خۆڕاگری خەڵکی ئێران لە بەردەم هەڕەشەو چاوترساندنەکانی ڕژێم و بەردەوامبونیان و سور بونیان لەسەر داوا ڕەواکانیان

2-هاوکاری و پشتیوانی نێودەوڵەتی ، ئەوەی ئاشکرایە ئەمریکا بە ئەشکرا دژی ئەو ڕژێمە کار ئەکات بەڵام هاوکاری وپشتیوانیی بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە سنوری ڕاگەیاندن وقسەی زل نەچۆتە دەرەوە ، هەر وەها وڵاتانی ئەوروپیش کە سودمەندن لە ڕژێمی ئێستای ئێران بەهۆی ئەوەوە لە لایەک بازاڕیکی گەورەی ساخکردنەوەی کاڵاکانیانە و لە لایەکی تریش وڵاتێکی گەورەی هەناردەکاری نەوت وغاز، گەر بە خۆشیان نەفرۆشرابێت بەڵکو هۆکارێک بون بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهانداو ئەوە ئەزانن گەر یەک هەفتە نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت نەوت لە جیهاندا نرخی گران ئەبێت ، بۆیە ئەمانیش بە ڕوکەش لەگەڵ خۆپیشاندەراندان بەڵام هیچ هاوکاریەکیان ناکەن .ئەوە ڕوسیاش لەولاوە بوەستێت کە برایەکی باشی ڕژێمی ئێرانەو یەکەم سودمەندە لەو ڕژێمە ، بۆیە لە ئێستاوە هەڕەشەی ئەوە ئەکات کە ڕێگە نادات دەستی دەرەکی بچێتە پاڵ خۆپیشاندەران .

3- پێویستە ئۆپزسێۆنەکانی ڕژێمی ئێران کە ئێستە هەمو لەدەرەوەی ئێرانن بە هۆی ڕژێمی دیکتاتۆری ئێرانەوە ، هەوڵبدەن بە زوترین کات چالاکیەکانیان بگوێزنەوە ناو ئێران و ببنە پاڵپشت و هاندەر و یارمەتیدەری خۆپیشاندەران .

4-ئەو وڵاتانەی کە بەدەست دەستێوەردانی ڕژێمی ئێرانەوە ئەناڵێنن و ڕازی نین لەو سیاسەتە ،ئەگەر ناشتوانن هاوکاری خۆپیشاندەران بکەن لە ڕوی مادی و لۆجستیەوە ئەتوانن ڕاگەیاندنەکانیان بخەنە خزمەتی ئەو جوڵانەوەیە و لە لایەکی تریش پرێشەر بخەنە سەر دەست تێوەردانەکانیان وبەرتەسکی بکەنەوە .

لە کۆتاییدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە ڕاپەڕینەکەیان شارستانیانەیە ولە هەشت شاری گەورەی ئێراندا دەیان هەزار کەس کەوتونەتە سەر شەقام و لە گەڵ ئەوەش کە ڕژێمی ئێران زۆر دڕندانە بەرهەڵستیان ئەکەن، بەڵام تا ئێستا خۆپیشاندەران دەستیان بۆ کاری تاڵانکردنو وێرانکردنی هیچ شوێنێک نەبردوە


AM:11:56:02/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 4487 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی