پاراستنی پیشەسازی خۆماڵی

‌بەیار عومەر

ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت برەو بە کەرتی پیشەسازی بدەن، لەسەرەتادا کارگە خۆماڵیەکانیان ساوا و لاوازن لە ڕوی سەرمایە و تەکنەلۆجیاوە، بۆیە زەحمەتە بتوانن کێبڕکێی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بکەن. کەواتە ئەرکی حکومەتە بیانپارێزێت تا دەکەونە سەر پێی خۆیان.

حکومەت دەبێت گومرگێكی زۆر بخاتە سەر كاڵای هاورده‌، یان نەهێڵێت لە ڕێژەیەک زیاتر لەو کاڵا بیانیانە بێنە ناو هەرێمەوە بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکان بتوانن کێبڕکێی کاڵا بیانیەکان بکەن.
بەڵام نهێنی سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە پەیوەستە بە دوو خاڵەوە:
١-بڕی ئەو گومرگەی دەخرێتە سەر کاڵای هاوردە.
٢-ماوەی سەپاندنی گومرگەکە.

دەبێت بڕی ئەو گومرگەی دەخرێتە سەر کاڵای هاوردەکراو بە وریاییەوە دیاری بکرێت، واتە تەنها بایی ئەوەندە بێت کە ڕێگە بدات پیشەسازی خۆماڵی گەشەبکات و توانای کێبڕکێ پەیدا بکات لەگەڵ کاڵای بیانیدا، وە هەر کە لە ڕووی سەرمایە و تەکنەلۆجیاوه‌ توانای کێبڕکێی پەیدا کرد لەگەڵ کاڵای بیانیدا و کەوتە سەر پێی خۆی، دەبێت حکومەت بەزووترین کات دەست لە پاراستنی هەڵبگرێت، و ئیتر ناچار بێت نرخ دابەزێنێت و کوالیتی بەرز بکاتەوە بۆ ئەوەی كێبڕکێی کاڵا جیهانییەکانی پێبکرێت. چونکە ئەگەر حکومەت زیاد لە پێویست باج بخاتە سەر کاڵای هاوردەکراو، دەشێت بە خراپ بشکێتەوە.

بۆ نمونە وڵاتی بەڕازیل لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا دەیویست برەو بە پیشەسازی کۆمپیوتەر بدات؛ له‌و پێناوه‌شدا زیاد لە ٧ ساڵ ڕِێگری کرد لە هاوردەکردنی هەر جۆرە کۆمپیوتەرێک بۆ ناوخۆی بەڕازیل. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کارگەکانی دروستکردنی کۆمپیوتەر لە بەڕازیل، نەبونی ڕکابەر وه‌ك هه‌لێك بقۆزنەوە، بۆ ئەوەی کۆمپیوتەری کوالیتی خراپ بە نرخى زۆر گران بفرۆشن، سەرەنجام هاوڵاتی بەڕازیلی زەرەرمەند بوو.

لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەو سیاسەتە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پەیڕەو بکرێت، بۆ نمونە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا كه‌ سیاسەتی پاراستنی پیشەسازی خۆماڵی پەیڕەو کردووە لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە، واته‌ له‌ ساڵی ١٩٧٩ه‌وه‌ تا ئێستا.

ئەمەش گەر بە دیوێکدا ئێرانی کردبیتە خاوەنى چەندین پیشەسازى، ئەوا بە دیوەکەی تردا بە زیان شکاوەتەوە. چونکە بۆ نمونە لە بواری پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا، ئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە باجێکی زۆر زیاد لە پێویست بخاتە سەر ئۆتۆمبێلی غەیرە ئێرانی، بەڵکو بۆ ماوەیەکی زۆر درێژخایه‌نیش کە نزیکەی ٤٠ ساڵە بەردەوامە لەسەری.
ئەمەش گەر بە دیوێکدا ئێرانی کردبێتە خاوەنی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی خۆی، ئەوا بە دیوێکی تردا کارگەکانی ئۆتۆمبێل لە ئێران، لە غیابی منافسێکی جدیدا، لە جیاتی بەرز کردنەوەی کوالیتی و دابەزاندنى نرخ، ئۆتۆمبێلی کەم کوالیتى بە نرخى خەیاڵى دەخەنە بازاڕەوە.

بە کورتی سیاسەتی پاراستنی پیشەسازی خۆماڵی گرنگە، بەڵام بە بڕێکی کەم و بۆ ماوەیەکی کورتخایەن، هەتا ئەو پیشەسازیانه‌ی ده‌مانه‌وێت پێشی بخەین دەکەوێتە سەر پێی خۆی، و ئینجا لێیانبگەڕێین كێبڕکێ لەگەڵ کاڵا جیهانییەکاندا بكه‌ن. واتە كه‌ له‌ ڕوی سه‌رمایه‌ و ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ كارگه‌كانمان پێشكه‌وت و توانی كێبڕكێی كاڵای بیانی بكات، ئیتر گومرگ كه‌مبكه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر كاڵای بیانی، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیا خۆماڵیه‌كان ناچاربن نرخ دابه‌زێنن و كوالیتی به‌رز بكه‌نه‌وه‌.


AM:08:50:23/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 3592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی