كشتوكاڵ و پیشەسازی: ڕێگایەك بەرەو سەربەخۆیی

‌بەیار عومەر

بەهۆی ئەم سیستەمە مەركەزیەوە كشتوكاڵ بە گشتی و دەشتی شارەزور بە تایبەتی كە یەكێكە لە دەشتە هەرە بەپیتەكانی جیهان فەرامۆشكراون، بەڵام لە سایەی سیستەمی لامەركەزی و فیدراڵیدا دەكرێت ببوژێنرێنەوە و بەرهەمی كشتوكاڵی نەك هەر بەشی پێداویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵكو لێشی هەناردە بكەین. ئەمەش ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتی دەخاتە سەر كار و ئاسایشی نیشتیمانیش دەپارێزێت.

هەروەها دەستكراوەترمان ئەكات لە بڕیارە سیاسیە چارەنوسسازەكاندا؛ واتە بۆ نمونە ئەگەر سەربەخۆییمان ڕاگەیاند، بێمنەت ئەبین لە هەڕەشەی دراوسێكان و داخستنی سنور. وەك چۆن گرنگە كە سوپایەكی نیشتیمانی یەكگرتوی پڕچەكمان هەبێت كە بتوانێت بەرگری لە خاكی هەرێمی كوردستان بكات، بە هەمان شێوە گرنگە كە خاوەنی كشتوكاڵ و پیشەسازی خۆماڵی بین و ئەوەندە چاولەدەستی ئێران و توركیا نەبین. بە كورتیەكەی ئابوریەكی نیشتیمانی بەهێز لەپاڵ سوپایەكی یەكگرتوی نیشتیمانی ڕێگەی ڕاستەقینەن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، نەك دروشمبازی و موزایەدەی سیاسی و ڕیفراندۆمی ساختە و فریودەر.

لە سایەی سیستەمی لامەركەزی و فیدرالیدا، ئەكرێت سود لە پارەی پەترۆدۆلار و پەترۆگاز وەربگیرێت بەشێكی بۆ موچە و بەشێكیشی بۆ ڕاكێشانی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریەكانی تر هەم بۆ هاوڵاتیان و هەم بۆ كارگە و كێڵگەكان. بەڵام ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە بەهۆی سیستەمی مەركەزیەوە، كشتوكاڵ و پیشەسازی نەك پەرەیان پێنەدراوە، بەڵكو دژایەتیش كراون.

لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە بۆ ٢٠١٥، نزیكەی ١٣ ملیار دۆلار لە پارێزگای سلێمانی وەبەرهێنان كراوە، لەمە ٨ ملیاری بۆ پیشەسازی بوە، وە لەم ٨ ملیار دۆلارەی پیشەسازیش، زیاد لە ٣ ملیار دۆلاری بۆ كارگەكانی چیمەنتۆ بوە. ئەگەر لەبەر ئەوە نەبوایە كە مەوادە خامەكەی لە پارێزگای سلێمانیدایە، بەرپرسانی زۆنی زەرد ئەو كارگەی چیمەنتۆیانەشیان ئەگواستەوە بۆ سنوری خۆیان. بەڵام كە بۆیان نەكراوە بیگوێزنەوە، بەردەوام لە هەوڵدان بۆ پەكخستنی. بەم جۆرە ئەقلیەتە حیزبۆكراتی و ململانێ ڕوخێنەرەوە چۆن ئابوری بەهێز و دەوڵەت دروست دەكرێن؟!!!

لە كاتێكدا عێراق دۆستی نزیكی ئێرانە، بەڵام حكومەتی عێراق گومرگێكی زۆری خستۆتە سەر چیمەنتۆی ئێرانی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە پیشەسازی ناوخۆیی بكات و هاوڵاتیان ناچار بكات زیاتر چیمەنتۆی عێراقی بكڕن، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا هیچ پارێزگاریەك لە پیشەسازی خۆماڵی نەكراوە و هیچ گومرگێكی ئەوتۆ نەخراوەتە سەر چیمەنتۆی ئێرانی، بۆیە زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان چیمەنتۆی ئێرانی دەكڕن. سەرەنجام كارگەكانی چیمەنتۆش لە پارێزگای سلێمانی ناچار زۆرترین بەرهەمیان بنێرن بۆ باشوری عێراق، چونكە لەوێ حكومەتی عێراقی پارێزگاری لە پیشەسازی خۆماڵی ئەكات و وایكردوە كە چیمەنتۆی عێراقی بتوانێت كێبڕكێی چیمەنتۆی ئێرانی بكات لە نرخ و كوالیتیدا.

حكومەتی هەرێم نەك پارێزگاری لە پیشەسازی خۆماڵی نەكردوە، بەڵكو سزاشی داوە. بۆ نمونە حكومەتی هەرێم كە پارتی زاڵە بەسەریدا، دەزانێت كە پارێزگای سلێمانی هەندێك پیشەسازی هەیە، دەیەوێت پەكیانبخات، بۆیە بەردەوام نرخی ئاو و كارەبایان لەسەر زیاددەكات. هەروەها چیمەنتۆی پارێزگای سلێمانی كە دەچێت بۆ كوردستانی ڕۆژئاوا بۆ ئاوەدانكردنەوە لە پاش جەنگ، وەختێك چیمەنتۆكە بە سنوری زەردا تێپەڕدەبێت، هەندێك جار ڕێگری لێدەكرێت، هەندێك جاریش بەرامبەر بەوەی كە ڕێگەی تێپەڕبونیان پێدەدرێت، سەرانەیان لێدەسەندرێت.   

بۆیە گەر بمانەوێت بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوبنێین و دەوڵەت دروستبكەین، دەبێت سیستەمی لامەركەزی و فیدرالی پەیڕەوبكەین و دەسەڵات و داهات بە شێوەیەكی ئاسۆیی شۆڕبكەینەوە بۆ سەرجەم پارێزگا و شار و شارۆچكەكان، كە ئەمەش وادەكات كێبڕكێیەكی دروستكەر دروستبێت و كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا گەشەبكات. ئەمەش دەبێت بە سەرەتایەك بۆ بنیاتنانی ئابوریەكی نیشتیمانی بەهێز و ئاسایشی خۆراك دابینئەكات، كە پێشمەرجی دروستكردنی دەوڵەت و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیین.


AM:11:09:12/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 4228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی