پارتیش تابیعی ئێرانە!

‌رێبوار كەریم وەلی

(1)
شەڕی ئەمجارەی پارتی لەگەڵ نەیارانیدا، شەڕێكی گشتگیر و بە بەرنامەیە. پارتی ئێستا لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی (وەكو حیزبی سیاسی)، شەڕ دەكات و تا ئێستاش براوەیە. ئەویش وەكو ئێران، بۆ پاراستنی ناوماڵی خۆی و گەیشتن بە ئامانجەكانی لە مەیدانی حەریفەكانیدا، شەڕ دەكات و سنوورەكانی بەرگریكردن لە خۆی رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەكات. تا دوێنێ ئەگەر قسەوباسی ناوخۆیی ئەوە بووبێت كە سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی حوكمڕانیدا، كۆتایی بە كاری هاتووە، ئەوا بەشێوەیەكی رەسمی و بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، دەسەڵاتە ئیدارییەكانی (نەك سیاسییەكانی) گوازرانەوە بۆ متمانەپێكراوترین كەسی نێو بنەماڵەكەی كە لە كوڕەكانی خۆی زیاترە. ئەگەر تا دوێنێ سنووری دەسەڵات و نفوزی پارتی و ماڵباتی بارزانی هەولێر و دهۆك بووبێت، ئەوا پارتی بە شۆڕشی 25ی ئەیلول، ئەیلولێكی دیكەشی تۆمار كرد. كەركووك لە (قودس)ێكی فراشراوەوە بوو بە (دڵ)ی كوردستان و ئێستا بوونی یەكێتی تێیدا، وەكو داگیركارێك سەیر دەكرێت و دەبێ لەسەر دەستی پارتی رزگار بكرێت! واتا وەك چۆن لە 31ی ئابی 1996دا هەولێر لە دەستی یەكێتی دەرهێنرا، ئاواش ئەمجارە كەركووك لەژێر دەستیان دەردەهێنرێت.

گرەوكردن لەسەر فیتنە و نیفاق لەناو ماڵباتی بارزانی، وەكو گرەوە لەسەر ئەسپی مردوو، ئەوەی ئێستا سەرۆك بارزانی دەیكات، دوو ئاراستەی هەیە. ئاراستەی یەكەم تەواوكردنی ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ گەیاندنی كوردستان بە سەربەخۆیی و ئاراستەی دووەمیش دابەشكردنی رۆڵە لە نێو كەسەكانی نێو خانەوادەكەی كە شیاوی درێژەپێدانی رێبازی بارزانین. نێچیرڤان بارزانی بە هەوڵەكانی بۆ دواخستنی گشتپرسی لەپێناوی دەستكەوتی هاوتا لەگەڵ سەربەخۆییدا، نەیهێشت رایەڵە بەهێزەكانی نێوان كوردستان و ئەمریكا بپچڕێن (ئەوەش سەرباری هەوڵە ناوخۆییەكانی بوو بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی لە پەرلەمانی كوردستان) و بەرهەمەكەشی ئەوەیە كە ئەمڕۆ ئەمریكا (بە شەخسی) پشتیوانیی لێ دەكات و بەغداشی خستووەتە گۆشەیەكەوە كە دەبێ دیالۆگ لەگەڵ كوردستان بكات. بارزانییەكان لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا قاڵن و پێشبینیی هەموو ئەو شتانەیان كردبوو، جگە لە بومەلەرزەكە!

بەغدا و هەولێر
(2)
بنەماكانی رێككەوتن، یان تەنانەت دەسپێكردنی دیالۆگ لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجێك، بریتین لەوەی كە دوو یان چەند لایەنێك (لە پڕۆسەیەكی درێژخایەنی وەكو شەڕ یان ناڕەزایەتیدا) هەست بكەن هەندێك خاڵی جێناكۆكی قابیلی چارەكردنن و دەتوانن بە گفتوگۆ كۆتایی پێ بێنن (ئەڵبەتە لە دوو پێگەی بەهێزەوە). دیالۆگ كاتێك روودەدات كە خاڵە هاوبەشەكان لە خاڵە ناكۆكییەكان زیاتر بن نەك كەمتر و، ئینجا بە رەچاوكردنی پێگەی لایەنە دانوستانكارەكان و خوێندنەوەی دروست بۆ هاوكێشەكان، یان ناوی لێ دەنرێ سەركەوتن، یان رێككەوتن و یانیش تەسلیمبوون. هەر كەسە لەلای خۆیەوە چ تەفسیرێكی بۆ دەكات ئەوە رەوایە وەكو هەموو عەقدە مێژووییەكان! بەڵام ئێستا كە كوردستان داوای دانوستاندن لە بەغدا دەكات، دیار نییە لەسەر چ بنەمایەك و لە چ پێگەیەكەوە ئەو داوایە دەكات؟

ئەگەر ئەو داوایە بنچینەكەی دەستووری وڵاتی بەناو عێراق بێت، ئەوە هەموو كەس دەزانێت كە دەستووری نەنووسراو كارپێكراوترە لە هی نووسراو! نە كورد پابەندی دەستوور بووە و نەعەرەبیش، بگرە نووسینەكان هەمیشە بۆ گوناه لەخۆ دەركردن بوونە تا رێكخستن. بەغدا و هەولێر نە لەڕووی سیاسییەوە و نە لەڕووی ئابوورییەوە تەحەمولی دیالۆگ ناكەن. لەڕووی سیاسی و نەتەوەییەوە میللەتێك (بە عەرەبەكانی دانیشتووی كوردستانیشەوە) باوەڕیان بە وڵاتی پێناسەكراو لەڕووی نێودەوڵەتییەوە نەماوە، لەڕووی ئابووریشەوە هیچ شتێك بەناوی وڵات وجودی نییە، چونكە تەعریفی مۆدێرنی وڵات بریتییە لە ئابوورییەكی نیشتمانی كە سیستەمێكی ژیان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تەرجومەی ئەو ئابووری نیشتمانییە لە چەمكی (مووچە)دا كورتكراوەتەوە! بۆیە هیچ دیالۆگێك لە نێوان كوردستان و بەغدادا، سەركەوتوو نابێت و كێشەكە لەسەر ژمارەكان نییە، كێشەكە ئەوەیە كە كەس باوەڕی بە ژمارە نەماوە! ئەمڕۆ بە حیساب كورد شەڕی 17 لەسەدی بودجە دەكات، مەگەر پارساڵ ئەم 17 لەسەدە لە بودجەش جێگیر نەكرا؟ كەس قڕووشێكی ئەو بودجەیەی بینی تا پێویست بكات ئەمڕۆ شەڕی بۆ بكرێت؟! تەنها شتێك كە لە دانوستاندنی هەولێر و بەغدادا چاوەڕێ دەكرێت، ئەوەیە كە بەغدا لە پێناوی پاشەكشەنەكردنی كورد لە پڕۆسەی سیاسی (كە هەموو وەڵامەكانی هەولێر بۆ بەغدا لە واشنتنەوە دەنووسرێن)، پاشەكشە لەو بڕیارانە بكات كە بۆ سزادانی كوردستان داونی و ئەڵبەتە ئەوەش بە گوشاری ئەمریكا دەبێت. ئەگەرنا كەس چاوەڕێی هیچ شتێك لە بودجەی بەغدا نەكات.

هەمووی هەر وەكالەتە
(3)

یەكێتی نیشمانیی كوردستان لە دروستبوونییەوە تا ئێستا هێزێكی سیاسیی بە وەكالەت بووە، ئەوەشی لێی جیابووبێتەوە و دەبێت، یان وەكیلە، یان وەكیلی وەكیلە. ئیدارەی یەكێتی، نموونەی فەشەلی حوكمڕانیی كوردییە و بە هەموو لایەك دەیانەوێ، ئەو نموونە فاشیلە گشتگیر بكرێت. نە یەكێتی و نە ئاڵتەرناتیڤەكانی لە زۆنی دەسەڵاتی یەكێتی نەیانتوانی مۆدێلێكی حوكمڕانیی دروست بەرهەم بێنن، چونكە یەكێتی و خەلیفەكانی هەموویان حیزبی كاردانەوە بوون تا كار! ئەمڕۆ ئەگەر سەیری جوگرافیای بەڕێوەبەرایەتیی یەكێتی و وەكیلەكانی بكەی، دەبینی كە كەسی جێگیر لە ئیدارەدا نییە، تەنانەت لەناو وەكیلەكانیشی لە رووی سیاسییەوە كەس جێگیر نییە، هەمووی هەر وەكیلە! تاكە شوێنێك كە بە جێگیری بەڕێوەیان دەبرد، كەركووك بوو، لە كۆتاییدا ئەویشیان تەسلیمی وەكیلێكی عارەب كرد!

سەرچاوە :رووداو


AM:11:40:21/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 6351 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی