سلێمانی شاری بێخاوەن

‌بەیار عومەر

کارکردن لە شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر بەردەوامە، بەڵام سەرۆکی حکومەت شەقامی ١٠٠ مەتریش بۆ سلێمانی بە زۆر دەزانێت. بە مەرجێک ڕازیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە زۆربەی بڕگەکانی وەک پردەکان و تونێلەکان لێدەربهێنرێت و بودجەکەی کەمبکرێتەوە.

هیچ کام لە نوێنەرەکانی یەکێتی و گۆڕانیش هیچ بەرگریەکی جدی لەم سنورە ناکەن. وەک ئەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان چوبێتن بۆ هەولێر نەک بۆ بەرژەوەندی خەلکی ئەم ناوچەیەی دەنگی پێداون.

ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە سلێمانی شاری بێخاوەنە. یەکێتی و گۆڕان کە دەنگی ئەم شارە بەدەست دەھێنن، لە جیاتی ئەوەی خزمەتی بکەن، شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان زیاتر و زووتر ببن بە پاشکۆی پارتی و ھەندێک پۆستی کارتۆنی بەدەستبھێنن.

لەوانەیە مووچە و نەسریەی ئەو پۆستانە، خاوەن پۆست و چەند خزم و ناسیاوێکیانی خستبێتە خۆشگوزەرانیەوە، بەڵام بۆتە مایەی ماڵوێرانی بۆخەلکی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین.

بەداخەوە یەکێتی و گۆڕان خەبەریان نابێتەوە و غیرەت نایانگرێت بەرگری لەم شارە بکەن. بەڵام دڵنیام ئەم دەنگدانە بێتەوە خەلک خەبەریاندەکاتەوە. چونکە ئەوەی بیەوێت دەنگ بە پارتی بدات ڕاستەوخۆ دەنگی پێدەدات و پێویستی بەوە نیە دەنگ بە لایەنێک بدات و ئەویش بازرگانی پێوەبکات و بیخاتە خزمەت پارتیەوە بۆ بەدەستھێنانی پارە و پۆست. ئەوەشی دژی تەسلیمبون بێت بە ئەجێندای پارتی و بیەوێت خزمەتێکی ئەم سنورە ستەملێکراوە بکات حەتمەن ڕێگەیەکی تر دەدۆزێتەوە.


AM:11:33:31/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 3400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی