شێوازی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا

‌شۆڕش حاجی

گۆڕان داوای چی دەکات‌و پارتی‌و یەکێتی چی دەکەن ( ئەڵقەی٤ )


گەلی کورد لە کوردستانی باشور لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولەوە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجەکانی لەرێی گفتوگۆوە لەگەڵ حکومەتی عیراق بەدیبهێنێت‌. هۆکاری سەرەکی ئەمەش کورتبینی‌و عەقڵیەتی تەسکی حیزبایەتی‌و نەشارەزایی بەرپرسانی کورد بوە لە هونەری گفتوگۆو دانوستاندا. لە دوای راپەڕینی ١٩٩١ ەوە تاکو ئێستا، دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی بە تەنیا یان بەیەکەوە، بە پچڕ پچڕ یاخود بە بەردەوام لە گفتوگۆدا بوون لەگەڵ حکومەتی بەغدا. بەڵام لە هیچکام لەو گفتوگۆیانە سەرکەوتو نەبون‌و بە کەمترین دەسکەوت‌ بۆ گەلەکەمان یاخود بە مایەپوچ دەرچون. بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆ بە یەکێک لە کاریگەرترین ئامرازەکانی گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلەکەمان دەزانێت.

• ئێمە داوا دەکەین گفتوگۆی کورد لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆی حیزبییەوە بگۆڕدرێن بۆ گفتوگۆی دامەزراوەیی‌و نیشتمانی. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا لەسەر ئاستی حیزبی ئەنجامداوەو زۆر جار فێڵیان لە یەکتر کردوەو لە ناو حیزبەکانی خۆشیاندا شاندی گفتوگۆو داواکارییەکانیان لە ئەڵقەیەکی بچوکی بنەماڵەدا هێشتۆتەوەو بەبێی سەرکردایەتی حیزبەکانیان گفتوگۆیان کردوە.

• ئێمە داوا دەکەین دامەزراوەیەکی هەمیشەیی پسپۆڕو تایبەت بە پرسی گفتوگۆ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دابمەزرێت‌و داواکارییەکانی شاندی گفتوگۆ داخوازی نەتەوەیی‌و نیشتمانی بن‌. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی لە پشتی پەرلەمانەوە هەر جارەی شاندێک‌و هەر رۆژەی کەسێکی حیزبی دەنێرنە بەغداو لەبری پێشکەشکردنی داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان خەریکی چنینەوەی دەسکەوتی کەسیی‌و حیزبین.

• ئێمە داوا دەکەین سەرکردایەتی سیاسی کورد کاتو ساتی گونجاو بۆ گفتوگۆکردن هەڵبژێرێ‌و لە کاتی بەهێزی کوردو بێهێزی بەرامبەرەکانمان مەرج‌و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانیان بەسەردا بسەپێننن. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی کاتێک دەست بە گفتوگۆ دەکەن کە گەلەکەمان توشی شکست دێت‌و بەرامبەرەکەمان سەرکەوتوو بەهێز دەبێتەوە. بەڵام کاتێک بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی کوردەو بەرامبەرەکەمان بێهێزە، ئەمان سەرکێش‌و مەغرور دەبن‌و گفتوگۆ رەتدەکەنەوە.

• ئێمە داوا دەکەین داواکارییەکانی کوردو بەندەکانی هەر رێکەوتنێک خاڵبەندی بکرێن‌و، بۆ هەر داواکارییەک میکانیزمی جێبەجێکردن‌و کاتی دیاریکراو‌ بۆ جێبەجێکردنیان دەسنیشان بکرێت. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی کار بەو پرەنسیپانە ناکەن‌و بە قسەو بەڵێنی شەفەیی‌ فریو دەخۆن‌و چارەنوسی گفتوگۆو رێکەوتنەکان دەدەنە دەست قەدەر‌.

• ئێمە داوا دەکەین هێزێکی جیهانی یان رێکخراوێکی نێودەوڵەتی نێوەندگیری یان چاودێری گفتوگۆکانی نێوان کوردو بەغدا بکات تاکو زەمانەتی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکان بکەن. لە بەرامبەردا دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی نەک ئەو داوایە ناکەن بەڵکو ئەگەر هەوڵێکی لەو شێوەیەش هەبێ رەتیدەکەنەوە. داوای ئەم دواییەی ئەمریکاو ئەوروپاو نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ نێوەندگیری لە نێوان بەغداو هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و رەتکردنەوەی ئەم داوایە لەلایەن دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتییەوە باشترین بەڵگەی نەزانی‌و بێباکی‌و شکستی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەیە.

هەڵوێست‌و رەفتاری دەسەڵاتدارانی پارتی‌و یەکێتی لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ حکومەتی عیراق ئەو پەندە دەسەلمێنێ، کە دەڵێ ئەوەی کورد لەشەڕ بەدەستی دێنێ‌و ئەو هەلە زێڕینانەی قەدەر بۆی دێنێتە پێش، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەدەستی دەدات.


PM:07:15:25/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 2888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی