‌وەی لەو نیەتپاكییە!
PM:03:41:17/06/2019
رێبوار كەریم وەلی


(1)

لە نێوان 28ی مایس (رۆژی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان) و رۆژی 10ی حوزەیران (رۆژی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان) هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە داواكارییەكانی یەكێتیدا نەهات. 

تەنانەت ئەگەر چەند رۆژێك پێش دەنگدانەكە پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی زۆر باڵاش كۆبوونەوەیان هەبووبێ، لەو 12 رۆژەی نێوان ئەو دوو بۆنەیەدا داواكارییەكانی یەكێتی بۆ كۆبوونەوە لەلایەن پارتییەوە رەتكرانەوە، بەڵام تەلەفۆنێكی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆككۆمار و بانگهێشتكردنی بۆ مەراسیمی سوێندخواردنەكە، هەموو شتێكی گۆڕی. ئەوەش دەریخست كە ئەو هەموو مانگەی یەكێتی خۆی دەهێنا و دەبرد و دەستی دەستیی بە پڕۆسەكە دەكرد، كوێی هێشاوە!

دەرهێنانی مەرجی داننان بە سەرۆككۆمار لە پڕۆسەی دانوستاندنەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، وایكرد سەرۆككۆماریش هەموو قورسایی خۆی بخاتەگەڕ و ئاراستەی پڕۆسەكە بەو ئاقارەدا ببات كە خۆی لە كۆتاییدا وەكو چەقی بڕیاردان دەربكەوێتەوە. ئەگەر یەكێتی تا پێش سوێندخواردنەكە لەژێر كاریگەریی سەرۆككۆماردا بە بیانووی جۆربەجۆر بایكۆتی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بە سەرۆكی هەرێمیان كردبێ، ئەمجارەیان سەرباری هەموو گوشارە ناوخۆییەكان، هەر دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆككۆمار بڕیاری خۆی دا كە بەشداریی مەراسیمەكە دەكات و تەنانەت لە دەرەوەی مەكتەبی سیاسیش، فراكسیۆنی یەكێتی ئاگادار كردبووەوە كە دەبێ ئەوانیش بەشدار بن!

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا سەبارەت بە بەشدارییان لە مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا گوتی "بۆ نیشاندانی نیەتپاكی" بەشدار بوونە و دیارە ئەو نیەتپاكییەیان رۆژی دواتریش كە سەرۆكی حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ پێكهێنانی كابینە ناوزەد كرا، هەر بەردەوام بوو! راستییەكەی ئەوە كاتێك "نیشاندانی نیەتپاكی" بوو كە فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێمیان نەكردبایە، چونكە بەپێی هەر دوو رێككەوتنەكە، لێرە بەدواوە ئیتر ئەگەر یەكێتی بیەوێ لە حكومەتدا بەشدار بێت، ناچارە بەشداریی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكات و دەنگیش بە كاندیدەكانی پارتی و گۆڕان بدات، ئەگەرنا هیچ كاندیدێكیان بە دەنگدان لە پەرلەمان دەرناچێت.

ئەگەر لە رۆژی یەكەمەوە پارتی دەرگاكانی بەسەر سەرۆككۆماردا دانەخستبایە، نە ئەو پڕۆسەیە دەگەیشتە ئێرە و نە كەسیش پێویستی بە "نیشاندانی نیەتپاكی" دەبوو.

دابەشكردنی كەركووك یان پارێزگاری كورد؟
(2)
مەسەلەی پارێزگاری كەركووك پێش ئەوەی كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی، یان كێشەی كورد و نەتەوەكانی دیكەی وەكو عارەب و توركمان بێت، كێشەی ناوخۆی یەكێتییە. چونكە تا 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك لەلایەن كەسێكەوە بەڕێوە دەبرا كە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بووە و مام جەلال لە دەرەوەڕا هێنابووی. بەڵام بەشێكی یەكێتی بە هەموو هێزییەوە ئیشی بۆ لادانی ئەو پیاوە دەكرد و لە 16ی ئۆكتۆبەریشدا كردیانە واقیع و لایانبرد.

لە پڕۆسەی دانوستاندنەكانی نێوان پارتی و یەكێتیدا، یەكێتی مەسەلەی دانانی پارێزگارێكی یەكێتیی بۆ كەركووك كردە كراسەكەی عوسمان، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە داواكارییەكی جەوهەری نەبوو، چونكە ئێستا مەكتەب سیاسییە كەركووكییەكان دەبێ باش لەوە تێگەیشتبن كە لەو پڕۆسەیەدا بۆ مەرامێكی دیكە بەكارهێنراون و خۆشیان باش دەزانن. دانانی پارێزگارێكی كورد و ئەویش یەكێتی بۆ كەركووك هێندە ئاسان نییە، یەكێتی هەر لە رۆژی یەكەمەوە ئەوە دەزانێت و زۆریش هەوڵی بۆ داوە، بەڵام كە نائومێد بووە، كردوویەتیە بیانوویەك لە بەرامبەر پارتیدا.

ئێستا ئەگەر پارتی و یەكێتی لە خەمی كەركووكدان و دەیانەوێ بەر بە تەعریب بگرن، دەبێ بە دوای چارەسەرێكی دیكەدا بگەڕێن. دوای 14 ساڵ لە نووسینەوەی دەستوور، دەركەوت ماددەی 140 فەشەلی هێناوە و سەرۆك بارزانیش چەندینجار ئەوەی دووپات كردووەتەوە. كەواتا رەنگبێ ئەو چارەسەرەی مام جەلال پێشنیازی كرد كە كەركووك وەكو برۆكسەلی لێ بكرێت (دابەش بكرێت بەسەر سێ ناوچەی نەتەوەیی) و لە چوارچێوەی سیستەمێكی فیدراڵدا خۆیان بەڕێوە ببەن، رەنگبێ باشترین چارەسەر بێت. 

هەڵبژاردنەكان لەناوخۆی نەتەوەكاندا بكرێت و شارەكەش بەپێی جوگرافیای دانیشتووانەكەی (ئەوەی حاڵی حازر) بەسەر سێ ناوچەی كوردی، عارەبی و توركمانیدا دابەش بكرێت. پڕۆسەیەكی قورس دەبێ، بە تایبەت لە مەسەلەی موڵكداری و سنووردا، بەڵام چارەسەرێكی هەتاهەتاییە و ئیدارە و دابەشكردنی سەروەت و سامانیش ئەگەر بە یاسایەك رێكبخرێت، هیچ گرژییەك لە نێوان پێكهاتەكاندا ناهێڵێت.

رێزلێنان لە نەوشیروان مستەفا
(3)
مەرگی نەوشیروان مستەفا، هاوكێشەی سیاسیی ناو هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستانی تێكدا. تا ئەو لە ژیاندا بوو، هەمووان حیساب و كتابی خۆیان لەسەر هەڵوێستی ئەو بنیات دەنا. كە ئەو نەما ئیتر دەرفەت بۆ دەركەوتنی كارەكتەری تازە، یان ئەوانەی پێشتر لە سێبەردا بوون هاتە كایەوە. پارتی و گۆڕان لە 23ی حوزەیرانی 2015 وە پەیوەندییان تێكچوو، بەڵام لە سەرەتای 2018 وە (دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا) پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە. 

ئێستا گۆڕان بەهێزترین هاوپەیمانی پارتییە و تاكە هێزە كە رێگە نادات پڕۆسەی سیاسی لە كوردستان پەكی بكەوێت و ساحێبی قەول و قەراری خۆیەتی. بەڵام تا ئەم دەققەیەش جگە لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، هیچ شاندێكی پارتی سەردانی مەزاری نەوشیروان مستەفایان نەكردووە و تەنانەت لە ساڵڕۆژی وەفاتیشیدا، هاوخەمی لەگەڵ گۆڕاندا دەرنەبڕدراوە. گۆڕان لەژێر گوشارێكی زۆردایە و پێویستە پارتی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ گۆڕاندا بكاتەوە. رێزلێنان لە رەمزەكان، پەیوەندییەكان پتەوتر دەكات.

سەرچاوە: رووداو




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.