بودجەی پایتەختی ڕۆشنبیری

‌بەیار عومەر

٢٠ ملیار دینار بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری تەرخان کراوە، لە ژێر ناوی (بودجەی بنیادنانی ژێرخانی ڕۆشنبیری سلێمانی). بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای چاودێری دارایی لەم پارەیە نزیکەی ١٥ ملیار دیناری لێخەرجکراوە و تەنها ٥ ملیاری ماوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی لە شاری سلێمانی جێبەجێکرابێت کە شایەنی باس بێت.

دەبوایە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە پارێزگای سلێمانی لە جیاتی ئەوەی ئەم ١٥ ملیار دینارە تەخشان و پەخشان بکەن بە ناوی چەند چالاکیەکەوە، ژێرخانی ڕۆشنبیری و هونەریان لە سلێمانی پێدروستبکرایە کە بۆ نەوەکانی ئایندەش دەمایەوە. ئێستاش ٥ ملیارەکەی ماوەتەوە، ئەگەر حکومەت بڕێک پارەی تری بۆ زیادبکات، دەکرێت بەم شێوەیە خەرج بکرێت.

١-دروستکردنی چەند هۆڵێکی شانۆ و سینەما و مۆزەخانە و پێشانگای هونەری تەشکیلی. ئەمانە دەبنە ژێرخانی هونەری و ڕۆشنبیری شاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریش دەتوانێت شانازی بکات کە خزمەتێکی شارەکەی کردوە. 

دەکرێت بەشێک لە کارگەی جگەرەی سلێمانی تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی چەند هۆڵێکی شانۆ و سینەما و کۆنسێرت و مۆزەخانەی تیادروستبکرێت. ئەگەر یەکێک لە تەلارسازە بەناوبانگەکانی جیهان دەستنیشانبکرێت بۆ دیزاینکردنی پرۆژەکە، هەر خزمەت بە بواری ڕۆشنبیری و هونەر ناکات، بەڵکو بواری ئابوری و گەشتیاریش دەبوژێنێتەوە.

لە زانستی تەلارسازیدا دیاردەیەک هەیە پێی دەڵێن کاریگەری بلباو (Bilbao Effect). تەلارسازی بەناوبانگی جیهانی فرانک گێری (Frank Gehry) لە شاری بلباو لە ئیسپانیا مۆزەخانەیەکی دروستکرد، مۆزەخانەکە بوو بە شاکارێکی تەلارسازی، کە وایکرد ساڵانە بە ملیۆنەها گەشتیار ڕوبکەنە شاری بلباو بۆ بینینی مۆزەخانەکە. سەرەنجام کەرتی گەشتوگوزار بوژایەوە و ئابووری بلباو زۆر لە جاران بەهێزتر بوو. 

پرۆژەیەکی هاوشێوەی ئەوەش لە شاری ڤالنسیای (Valencia) ئیسپانی هەیە، بە ناوی شاری هونەر و زانست (The City of Arts and Sciences) کە لەلایەن تەلارسازی بەناوبانگ کاڵاتراڤا (Calatrava) دیزاینکرا کە ئابوری ڤالنسیای بوژانەوە. 

بە هەمان شێوە، تەلارسازی بەناوبانگی عێراقی زەها حەدید (Zaha Hadid) کە ساڵی ٢٠١٦ کۆچی دوایکرد، سەنتەری حەیدەر عەلیێڤ (Heydar Aliyev Center) لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دیزاینکرد، کە ساڵی ٢٠١٢ کرایەوە. سەنتەری حەیدەر عەلیێڤ بریتیە لە هۆڵی کۆنسێرت و ئۆپێرا و کۆنفرانس و مۆزەخانە و پێشانگای شێوەکاری؛ بەهۆی ئەوەی کە شاکارێکی تەلارسازیە، ساڵانە بە سەدەها هەزار گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە ڕوودەکەنە باکۆ بۆ بینینی ئەم شاکارە تەلارسازیە، بەو هۆیەشەوە کەرتی گەشتوگوزار و ئابوری باکۆ بوژاوەتەوە.

دەکرێت ئێمەش بەشێک لە کارگەی جگەرە بۆ پرۆژەیەکی هاوشێوە تەرخان بکەین کە وابکات ساڵانە هەزارەها گەشتیار ڕووبکەنە سلێمانی بۆ بینینی شاکارێکی هونەری و تەلارسازی، کە ئابوری سلێمانی ببوژێنێتەوە.

٢-دەکرێت فەرمانگەی شوێنەواری سلێمانیش گەڕەکێکی وەک سابونکەران بۆ نمونە، جیابکاتەوە و نەهێڵێت بینا کۆنەکانی بڕوخێندرێت و بیناکانی تریشی لەسەر شێوازە کۆنەکەی خۆی نۆژەنبکرێتەوە (Historical Preservation & Rehabilitation) و نەشهێڵدرێت سەیارەی پێداتێپەڕێت و بکرێت بە ناوچەیەکی پیادەڕەو. واتە گەڕەکێکی كه‌له‌پوری و گه‌شتیاری دروستبکرێت. 

ئه‌مه‌ش‌ هه‌م سود به‌ كه‌لتوری سلێمانی و كورده‌واری ده‌گه‌یه‌نێت، و وادەکات نەوەکانی ئێمە زیاتر ئاشنابن بە مێژووی شارەکەیان و جۆرێک لە هەستی متمانە بەخۆبون و شانازی بە کوردبونیان بۆ دروست بێت. هه‌م ده‌بێت به‌ شوێنێكی گه‌شتیاری كه‌ ساڵانه‌ گه‌شتیار له‌ ناوچه‌كانی تری هه‌رێم و عێراق و وڵاتانی دراوسێوه‌ ڕویتێبكه‌ن و جوڵەی ئابوری زیاتر بخاتە شاری سلێمانیەوە. زۆر پرۆژەی لەم شێوەیەش لە دنیادا هەن، وەک بازاڕی وەقیف (Souq Waqif) لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

ئەم پرۆژانەش بەوە دەکرێت کە لامەرکەزیەت بدرێت بە پارێزگاکان و داهات و دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی و چیتر چاولەدەستی پایتەخت و پارتی نەبین سزامان بدات.


AM:10:02:28/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 2184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی