خۆ پیشاندانی ئەم دواییەی سلێمانی

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی

رەنگە پێویست بەوە نەکات باسی هۆکاری خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بکەم ، هەمو کەس ئەزانێت میلەتی کورد برسیکراوەو سامانی ولاتەکەی بە تاڵان ئەبرێت ، ئەگەر دەسەڵاتیش وەک بەردەوام ئەڵێت وانیە ،بەڵام نەهاتون ڕونکردنەوە بدەن بەخەڵک ودەسپاکی خۆیان بسەلمێنن و زانیاری تەواو بدەن بە گەڵ ، ئەوەتا بۆ بێبەریکردنی خۆشیان لە هەوڵەکانی چاکسازیدا ، دەیان فایلی گەندەڵی تاوتوێ ئەکەن وەک موچەخۆری بندیوار و خانەنشینکردنی سەدان کەس بەدەر لە یاساکان ودانانی موچەی زۆر بۆ وەزیر و گزیر و ئەندام پەرلەمان وهەزارەها دەروازەی خەرجکردنی بێبنەما، کە ئەمانە هەموی ئیدارەدانیکی خراپە ، ئەوەشی پەیوەندی بە سیستمێکی خراپەوە هەیە کە ڕەنگە دەستی ئەوانی تیا نەبێت ئەوەیە کە خەڵکی ئەم وڵاتە لە سەردەمانێکی کۆنەوە وا ڕاهاتون کە هەر ئەبێت موچەخۆر بن لە چ وڵاتێکدا هەیە کە لە نیوە زیاتری داهاتی وڵات بدرێت بە موچە ، لە لایەکی تریش موچە و بودجە بڕینی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە لە ئەنجامی ئەوەی کە دەسەڵاتی کوردی دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوتی کوردستان و نەدانی بە حکومەتی ناوەند کە کەس ئاگای لە چۆنیەتی فرۆشتنی و چەندی داهاتی نیە ، ئەمەش هەر هۆکارێکی تر بوو بۆ قەیرانەکان ،خەڵکی برسی و بێ موچەو بێ دەرامەت مافی خۆیەتی داوای ژیانی سەربەرزانەو دادپەروەرانە بکات لە دەسەڵات ، بۆ ئەو مەبەستەش یەکخستنی دەنگی ناڕەزایی و خۆپێشاندان و گرتنە بەری هەر ڕێگایەک مافی بۆ بگەڕێنێتەوە مافی خۆیەتی ، بەڵام ئەو مافە بە توندو تیژی و کاولکاری نایەتە دی ، ئەوە ئەزمونی وڵاتانی دنیا لە بەردەستایە و نزیکترین نمونە ڕاپەڕینەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبییە لەم ساڵانەی دواییدا بە ناوی بەهاری عەرەبیەوە ، کە دوای ڕوخانی ڕژێمەکانیان تا ئێستاش ئارامیی تێنەکەوتوە و ڕیکخراوە ئیسلامیە توندڕەوەکان هەلەکەیان قۆستۆتەوە و لەسەر دەسەڵات ڕۆژانە خوێنڕشتنی هاوڵاتیانی لێکەوتۆتەوە ، لە ڕستیدا هاندانی ئەم نوسینەم وتارێکی عەدنان حسێنە لە ڕۆژنامەی ( المدی ) ژمارە (4097 ) ڕۆژی26/12/2017 کە ئەم ڕۆژنامەیەش لە ( الشرق الاوسط ) وەریگرتوەو باس لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژانی 20و21/12/2017 ئەکات لە شاری سلێمانی و هەندێک شارو شارۆچکەی دەورو بەری ڕویدا ، ئەو نوسەرە ئامۆژگاری خۆپیشاندەران بەوە ئەکات کە کاری تێکدەرانە ناچێتە خانەی داوکردنێکی شارستانیانەی مافە ڕەواکانی خۆپیشاندەران ،کە تەواو مافی خۆیانە داوای ئەو مافە بکەن و هەروەها ئەڵێت پشتبەستن بە هەر هێزێکی دەرەکی نایانگیەنێتە ئامانج چونکە ئەو هێزە دەرەکیانە لە بنەڕەتدا بەشێکن لە دروستکردنی قەیرانەکان ، نمونەی بەوە هێناوەتەوە کە هەندێک لە خۆپیشاندەران داوای هاتنەوەی دەسەڵاتی عەبادی ئەکەن و ئەڵیت ئەگەر عەبادی کێشەی هەشت پارێزگای ڕاپەڕیوی باشوری عێراقی بۆ چارەسەر کراوە ئەوا با بێت کێشەکانی ئێوەش چارەسەر بکات ، هەر وەها داوای ئەوە ئەکات کە دەنگی خۆپیشاندەرانی کورد و عەرەبی باشوری عێراق ئەگەر یەک بخرێت لە دژی دەسەڵاتدارانی عیراق و کوردستان بەگشتی باشترە ، بەڵام ئەگەر خۆپیشاندەرانی هەرێمی کوردستان عەبادی بە پاڵپشت و فریادرەس ئەزانن ئەوا دور ئەکەونەوە لە خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق چونکە ناڕەزایی ئەوان دژی عەبادیە ، بۆیە خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق کە لەسەرەتادا پالپشتی خۆپیشاندانی هەرێمیان ئەکرد، لە دواییدا کە زانیان ئەوان عەبادی بە فریاگوزار ئەزانن ،لێی بێدەنگ بون ،من چەند خاڵێکی تر زیاد ئەکەم لەسەر بۆچونەکانی ئەو نوسەرە بەڕیزە کە بونە هۆکار بۆ سەرنەکەوتنی خۆپێشاندانەکان لە ئێستاو لە داهاتوشدا :

    خۆپیشاندەران هاوڕاو هاومەبەست نەبون ، هەندێکیان داوای ڕوخانی حکومەتیان ئەکرد و هەندێکیان داوای باشکردنی گوزەران و پێدانی موچەیان ئەکرد ، کە دیارە وەک بنەمای سیاسی و فیکریش لە دوو بەرە پێکهاتبون ، یەکەمیان جەماوەرەکەی دکتۆر بەرهەم و نەوەی نوێ و گۆڕان و کۆمەل کە پێشتریش داوای دەست لەکار کێشانەوەی ئەو حکومەتەی ئێستایان کردوە تا لە شوێنی حکومەتێکی کاتی کاربەڕیکەر دروست ببێت تاکاتی هەڵبژاردن ، ئەمانە توشی دۆگمایەک بون لە لایەک قەناعەتیان وایە کە هەڵبژاردن لە کوردستاندا هەر لە بەرژەوەندی یەکێتی و پارتی ئەبێت بە هۆی ناپاکی هەڵبژاردنەکان و دەستکاری کردنی ئەنجامەکانی وەک بڕوایان وایە کە لە ڕابوردودا هەر وابوە ، لە لایەکی تریش چاوەڕوانی هەڵبژاردن ئەکەن ،ئەم بەشەیان کەم تا زۆر دەستیان هەبوو لە ئەنجامدانی توندو تیژی ، بەشی دوەمیان کەسانێکی موچەخۆر بون لە فەرمانبەران ومامۆستایان ،کە زوربەیان جەماوەری یەکێتین یا حیزبەکانی تری ناو دەسەڵات ئەمانە دروشمەکانیان تەنها داواکردنی چاککردنی گوزەران و پێدانی موچەبوە ، بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوەیانکرد کە ئەوان دژی توندو تیژین و بەشێک نین لەوانەی دەستیان هەیە لە سوتاندن و وێرانکردنی فەرمانگەکانی حکومەت ، دروشمی ئەمەشیان بەرزکردبوەوە.
    هەمو خۆپیشاندانێک ئەبێ ڕیکخەری هەبێت ،وەک ئەبینین لە وڵاتان کاتێک کرێکاران خۆپیشاندان ئەکەن سەندیکاکانیان ڕیکخەریانن ، هەروەها ئەبێ ڕیکخەرانی خۆپیشاندەران لە پێشەوەی خۆپیشاندەران بن ، بەڵام لای ئێمە ڕیکخەران خەڵک هەڵئەنێن و ترسنۆکانە وشەرمنانە خۆیان لە پشتی ئۆفیسەکانیانەوە خۆیان مەڵاس داوە تا ئەگەر سەرکەوت ئەبنە خاوەنی ولەدەستی جەماوەری ڕەشوڕتی دەر ئەهێنن کە ئەمە پیشەی هەندێک لە حیزبەکانە ، وئەگەر پشێوی لێکەوتەوە خۆیانی لێبێبەری بکەن ، وەک ئەمانبینی سەدی حەفتا زیاتری خۆپیشاندەران مناڵی خوار تەمەنی 15 و 16 ساڵی و گەنجی بێ ئەزمون بون کە نەیانئەزانی لە کاتە پێویستەکاندا مامەڵە لەگەڵ دۆخی خۆپیشاندانەکەدا بکەن ، بۆیە ئاسان بو خراپ ئاڕاستە بکرێن و کاری خراپیشیان پێ ئەنجام بدرێت .
    لە کاتی گفتوگۆم لەسەر خراپی کاری وێرانکردن و سوتاندنی دامودەسگاکانی حکومەت کە ئەمانە موڵکی میلەتن وموڵکی دەسەڵاتداران نین ،هاوڕێیەکم کە خۆی بە چەپ ئەزانێت پێی وتم کە ئاساییەو لە ساڵی 1905 لە شاری لینینگراد لەسەردەمی لینیندا جەماوەری چەوساوەی ڕاپەڕیو تەنانەت هێڵەکەنی شەمەندەفەریشیان تێکداوە ، ڕاستە بەڵام دواتر هەر لەسەر شانی خۆیان و پارەی ئەو میلەتە دروستکرایەوە ، جگە لەوە بەو هاوڕێیەو هەمو ئەوانەش ئەڵێم کە باوەریان وایە، لە نێوان 1905 و2017 ئەکاتە 117 ساڵ گوایە ئەبێت کەسەکان وەک 117 ساڵ لەمەبەربیر بکەنەوە ؟
    ئەزمونی سۆشیال میدیا زۆر شتمان ئەخاتە پێشچاو ، ناوێری بڵێی فڵان شت هەڵە بوە لە خۆپیشاندانەکاندا سەدان جوێن و قسەی ناشیرینت بۆ دێت لە جەماوەری ئەو حیزبانەو خەڵکانی ناو ئەو خۆپیشاندانەوە ، کە دیارە کەسانی هەرزەو کاڵفامن ،جا ئەگەر ئەمە کلتوری ئەوانەیە کە ئەیانەوێ دەسەڵات بگۆڕن و خۆیان بێنە سەر حوکم ، چیمان بە چیکرد ؟ چ جیاوازیان هەیە لەگەڵ ئەمانەی خەڵک ڕاپێچی بەندیخانەکان ئەکەن و بە دارو کێبڵ لە خەڵک ئەدەن ؟ ئەمەی سەرجادە جارێ دەسەڵاتی نیە وا ئەکات جاوەرە دەسەڵات بگرێتە دەست ، ئەبێ چی لێدەرچێت ؟ ئەم جۆرە پەروەردەیە پێمان ئەڵێت جارێ گۆڕانکاری زۆریتری ئەوێت و لە پێش گۆڕینی سیستم ویاساکاندا ئەبێ ئەقڵیەتی خۆمان بگۆڕین .
    کەسانێک کە بە حساب لەگەڵ خۆپیشانداندان ، بەڵام لە پشتی کۆمیوتەرەکانیانەوە دانیشتون بۆ پەمپدانی خەڵکی و خۆشیان ئامەدەن لە کونێکەوە سەیریان بکەن بەڵام ئامادەنین تێکەڵیان بن و بچنە سەر شەقام ، وەک ئەوەی کە خۆپیشاندان هەر کاری مناڵەورتکەبێت و کاری ئەوان نەبێت ، کە ئەمەش ئەقڵیەتێکی بۆرژوای خۆبەزلزانی دور لە هەستی شۆڕشگێرییە و لە کاتی سەرکەوتنەکان خۆیان بە خاوەنی ئەزانن وکاتی سەرنەکەوتنیش خۆیانی لێبێبەری ئەکەن .

هیوادارم ئەگەر خۆپیشاندانمان کرد بزانین زیرەکانە داوای مافەکانی خۆمان بکەین ،بزانین داوای چی ئەکەین ، بزانین چۆن داوای ئەکەین ، بزانین لە کێی داوا ئەکەین ، بزانین کێن ئەوانەی تێکەڵمان بوون و شانین ناوە بە شانمانەوە .تا ئاڕستەکانمان نەگۆڕێت بۆ بەدیهێنانی خواستی کەسانی تر کە دورن لە خواستەکانی ئێمەوە .


AM:10:19:28/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 4018 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی