ئەوان وریاتر نیـن، ئێوە نەزان بوون

‌ سامانی وەستا بەکر

دەسەڵات زیرەک نیە، ئەوە ئێوە گومڕاو پەککەوتەبوون و بە نەزانـی خۆتان میللەتیشتان گەیاندە شاڕێی مەرگ.

کاتـێ کە گوێ لە پارتە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەگری بە تایبەتـی دوای ھەر ھەڵبـژاردنێک وێنەیەک لا دروست ئەکەن کە تۆ مێلورەیت وئەچـی بەگـژ قولەی قــافــا

.

ئەم حیـزبە ئۆپۆزسیۆنانە بەجۆرێک دەستەمۆی واقیعێکـی سەپاوو سەپێنـراوو بوون کە ھیچ تروسکاییەک لە پەیام و لێدوانە تەنانەت ھەڕەشە ئامێزەکانیشیان نابینـی کە ئەوەش بۆتە بێ ھیواکردنـی شەقامـی کوردی باشورو کۆی ئەو خەڵکەی چاوی لە چاکسازی و دەستاو دەستکردنـی دەسەڵات وگۆڕانکارییە.

ئێوە لەبری ھاتوو ھاواری دوای ھەرھەڵبـژاردنێک کە تەزویرو دزی و گزیتان لێئەکرێ باشتـر وایە بۆ خۆتان و بۆ میللەتیش کە چاونەترسانە بێنە پێشەوە و دان بە شکستـی خۆتانا بنێـن و ئەنجامـی ھەڵبژاردنەکان گیـرا "قبوڵ" بکەن.

ئاخـر شکست ھەر شکستە و داتاشیـن و پاساو لە ئازارەکەی کەم ناکاتەوە. مەگەر ئێوە پێش ھەڵبژاردن %١٠٠ دڵنیانین کە گزی و دزی و تەزویرتان لێئەکرێ؟ بەڵام ناڕاست ڕوو ئەکەنە خەڵکـی ئەڵێـن ئەمجارەیان تەزویر ناکرێ، ئەمەش گاڵتەکردنە بە ھەستـی خەڵکـی ئەم کارەشتان ھێندەی تەزویرو ستەمـی دەسەڵات خراپە چونکە ئەوان نائومێدی ئەچێنـن و ئێوەش ھیوا ئەکوژن

.

کاتـێ ھەر لەسەرو بەندی کاتـی دەنگدان و دوای ھەڵبـژادنەکانەوە ڕاستەوخۆ ھاوارتان لێبەرز ئەبێتەوە کە گزی و دزی و تەزویرتان لێکراوە، ھەر ئەوە بەتەنھا خۆی شکست و دۆڕانە بەڵام ھێندە ئازانین دان بە دۆڕانا بنێـن.

ئێوە کە پێش ھەڵبـژاردن دڵنیان کە ئامادەکاری تەواو بۆ تەزویکردن کراوە ئیتـر لە پـای چـی بەشداری پرۆسەکە ئەکەن! مەگەر بۆ شەرعیدان بە پرۆسەکەبـێ؟ وەڵام لای خۆتانە

.

وا بیـر مەکەنەوە کە شەقامـی ناڕازی و ئەو خەڵکەی ئومێدی گۆڕانکاری بە بەرۆکـی ھەڵبـژاردنا ھەڵواسیووە متمانەی بە حوکمڕانی ھەرێم بۆ گەڕاتەوە بەڵکو کەمکردنـی دەنگەکانـی ئێوە وەڵامێکـی ڕاستەوخۆی شەقامە کە ھیچ ئومێدێک لە ئێوەیا شک نابەن.

ئەو خەڵکەی کە بەشداری ھەڵبژاردنی نەکردووە کە نیوەی کۆی دەنگدەری ھەرێمە بەپێـی ئەو ژمارانەی کۆمسیۆن باڵای "سەربەخۆی" ھەڵبـژاردنەکان بڵاوی کردۆتەوە کە ئەگەر دەنگـی دووبارەو تەزویری لێدەربێنـی ڕێژەیەی ژمارەی بەشداری زۆر لەوەش کەمتـرە، ئەوە وەڵامێکە بۆ ئۆپۆزسیۆن کە ئێوە ناتوانن بەدیلبن و بەڵکو ناشتوانـن نوێنەری دەنگە ناڕازیەکانیشبـن بۆیە دانیشتـنیان لەماڵەوە لە نوزەی ئۆپۆزسیۆ بەلاوە باشتـرە

.

ئەو ژمارەی زۆرەی کە بەشداری ھەڵبژاردنـی نەکرد پەیامێکـی دوو سەری شەقام و دەنگـی ناڕازیبوو کە بە ئۆپۆزسیۆنیان ووت پێشتـر نوێنەرایەتیەکـی لاوازی دەنگەکانـی ئێمە بوون بۆیە چیتـر ئێوە ناتوانـن نوێنەری ئێمەبن، ھەروەک چۆن بە دەسەڵات و کۆی تەماشاکەران و بەئاگایانـی ناوەو دەرەوەیان ووت ئێمە زۆرینەین، ئێوەی دەسەڵات چەند ژمارەی کورسییەکانیشتان زایدبکات ھەر دۆڕاوون و ئێمە زۆرینەو ئێمە براوەین بەجۆرێک کۆی تەماشاکەران و بە ئاگایانـی ناوەو دەرەوە باش لەو پەیامە گەشتـن کەچیتـر ھیچ کوتلەیەکـی پەرلەمانـی بە تەنیا و ھەمووشیان پێکەوە ناتوانن نوێنەری زۆرینەی خەڵکبن چونکە زۆرینە لە ماڵەوە دانیشتوەو متمانەی بە کەس نەداوە تا نوێنەرایەتـی بکات

.

پرسیارە جەوھەرییەکە لە کۆی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەوەیە ئایا ئێوە بۆ نوێژەئەکەن کە ڕووتان لە قیبلە نیە؟ بۆ ئۆپۆزسیۆنن کە گۆڕانکارییتان پێناکرێ؟ بۆ باسـی گۆڕانکاری ئەکەن کە بە نیازنین بیکەن؟ ئەی بۆ ئەبن بە ڕێبەر و بە ڕابەر کە ڕیگاکەش ناناسن و شارەزانیـن؟

لە پرۆسەیەکی (دیموکراسیا) ئەگەر بەشێکـی زۆری دەنگەکانیش لەدەستبدەی سانا و ئاساییە چونکە ئاکاری دیموکراسـی بوون و سیامـی ناسـراوی ئەو پرۆسەیە ئەوەیە کە دەنگەکان کەم و زیادئەکەن لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری و چاکسازی و حوکمڕانـییەکـی دادپەروەو...ھتد بەواتایەکـیتر باشتـرینەکان زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆیان مسۆگەر ئەکەن و خراپترەکان دەنگ کەمتـر ئەھێنن. بەپـێی ئەم ھاوکێشەیە ئێوەی ھێـزە  ئۆپۆزسیۆنەکانـی ھەرێم کاتـێ کە دەنگەکانتان کەم ئەکات ئەوە ئەگەیەنـێ کە ئێوە دەنگەکانتان بەرامبەر خراپـی نوێنەرایەتیـی کردنـی خەڵکـی ناڕازی لە دەسەڵات کەمـی کردووە ئەوەش ئەوە ئەگەیەنـێ کە ئێوە لە تای تەرازوی دەنگدەرانـی بەشداردا  لە دەسەڵاتـێ حوکمڕانـی ھەرێم خراپتر بوون و لە تای تەرازووی ئەوانەی بەشداری دەنگدانیشیان نەکرد "کە زۆرینەی کۆی دەنگدەری ھەرێمن" ئێوە بەدیلێکـی باشتـر نەبوون لە دەسەڵات.

ھەڵبژاردن یەکێکە لە ڕێگاکانی گۆڕانکاری و جوانترین داھێنانی مرۆڤیشە بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی دەستاودەست کردنی دەسەڵات کەچـی ئێوە ھەر ئەڵێـن ئەوان ھێزی چەکداریان ھەیە، خۆ ئەگەر ئەو بەھانەیەی ئێوە بکەین بە پێوەر ئەوا بۆ سەد ساڵـی داھاتووش ھەر ئێوە دۆڕاو ھەر ئەوان براوە ئەبن چونکە ئەوان ھیچ نیەتێکیان لێنابینرێ دەستبەرداری ھێزی چەکداربن و بگـرە زۆر بە ڕوونـی ئەشڵێن ئەگەر یەک کورسیش بێنین ھەر لە دەسەڵاتا ئەبیـن چونکە ھێزی چەکدارمان ھەیە، کەواتە ئــــایــــــا بیرتان لەڕێگە چارەیەکـیتر کردۆتەوە بۆ گۆڕانکاری؟

 ھەڵبەتە ئەوەش لەبەرچاو ئەگیـرێ کە حیـزبە ئۆپۆزسیۆنەکان حیزبـی دەنگدەرن و ئەو دەنگانەی کە ئەیھێنـن واقیعین و ھـینـی خۆیانە و تەزویرو گزی و دزی تیانەکراوە کە ئەمەش خۆی لە خۆییا زۆر گرنگە بۆ ھێشتنەوەی پرۆسەی بە دیموکراسـی بوون بەزیندووی. سـروشتی ھەڵبژاردنیش وایە ھیچ حیزبێک بۆ ھەمیشە لە پێشەوە نابێ و خەڵک بیروبڕوای ئەگۆڕێ و دەنگ ئەدا بە حیزبێکیتر تا خزمەتی باشتری بکا بەڵام ئەوەی ناسـروشتیە لە ٢٧ ساڵا ھەمیشە ھەر دوو حیزب براوەبن! خۆ ئەگەر کەسێکی غەیرە کورد لە دوورە تەماشاکەربێ دوورنیە بڵێ ئەم میلەتە بە زگماک کێشەی بیرکردنەوەیان ھەیە یان ھەستیان سـڕە!

ئێستای واقیعـی ھەرێم ئەوەمان پێئەڵـێ کە ھێزێکـی ناڕازی زۆرو بێزار ھەم لە دەسەڵات و ھەم  لە ئۆپۆزسیۆن زویـر بوونـی ھەیە کە ئەگەر بەوشیاری مامەڵەی لەگەڵابکرێ خامەیەکـی ئامادەیە بۆ بەکارھێنان و ھەوێنـی گۆڕانکاریشە، خۆ ئەگەر بە بەرنامە ڕێکخرێن و ڕێنوێنـی ڕابەرایەتـی بکرێن ئەوا بۆ ھەڵبژاردنـی داھاتوو دەنگـی زۆرینەن بۆیە ئاشکردنەوەیان لەگەڵ ھەڵبژاردن و گەڕانەوەی ئومێدی گۆڕانکاری لەڕێـی ئەو پرۆسەیەوە بۆیان کاری ھەموو حیـزب و ڕێکخـراو قەڵەم بەدەستێکە.

گرنگە ئەزموونـی ژیان ئەوەی فێری کردبیـن کە ھەمیشە دوا ھەنگاوەکانـی کۆتایـی قورسترینن بۆ سەرکەوتن بەرەو لوتکە، ھەنگاوەکانی سەرتاش تیـژو خێـران بەڵام چەند ھەنگاوی کۆتایـی قورستـرینە. ھەرکەسێکیش پێش گەشتـن بڕیاربات سەرەوخوار بگەڕێتە دواوە ئەگەر ملـی نەشکـێ زۆر ماندوو دەست بەتاڵیش خل ئەبێتەوە و دوو ھێندەش ماندووبوونـی پێئەبڕێ، ھەربۆیە مرۆڤە ھۆشیارەکان لە توڕەییا دان بەخۆدا ئەگرن و لە بڕیاردانیش چەند جارێک بیـر ئەکەنەوە.

کەوتن بەھەستانەوە دەست پێئەکات، ھەموو کەوتنێک سەرەتایـی سەرکەوتنێکـی نوێیە و نشوست بە قاچ گیرکردن لە زەوی دەستپێئەکاتەوەو سەرەتایـی یەکەم ھەنگاوە بۆ دەستپێکردنەوە و ڕۆشتـن بەرەو ئامانج


PM:02:36:28/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 3682 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی