‌بە سلێمانی كردنی دهۆك
AM:11:41:19/05/2020
رێبوار كەریم وەلی

خۆپیشاندانی مامۆستایان بە پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆن و بەتایبەتیش یەكگرتووی ئیسلامی لە دهۆك و هەندێك ناوچەی دیكە بادینان، میلادە؛ ئەوە یەكەمجارە لە كوردستاندا، ناڕەزایەتی بەرامبەر حكومەت لە سلێمانییەوە سەر هەڵنادات و لە دهۆك كە سێ لەسەر چواری دەنگدەرانی هی حزبی حاكمن دێنە سەر جادە.

*لێدوانەكانی پارێزگاری دهۆك جێگەی سەرسوڕمان بوون؛ خۆپێشاندان و پشتگیریكردنی حزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی لە خۆپێشاندەران وەكو تاوانێك وێنا كرد! پێدەچوو یاسای خۆپێشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی نەخوێندبێتەوە كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە و بەتایبەتیش ئەو بڕگەیەی كە پەیوەستە بە مۆڵەتدان. ئینجا ئەگەر كوردستان لە باری نائاساییدا بووایە، هەموو تەبریرەكان قەبوڵ بوون، بەڵام مادام پەرلەمان كار دەكات و كۆدەبێتەوە كەواتا هەموو شتێك ئاساییە!َ

*ئەگەر جاران سلێمانی پاژنەی ئاشیلی یەكێتی بووبێت، ئەمجارە دهۆكیش پاژنەی ئاشیلی پارتییە، بە تایبەتیش كە پارتی دوای لافاوەكەی ئەمساڵ هەڵوێستی خەڵكی زاخۆشی دیت كە ئامادە نەبوون تەنانەت هاوكاریی مرۆییش وەرگرن! گووتیان سەدەقەمان ناوێ...

*سەیر لەوەدایە كە قەت پارتی بەو هەموو نفوز و رابردووەی لە سلێمانی نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی بەرەیەكی ناڕازی لەو دەڤەرە، كەچی یەكێتی دەتوانێ لە بادینان ئەوە بكات، كەواتا قەڵاكە مەحكەم نییە. وەك چۆن هەموو سۆرانییەك یەكێتی نییە، مانای وایە هەموو بادینییەكیش پارتی نییە.

*بە دەست خۆت نییە نوكتەی كابرای ئەمریكی و رووست بیر دەكەوێتەوە؛ ئەمریكی: ئێمە ئەوەندە ئازادین لەبەردەم كۆشكی سپی قسە بە سەرۆكی خۆمان دەڵێین، رووس: ئێمەش ئەوەندە ئازادین لەبەردەمی كرێملن جنێو بەسەرۆكی ئەمریكا دەدەین! حەوت مانگە پشتیوانی لە خۆپێشاندانەكانی بەغدا دەكەین و ئیدانەی هێزە ئەمنییەكان دەكەین. فارس جوانیان گووتووە:"مریشكی دراوسێ قازە!"



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.