‌دەنگی پێی سەرۆك دێت
PM:02:08:14/01/2019
رێبوار كەریم وەلی

(1)

دوای 16ی ئۆكتۆبەر كە بەشێكی یەكێتی، لە دەرەوەی بڕیاری یەكێتی، پیلانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی كوردستانیان دادەڕشت و، خەونیان بە رووخاندنی حكومەتەوە دەبینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاتە سەر خەت. لە بەیاننامەیەكدا، بەناو و بە دیاریكراوی پشتیوانی بۆ نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی دەربڕی. ئێستاش كە نێچیرڤان بارزانی بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە وەزارەتی دەرەوە پیرۆزبایی لێدەكات، هاوكات پیرۆزباییش لە بەربژێرێكی دیكەی پارتی بۆ سەرۆكایەتیی حكومەتی داهاتوو دەكات كە مەسروور بارزانییە.

دیداری وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانیش دووپاتكەرەوەی ئەو راستییە بوو كە ئەمریكا هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دڵی دۆستەكانی دەدات و، ناشتوانن رۆڵی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشە سیاسی و ئیقلیمییەكان بە پێوەری پۆست و پلە و پایە بپێوین. ئینجا ئەم موبارەكەیەی وەزارەتی دەرەوە، پاڵپشتییەكی ئاشكرایە بۆ ئەو بڕیاری جێگۆڕكێیەی كە پارتی لەناوخۆی خۆیدا كردوویەتی. ئەمریكا بۆ داهاتووی ناوچەكە و ئەو هەنگاوانەی كە لە داهاتوودا لە هەمبەر ئێران دەیانهاوێت، پێویستی بە سەقامگیرییەكی سیاسی و ئەمنی هەیە لە كوردستان و وڵاتی بەناو عێراق بەگشتی، ئەوەش بە دوو ئاراستەدا مسۆگەر دەبێت كە حكومەتی داهاتوو، حكومەتێكی بەهێز بێت و رایەڵەكانی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدادا نەپچڕێنێ و، سەرۆكی هەرێمی داهاتووش بتوانێ لە هاوكێشە ناوخۆییەكان، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بەڵانس رابگرێت و، رێگر بێت لە پشێوی و ئاڵۆزی.

سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان، لە رابردوودا لە سەختترین بارودۆخەكاندا توانیویەتی خوێندنەوەیەكی دروستی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان هەبێت و، تەنانەت دوای 16ی ئۆكتۆبەر دەرگا داخراوەكانی سەر كوردستانی بە شەونخونی و ئیرادەیەكی بەهێز كردەوە. نێچیرڤان بارزانی بە درێژایی 24ی ساڵی رابردوو، ئەندازیاری بەشی هەرە زۆری ئەو پەیوەندییانەیە كە پارتی و حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیانە و، پەیوەندیی توركیای لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە شەڕەوە گۆڕی بۆ هاوبەشی ستراتیژی! بۆیە سەرۆكی داهاتوو، تەنها تەحەددییەكی لەبەردەمە كە بتوانێ ببێتە چەترێك بۆ هەموو حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بێ فەرق و جیاوازی، بتوانێ متمانەی هەموو حیزبەكان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان مسۆگەر بكات كە ئەوەش دەبێتە زامن و هەوێنی ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەناوخۆی كوردستان.

یەكێتی تێگەیشت؟
(2)

دەركەوت ئەمریكا تەنانەت یەكێتی وەكو دۆستێكیش نابینێ تا پێویست بكات چاوی بە سەرانی ئەو حیزبە بكەوێت. قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ بەشێك لە وەزیرەكانی كابینە ئامادەی دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو لە هەولێر. رەنگبێ بەشێكی پەیوەست بێت بەو متمانەیەی كە ئەمریكییەكان بە تاڵەبانیی بچووكیان هەیە و، بەشێكی دیكەشی پۆستە رەسمییەكەی بێت لە حكومەتدا. بەڵام نەك بە نوێنەرایەتی یەكێتی.

دووركەوتنەوەی یەكێتی لە پارتی، ململانێی ناوخۆیی و ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی یەكێتییەوە بەناوی یەكێتی دەدرێن، وایانكردووە یەكێتی لەڕووی دیپلۆماسییەوە (كە خاڵی پرشنگداری سەردەمی جەلال تاڵەبانی ئەو پەیوەندییە بەرفراوانە بوو لەگەڵ دنیا هەیبوو) پشتئاو ببێ و، ئاستی پەیوەندییەكانی وەكو حیزبی دووەمی كوردستان دابەزێت بۆ بینینی سەفیر و كۆنسوڵی وڵاتان! لەوەشیاندا كۆنسوڵ و سەفیرەكان نازانن چەند كەس ببینن تا بزانن رای یەكێتی چییە و جاری وا هەیە مەجبوورن هەر چوار باڵەكە ببینن!

ئەگەرچی ئێستا لە رێگەی پۆستی سەرۆككۆمارەوە لە بەغدا، یەكێتی هەوڵی نۆژەنكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاساییكردنەوەی ئەو سەرەڕۆییانە دەدات كە بەناوی یەكێتییەوە كراون، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە كە واقیعی یەكێتی لە ناوخۆی كوردستان هەمان شتە و، سەرۆككۆماریش نایەوێ رایەڵەكانی خۆی بۆ قەڵەوكردنی هیچ باڵێكی ناو یەكێتی بەكاربێنێ، چونكە لە نیهایەتدا خۆیشی باڵێكی ناو یەكێتییە. بۆیە پێویستە لە قۆناغی یەكەمدا یەكێتی بتوانێ هەزمی ئەو واقیعە نوێیەی پارتی بكات و ببێتەوە بە بەشێك لە پێكهاتەی حوكمڕانی. بە پشكی خۆی رازی بێت و كاریش بۆ بەدەستهێنانی زیاتریش بكات، ئەگەرنا ئاراستەی رووداوەكانی ناوچەكە هیچی لە قازانجی ئەوان نییە.

ئاڵا لە نیوەشەودا
(3)

دوای بێ ئەنجامبوونی هەموو هەوڵەكانی یەكێتی لە بەدەستهێنانی پارێزگاری كەركووك و، عیلمی ئەوەی كە پارتی بە شێوەیەكی كۆنكرێتی هەم لەگەڵ بەغدا و هەم لەگەڵ ئەمریكییەكان گەیشتووەتە رێككەوتن بۆئەوەی بە سەربڵندی بگەڕێتەوە كەركووك و، تەنانەت پێشمەرگەش لە پاراستنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەشدار بێت، باڵی 16ی ئۆكتۆبەر دوای 14 مانگ لە مانەوەی زەلیلانەیان لە كەركووك و بە چاولێكەریی حیزبی شیوعی ئاڵای كوردستانیان لە نیوەشەوێكدا لەسەر بارەگاكانیان هەڵكرد. ئەوەش بۆ ئەوە بوو كە ئەگەر سبەی پارتی بە شكۆمەندییەوە گەڕایەوە كەركووك و ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی خۆی هەڵكرد، ئەوان بڵێن ئێمە پێشتر ئاڵامان هەڵكرد! بەڵام باڵی 16ی ئۆكتۆبەر لەوە تێنەگەیشتوون كە هەموو ئەو سووكایەتی و تەعەددایەی 14 مانگە دەرهەق بە خەڵكی كەركووك و ناوچەكانی دیكە دەكرێت، ئەوان لێی بەرپرسیارن. ئۆباڵی هەموو ئەو نەهامەتییەی كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرت بە پلەی یەكەم ئەوان دەبێ باجەكەی بدەنەوە، زوو یان درەنگ.

ئەوان ئەگەر غیرەتیان هەبووایە نەدەبوو رێگە بدەن ئاڵای كوردستان بخرێتە ژێر پێ، پاراستنی كەركووكییەكان بەوە دەكرا، نەك نیوەشەوێك بەدزییەوە ئاڵا هەڵبكەن و دوایی وەك موزایەدەیەك بە خەڵكی بفرۆشنەوە. ئێوە كەركووكتان نەفرۆشتبایە بەس بوو.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.