ئەوەی بە كەوچك كۆ كرابۆوە!

‌رێبوار كەریم وەلی

وتاری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا. ئەگەرچی شتێكی تازەی تێدا نەبوو، بەڵام ئەویش ٢٧ ملیار دۆلاری وەك قەرز ھەم لەسەر حكومەتی ھەرێم و ھەم لەسەر پارتی كردە ماڵ؛ دەرھاوێشتەی"چەوتییەكانی" كابینەكانی پێشوو بووە.

جارێ ئەو ٢٧ ملیارە ھەمووی قەرز نییە. بەشێكی ئیلتیزامی حكومەتە بەرامبەر مووچەخۆر، سەرمایەدار و بانكی ناوخۆیی كە خۆی لە نزیكەی ١٥ ملیار دۆلار دەدات و، كابینەی ٩ كە بە بەڵێنی گێڕاندنەوەی مووچەی پاشەكەوتكراو ھات، دەیتوانی ١٢ ملیار لەو ئیلتیزامە وەكو چێكی بانك بداتە مووچەخۆر و فەرمانبەران تا ئەوانیش ئەو پارەیە بۆ كارەبا، ئاو و خەرجیی دیكە بەكار بێنن. بۆ نەیانكرد؟

قەرزداری بانكەكان و سەرمایەدارانن؟ لەبری ئەوە زەوییان پێبدەن، لەباج و رسومات بیانبەخشن.

*
مەسەلەكە تەنھا پارە و موچە نییە. كابینەی ھەشتەمیش لەسەر لێواری ئیفلاس بوو، خەڵك لەسەر جادە بوو(نەدەگیران)، بایكۆتی خوێندنیان دەكرد مامۆستایان، بەڵام ئەوكات"ئومێدێك" ھەبوو. ئێستا نە ئەو ئومێدە ماوە و نەپارە.
*
دوای ریفراندۆم و ١٦ ئۆكتۆبەر، كوردستان كەوتە دۆخێكەوە كە كەس حەسودی پێ نەدەبرد.كەس ئامادە نەبوو وەڵامی تەلەفۆنێكیش بداتەوە. ھەموو دەستەكەوتە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابورییەكان لە چاوترووكانێكدا بوونە بڵقی سەرئاو. كەس نەیبیست ئەو ٣٣ دەوڵەتەی كە ئامادە بوون دەستبەجێ دان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێن، چییان لێ ھات؟ سوپای داگیری شیعەش نەك بستێك، بگرە نیوەی كوردستانی داگیر كرد! ئەو رۆژە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، بەسەر وێرانەیەك كە بەرھەمی سەركێشییەكان بوو، خەریكی سڕینەوەی جێ پێی ئەو بلدۆزەرە بوون كە ھەموو شتێكی راماڵی بوو.

*
جێی سەرسوڕمانە كە سەرۆكی حكومەت وەك كەسێك قسە دەكات كە ھەست دەكەی ئەو و ستافەكەی دوور و نزیك پەیوەندییان بە دوو دەیە لە حوكمڕانیی كوردستانەوە نەبووبێت! دەربڕینەكانی ئەو بە ئاراستەی چاكسازی لە بەڕێوەبردندا، دڵخۆشكەر نین؛ مێتۆدەكە راست نییە. ئەگەر قەرار بێت ھەرچی رووی داوە و روو دەدات ئۆباڵەكەی بخرێتە سەر ئەوانەی رابردوو، چ پێویستی دەكرد سەرۆكی حكومەت خۆی بخاتە ژێر ئەو ھەموو گوشارەوە؟ ھا ئەگەر مەسەلە رزگاركردنی پارتی بێت، كەواتا پارتی بەو ئیدارە خراپەی كابینەكانی پێشوو، نەدەبوایە كورسییەكانی زیاد بكات! لەگەڵ مەنتیقدا ناگونجێ حوكمڕانیی پارتی ھێندە خراپ بووبێت، بەڵام پارتی براوەی ھەڵبژاردن بووبێ!

*
ئەوە قەت دیفاع كردن نییە لە نێچیرڤان بارزانی، بەڵام ھەقیقەتێك ھەیە ئەویش ئەوەیە كە بە ھەموو كەموكوڕییەكانی لە ئیدارەدا، ھەمیشە زامنی پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سیاسی بووە. ئەو ئاشتییەش ئێستا لەبەردەمی ئەوە دایە بە نووكە شۆفڵێك رابماڵدرێت.

*
بەڵێنی سەرۆكی حكومەت بەوەی كە لە بەرەی خەڵكدا دەبێت، سەنگی مەحەكەكەی ئەوەیە كە خەڵك لەژێر زەڕەبینی ئەمنی و حوكمی پێشوەختە دەربێن تا بڕوایان بە حكومەت و سیاسەتەكانی ھەبێت.


AM:12:31:24/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 4660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی