ناسینەوەی پێشمەرگە، فریشتەکان یان جەنگاوەرە دۆراوەکان

‌لاوک ئەحمەد



بە منداڵی لە رێگای وێنەوە، پاڵەوانە نەتەوەییەکانی خۆمان ناسی، کە سەرگوزشتە و وێنەکان ئاوێزانی یەک دەبوون، ئەفسانەیەک لە مەردایەتی و ئازایەتی و خۆراگری بەرجەستە دەبوون وسەرتاپا بەهای کۆمەڵگە لە رێگەی سروودەکانی ئەوانەوە دەرژانە ناو هۆشی ئێمەوە.

کەسە پاڵەوانەکان سادە بوون، رووخساریان لە ئێمە جیاواز نەبوون، پێویستمان بەوە نەبوو قسەمان بۆ بکەن، حیکایەتەکانی ئەوان هەموو سوچ و پەنایەکی جوگرافیایی ئێمەیان گرتبۆوە، پێشمەرگەکان سەربەستانە خۆیان بە ماڵەکانماندا دەکرد و فریشتانە کچ و خۆشک و دایکی ئێمە بە گوڵ پێشوازیان لێدەکردن و ماچیان دەکردن، ئێمە لە خوێنی ئەوان دوو دڵ نەبووین، لە زمانی ئەوان هەرچەندە لەگەڵیان نەهاتبووینە گۆ دوودڵ نەبووین، ئەوان حەرامی ئێمە نەبوون، ئەوان شکۆی مێژوو و کەرامەتی میللەتێک و ژیانی راستەقینە و کەلتووری ونی ئێمە بوون، پەیوەندی ئێمە و ئەوان عەشقێکی ئەبەدی شاراوە و نەوتراو بوو.

لەگەڵ پێشمەرگەدا هەموو رەهەندەکان و بەهاکان رەها بوون، ئەوپەری بێگەردی بوون، لانی کەم وا تێدەگەیشتین و واچاوەڕوانمان دەکرد. ئەم بەهایانە سەرباری ئەوەی نە نوسراوبوون و تۆمارنەکراوبوون بەڵام وێردی سەر زمانی هەموو منداڵانی وەک ئێمە بوون. ئەوان کە دەهاتنە خەومان، بۆ ئێمە، سبەی دەبوونە سەرچاوەی وزە و خۆرێکی نوێ. ئەو دەمەی کە هەواڵێکی کزمان لە رادیۆیەکی قەدیمی شکاو و ژەنگرتوو گوێ لێدەبوو، مێژوویەکی کپکراو، بە چرپە، دەما و دەمی دەکرد، بە عەزرتەوە بووین لە نزیکەوە ئەو کەسانە ببینین کە لە لای ئێمە مرۆڤی ئاسایی نەبوون؛ ئەوەی سنگی بە بێ قەڵغان، دەداتە بەر گوولە بێ شک مرۆڤی ئاسایی نییە!

ئەو وێنەیە بەرهەمی سەردەمێک و دۆخێک و کەلتوورێکی سیاسی و شۆرشێک و شێوازێکی بەرگری کردنی کۆمەڵگەیەک و جۆرێک لە تێگەیشتنی دونیا بوو، بەداخەوە، کە لە ناکاودا و بێ خۆئامادەکردن و بێ چاوەڕوانی دۆخەکە گۆرا، ئەوندەی کار بۆ پڕکردنەوەی برسێتی و رەش و رووتی و نەبوونی و سڕینەوەی نەهامەتی کرا، ئەوەندە کار بۆ دامەزراندنی یادەوەرییەکی زیندوو نەکرا بۆ راگرتنی کۆی شوناسی بەرزی پێشمەرگە. وێنەکە تا دێت دزری تێدەکەوێت، لەبەر پارچە پارچەبوونیان، خەریکە روخسارەکان ناناسینەوە، لەبەر شەکەتی و گومانی بەردەوام و قەیرانە هەمیشییەکان نە خۆمان دەناسینەوە و نە جیاکاری لە نێوان مێژووی فیداکاری لەلایەک و رەفتارە بەدەکان لە لایەکی تر دەکەین.

کەس، نە وەزارەتی شەهیدان و نە مەکتەبەکانی هۆشیاری پارتە سیاسییەکان، بیریان لە دامەزراندنی پرۆژەیەک کردەوە بۆ ئەوەی یادەوەری پێشمەرگە بپارێزرێت. یادەوەری پێشمەرگە بە هەڵچنینی پەیکەرە سەرەتاییە نارێکەکانەوە نابێت کە ئەرکی تێچوونی لە ئەستۆی خێزانەکانیانی پێشمەرگە خۆیاندا بووە، ئەو پەیکەرانەی کە هەر چۆن باران و رەهێڵە ناوی سییانی پێشمەرگەکان لەگەڵ تێپەرینی وەرزەکاندا کاڵ دەکاتەوە، مێژووی پێشمەرگەش لە گەڵ خۆی رادەماڵێت و دەسڕێتەوە. رۆژێکیان هاوڕێیەکی نزیکم وتی، یادی شەهیدی دکتۆری برام بوو بەڵام دایکی شەهید بانگ نەکرابوو، کێ هەڵەی لەو جۆرە دەکات، شەهیدێکی پێشمەرگەی راستەقیینە لە گۆرەکەشیدا هەتیوو بکات.

یادەوەری پێشمەرگە وەک تەنیا میراتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری کۆمەڵگە ناپارێزرێت بە هانا بردن بۆیان لەو کاتانەی پێویستان بە ئازایەتی ئەوان هەیە بۆ ئەوەی کۆمەکتان بکەن لە هەڵبژاردن و خڕکردنەوەی خەڵک بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان، لە مەرگ و مردنیانیشدا واز لە شەهیدی پیشمەرگە ناهێنن! پاراستنی یادەوەری پێشمەرگە بە پرۆژەی نوسینەوە و پرسیارکردن لە مێژوویەک هەڵە و لێپێچنینەوە لە خود و رۆچوونە ناو ئەو پانتاییە تاریک و شاراوانە دەبێت کە ئەوسا لە پێناوی بەردەوامی شۆرش و شاردنەوەی بڕیارە ناشرینەکانی کەسانی ناو شۆرش فەرامۆش کرا، نەوەک تێکەڵکردنیان لەگەڵ فیداکاری پێشمەرگە. دەیڵێمەوە، دەبوایە هەر لە سەرەتاوە جیاکارییەک لە نێوان بەهاکانی فیداکاری و رەفتارە بەدەکانی شۆرشدا هەبوایە تا دواتر ئەو کەسانەی لە ئەرک و بەرپرسیارێتیدا دەمێننەوە بتوانن ئەرکە سەختەکە کە بەرێوەبەردنی نیشتمانە بە ئەمانەتەوە سەربخەن.

کە تۆ نەتوانیت دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی یادەوەری و راگرتنی بەهای پێشمەرگە دامەزرێنیت بۆ ئەوەی رێ لە بەراوردە بێ ویژدانەکانی هەندێ خەڵک بگریت، کە تۆ بابەتیانە کارنەکەیت بۆ بژارکردنی مێژووی خۆت، ئەو هەر ئەوەندەی بۆ دەمێنێتەوە کە رووداو و کارەساتەکانی ئێستا یەکسان بکات بە ئەوسا، بێ ئەوەی توانی هەبێت رووداوەکان بخاتە رەوتی خۆیانەوە.

بێ ویژدانییە وا تێبگەیت شکۆی پێشمەرگە کۆمەکت دەکات بۆ راگرتنی هاوکێشەی پارتی سیاسی ئەو کاتەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆت دەخوازێت. شکۆی میللەتێک کە پێشمەرگەیە دەبێت دروشمە سیاسییەکان تێپەرێنێت و ببێتە کەلتوورێکی چەسپاو بۆ ئەوەی کەسی سیاسی بۆ مەرامی خۆی و مانەوەی خۆی بەکاریان نەهێنێت. کوا ئەو پەرلەمانەی کە کار بۆ پاراستنی شکۆی پێشمەرگە و خێزانەکانی دەکات و رێ لە سیاسی دەگرێت گەمە بە تارمایی شەهیدێکی پێشمەرگ نەکات؟ کوا ئەو دامودەزگایانەی کە سەرپەرشتی کۆمەڵایەتی و دارای شیاو و رەوا بە خێزانەکانی پێشمەرگە دەبەخشێت؟ کێ دەتوانێت چەمکێکی نیشتمانی فراوان بە پێشمەرگە ببەخشێت بۆ پەرینەوە لە پێشمەرگەی پارتی سیاسییەوە بۆ پێشمەرگەی نیشتمانێک، بۆ بەرجەستەکردنی مێژووی فیداکاری.

شکۆی پێشمەرگە کاتێ پارێزراوە کە لە هاتنەوەی لە بەرەکانی جەنگەوە، لە شارەکاندا، ئەوەش ئەگەر بتوانیت، شوفێری نەکات بۆ ئەوەی کەرامەتی خۆی و منداڵ و خێزانەکەی بپارێزیت، ئەو کاتە پارێزراوە کە جانتاکانی منداڵەکانی پێشمەرگە بە پینەو پەرۆ دروست نەکرابێت. شکۆی پێشمەرگە بەوە دەپارێزرێت کە موچەکانیان لە سەرمایەی نیشتمانی خۆیان، لە نەوت و بازرگانی و چیمەنتۆ و پرۆژەکانی دیکە بۆ دابین بکەن نەوەک بە پشبەستن بە هێزەکانی دەرەوە و پارەی بەغدا بۆ دابینکردنی موچەیەکی کورت.

پێشمەرگەی شەهید مۆزەخانەیەکی مردوو نییە، میرات و یادەوەریی نەتەوەیەکە


PM:05:03:02/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی