‌ پارتی سەبری ئەیوبی نییە
PM:01:28:04/02/2019
رێبوار كەریم وەلی


(1)

كات كوشتن و بیانووەكانی یەكێتی لە دانوستاندنە سیاسییەكانی لەگەڵ پارتی، تامی بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی بۆ پارتی نەهێشت و سەركەوتنیشی وەك پاروویەكی گەورە لە قوڕگدا ماوە. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە كە یەكێتی بتوانێ هەتا سەر درێژە بەو یارییە بدات. یەكێتی بە پلەی سەرەكی كاری لەسەر بێبەهاكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن كرد و لەوەشیاندا تا بۆی بكرێ بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە ناوخۆییەكانی لەلایەك و، لەلایەكی دیكەشەوە دەستەبەركردنی بەرژەوەندیی باڵەكانی ناو یەكێتی، درێژە بەو بەزمە دەدات.

مانۆڕی سیاسیی پارتی لە هەفتەی رابردوو و دوای ئەوەی یەكێتی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو (گوایە لەبەر هەندێك لێدوان و مانشێتێك!) دەبێ ئەو پەیامەی بە یەكێتی گەیاندبێت كە وا بە ئاسانی تەسلیمی میزاجی كەس نابن و، ئەگەر یەكێتی زۆر ئازایە با ببێتە ئۆپۆزیسیۆن! یەكێتی لە كاتێكدا داوای شەراكەت و رێككەوتنی درێژخایەن لە پارتی دەكات كە تەحەمولی مانشێتی رۆژنامەیەك ناكات! رێككەوتن و شەراكەتێك كە بناغەكەی ئەو تڕەكەڵەكە بێت، تا كوێ بڕ دەكات؟

هەموو حیزبە سیاسییەكانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پارساڵ عەیاری خۆیان وەرگرت، تەنها یەكێتی نەبێ كە بە بەدەستهێنانی چەند كورسییەكی زیاتر لە جاران و (بە حیسابی خۆیان تێكشكاندنی ئۆپۆزیسیۆن) دەیەوێ وا لە پارتی بكات كە شەرعییەت بداتە هەموو ئەو شتانەی لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە روویانداوە! پارتی مروونەتێكی زۆری نواندووە و دەشنوێنێ، بەڵام قەت جارێكی دیكە فیفتی بە فیفتی دووبارە ناكاتەوە، چونكە ژینگەی سیاسیی كوردستان گۆڕاوە و بەرگەی ئەو جۆرە لە حوكمڕانی ناگرێت.

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵوەگەڕی یەكی شوباتدا زۆر روون بوو، بەڵام مەرج نییە پارتی هەتا سەر هەر چاوەڕێی یەكێتی بێت و هەموو شەرتەكانی یەكێتی قەبوڵ بكات. بۆیە پارتی هەندێك هێلكەی لە سەبەتەی دیكەشدا هەنە كە ئەگەر دڵنیا بێت لەوەی یەكێتی هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێ، ئاڵتەرناتیڤەكانی بەگەڕ دەخات. ئەگەر بۆ شەراكەتی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا كورسی پێوەر نەبێت، ئەوا بۆ گۆڕان و كۆمەڵیش نابێ كورسی پێوەر بێت كە بە هەردووكیان بەقەدەر یەكێتییان هێناوە.

یەكگرتوو هەڵدەستێتەوە؟
(2)

چەند رۆژێكی دیكە یادی 25 ساڵەی دامەزراندنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە، 6ی شوبات یۆبیلی زیوینە، بەڵام زۆریش حەزینە. ئەمساڵ رەنگبێ خراپترین یادوەری بێت بۆ مێژووی ئەو حیزبەی كە هەمیشە لە كوردستان وەكو عامیلی خێر و ئاشتەوایی سەیر كراوە، بەڵام لە دوو هەڵبژاردنی پارساڵدا، پاشەكشەیەكی گەورە بە دەنگەكانیەوە دیار بوو.

دەنگدەرانی سزایان دا، یان نەیتوانی لە ئاستی چاوەڕوانیاندا بێت، ئەوە باسێكی ناوخۆیی خۆیانە. دیوە گرنگەكە ئەوەیە كە چەندە حیزبی حوكمڕانی باش بۆ پڕۆسەی سیاسی پێویست بن، دوو ئەوەندەش حیزبی خاوەن پڕەنسیپی ئەخلاقی، بەهای مرۆیی و بەرپرسیار زەروورن. یەكگرتوو خاوەنی ئەو بنەمایانە بووە.

راستە یەكگرتوو بە ژمارەی كورسی كەمیكردووە، بەڵام ئەوە قەت بەو مانایە نایەت كە ئەوە حەجمی راستەقینەی ئەو حیزبە بێت لە گۆڕەپانی سیاسیدا. لادانی هەندێك لە كادیر و دەمڕاستەكانی ئەو حیزبە و تەسلیمبوونیان بە پۆپۆلیزمی ناوچەیی، ئاستی چاوەڕوانیی دەنگدەرانی هێندە بەرز كردەوە كە وایكرد حزبەكەی خۆیان نەناسنەوە! تووشی بێگانەبوون و دابڕان بوون لە حیزبێك كە بە درێژایی 25 ساڵی رابردوو، مەدرەسەیەكی پێگەیاندنی كادیر و كەسانی لێهاتووی دەستپاك بووە بۆ هەموو حیزب و دامەزراوەكانی دیكەی دەرەوەی یەكگرتوو. حیزبێك كە وەك ئاكادیمیا ئیشی كردووە.

ئەمڕۆ غیابی یەكگرتوو بە پڕۆسەی سیاسییەوە لە هەموو كاتێك زیاتر دیارە (نە موعاریز و نە موشاریك)! هاوكات توانای یەكلاكردنەوەی چەقبەستووییەكانیشی نییە، لە كاتێكدا كە 25 ساڵە ئەو حیزبە ئەو رۆڵە سەلیمە دەبینێت و رەنگبێ كوردستانی لە لێواری زۆر كارەسات گێڕابێتەوە. بۆیە هێشتا یەكگرتوو (كە رەنگبێ لە داهاتوودا پاشگری ئیسلامییەكەشی نەمێنێ تا بتوانێ ئامێزی رێكخستنەكانی فراوانتر بكات)، شانسی ئەوەی هەیە كە بگاتەوە ئەو پێگەیەی شایستەی ئەو حیزبەیە.

ئەو (قادر)ە چ (حاكم)ێكە!
(3)

هیوادارم لەسەر ئەو عینوانە، كۆبوونەوەی سێشەممەی نێوان پارتی و یەكێتی تێكنەچێ و نەڵێن رووداو خەریكی فیتنەیە.

ئیشیشم بەوە نییە داخۆ زانا حەمە ساڵح كێ و چۆن كوژرا، بەڵام خۆزگە كاك دلێری سەید مەجیدیش بۆ مێژوو یەك دوو قسەی تێدا كردبایە. بە هەرحاڵ...

سەیری پەیجەكەی قادر حەمەجان، ناسراو بە حاكم قادرم دەكرد كە ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە.

12ی كانوونی دووەم: "لەگەڵ سەرۆك شارەوانییەكانی شار و شارۆچكەكانی دەوروبەری شاری سلێمانی كۆبووینەوە"
موحافیزی سلێمانی فت!

16ی كانوونی دووەم: "سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكمان كرد لەگەڵ بەڕێوەبەر و لێپرسراوی هۆبەكانی 12ی بانكی شاری سلێمانی"
وەزیری دارایی فت!

26ی كانوونی دووەم: "بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری لقی سلێمانیی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای قورئانخوێنی سەر بە كۆمەڵەی قورئانخوێنانی كوردستان كۆبووینەوە"

وەزیری ئەوقاف فت!

هەواڵی دیكەش زۆرن، ئەم وتارە بەشی ناكات.

ئەگەرچی ناوی حاكم قادر بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت دێت، بەڵام پێدەچێ هەر لە ئێستاوە بووبێتە حاكمی شار! ئەگەرنا كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی حیزبێك چۆن بۆی هەیە بەسەر دامەزراوە حكومییەكاندا باز بدات و تەنانەت رێنمایی بداتە ئەو دامەزراوانە؟ بەس دیارە هەم قادرە و هەم حاكمە.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.