ئەردۆغان قومارەكە دەباتەوە؟

‌رێبوار كەریم وەلی


(1)
هەفتەی رابردوو، دوای مانگێك و شەش رۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، لە ژێر گوشاری ئەردۆغاندا، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی ئەو وڵاتە، بە تەنیا ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستانبوڵی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری دا كە لە 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەو هەڵبژاردنە دووبارە دەكرێتەوە. لە كاتێكدا بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن یان هاوپەیمانیی "میللەت" ئیمام ئۆغڵوو مەزبەتەكەشی وەرگرت و دەستبەكاریش ببوو، كەچی لەكار لادرا و لە جێگەی ئەو تا دوای هەڵبژاردن قەیوومێك دانرا.

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستانبوڵ لەو روانگەیەوە گرنگە كە تەنیا بریتی نییە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانیی شارێك، بگرە ئایندەی حوكمی وڵاتیشی پێوە بەندە. قسەیەك هەیە لە توركیا كە هەر كەسێك سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستانبوڵ بباتەوە ئەوا دەبێتە سەرۆكی داهاتووی وڵات. دۆڕاندنی هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ بۆ ئەردۆغان و حزبەكەی گورزێكی كەمەرشكێن بوو كە نەیتوانی قەبوڵی بكات و هەموو رێگەیەكی گرتەبەر و دواجار لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان (كە كاردانەوەی نێودەوڵەتیشی بەدوادا هات) بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی دا.

ئەردۆغان دەزانێ دۆڕاندنی لەم هەڵبژاردنەدا نەك دەبێتە سەرەتایەك بۆ كۆتایی خۆی و حزبەكەی، بگرە دوایین قەڵای ئیخوان موسلیمینیش لە ناوچەكە دەڕووخێت. بەتایبەتیش كە نزیكترین كەسەكانی وەك عەبدوڵڵا گول و ئەحمەد داودئۆغڵوو دژی بڕیارەكە وەستانەوە و هەم نەیانشاردەوە كە بە نیازی دامەزراندنی حیزبێكی نوێن. ئەگەرچی ئەردۆغان و هاوپەیمانەكەی بە دڵنیاییەوە رایدەگەیەنن كە ئەمجارەیان دەیبەنەوە، بەڵام ئەگەری دۆڕاندنێكی دووبارەش هەیە و رەنگبێ ئەمجارە بە جیاوازییەكی زۆرەوە بیدۆڕێنن.

ئەڵبەتە بۆچوونی دیكەش هەیە كە ئەوەی ئەردۆغان دەیكات قومار نییە، بگرە بە هەر رێگەیەك بێت هەڵبژاردنەكە دەباتەوە جا لێكەوتە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی هەرچییەك بن، تەنانەت ئەگەر توركیا بەرەو ئاڵۆزی و پێكدادانی ناوخۆییش ببات. بۆ ئەو گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردنەكە بباتەوە، ئەگەرنا چەندین رێكاری دیكە هەن كە دەتوانێ رێگە نەدات ئەو لایەنەی دەیباتەوە حوكمی ئیستانبوڵ بكات. قسەیەكی جۆرج ئۆروێل هەیە كە دەڵێ: لەبەر ئەوەی یاسا نەبوو، هیچ شتێك لە دەرەوەی یاسا نەبوو!

HDP چی دەكات؟
(2)
HDP بە بەربژێرنەكردنی هیچ كەسێك بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی ئیستانبوڵ، ناڕاستەوخۆ چووە ناو هاوپەیمانیی "میللەت" و بەوەش دەنگی هەرە زۆری كورد بۆ بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن چوو. پێش 31ی ئادار، HDP گەورەترین ئامانجی ئەردۆغان بوو. چونكە دەیزانی دەنگی كورد لە ئیستانبوڵ یەكلاكەرەوەیە.. یەكلاكەرەوەش بوو. دیداری ئۆجەلان لەگەڵ پارێزەرەكانی دوای هەشت ساڵ و بڵاوبوونەوەی پەیامێك (بەناوی ئۆجەلانەوە) كە داوای یەكێتی خاكی سووریا و راگرتنی دڵی دەوڵەتی تورك دەكات، هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی ئیستانبوڵ. ئەوە رێكەوت نییە، چونكە دوو هەفتە پێش ئەوكاتە لە میدیای دەوڵەتدا ناوی ئۆجەلان بە سەركردەی تیرۆر دەهات و دواتر بوو بە ئیمراڵی!

لێرەدا پارادۆكسەكە ئەوەیە ئەردۆغان هاوپەیمانی حیزبێكی رەگەزپەرستی فاشیلە كە تا سەر ئێسقان دژی كوردە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەگەر مەجبووری دەنگی كوردیش نەبێ، چاوەڕێی ئەوەیە كە كورد لەبەرخاتری سەركەوتنی ئەو، لە 23ی حوزەیران یان بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، یان ئەوەتا بۆ كەمكردنەوەی دەنگی بەرامبەرەكانی بەربژێریان هەبێ.

پێناچێ ئەمجارەیان كورد بە تێكڕایی بكەونە ژێر كاریگەریی ئەو رێككەوتنە كاتییەی لە نێوان ئەردۆغان و ئۆجەلاندا كراوە و پڕۆسەی ئاشتیش لە توركیا وا بە ئاسانی زیندوو نابێتەوە. پێكهاتەی ئێستای هەدەپە و روانگایان بۆ داهاتووی توركیا، پۆست ئەردۆغانیزمە كە بە دروشم و سیاسەتیانەوە رەنگی داوەتەوە (هەر بۆیەشە سەلاحەددین دەمیرتاش وەك سەركردەیەكی تازە نەفەس و جێگرەوەی ئۆجەلان لەداهاتوودا، ئێستا لە زیندانە). ئەوان پێیانوایە كە ئەو فاشیزمەی ئێستا هەیە، سەت ئاوی بەدەستی ئەوانی پێش خۆیدا كردووە. هەدەپە لەلایەك لەژێر گوشاری ئەو پەیامەی ئۆجەلاندایە (سەرباری ئەوەی كە قەندیل رەتیكردووەتەوە) و لەلایەكی دیكەشەوە لەژیر گوشاری واقیعی حاڵدایە. بۆیە چارەنووسی ئەردۆغان ئەمجارە كەوتووەتە دەست هەدەپە كە دەتوانێ زۆر زیرەكانە مامەڵەی لەگەڵ بكات.

هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن
(3)
لە نۆڤەمبەری 2002 بەدواوە كە AKP یەكەم هەڵبژاردنی بردەوە و بوو بە حاكمی توركیا، لە ماوەی 17 ساڵی حوكمی ئەو حزبەدا، نزیكەی هەر 15 مانگ جارێك لە توركیا هەڵبژاردنێك كراوە! 5 هەڵبژاردنی گشتی، 4 هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، 3 ریفراندۆم و یەك هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە AKP هەر هەموویانی بردووەتەوە. نهێنیی سەركەوتنەكانی AKP لەو هەموو هەڵبژاردنانەدا ئەوە بووە كە قەت نەیهێشتووە نە لایەنگرەكانی خۆی و نە ئۆپۆزیسیۆنەكەی پشوو بدات تا بواری ئەوەی هەبێ كەمێك خۆی كۆبكاتەوە و، بە پێچەوانەشەوە خۆی هەمیشە حازر و ئامادە بووە. ئیمكاناتی دەوڵەتیشی لەدەستدا بووە.

ئێستا دوای 23ی حوزەیران ئیتر وا بڕیارە تا چوار ساڵی دیكە هیچ هەڵبژاردنێكی دیكە لە توركیا نەكرێت. ئەڵبەتە  بردنەوە و دۆڕانی AKP لە ئیستانبوڵ خاڵێكی چارەنووسساز دەبێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو كە ئایا ئەمجارەش حزبی حاكم بڕیار لە هەڵبژاردن دەداتەوە یان بارودۆخ وای لێدێت چاوەڕێی چوار ساڵی دیكە نەكەن و پێش ئەوە هەڵبژاردنێكی دیكە بێتە ئاراوە. بە نسبەت ئەردۆغانەوە هەموو شتێك بە دڵی ئەو چووەتە پێش، بەڵام ئایا ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێ پشوویەك وەربگرێ و بە ئامادەگییەوە ئەمجارە بتوانێ بەرامبەر AKP بوەستێ؟



PM:04:32:13/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 5660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی