ئازادیی بە‌تاڵ

‌هەرمن ئەحمەد

وامدەزانی لە دوای خونچە و چەکەرەی دیموکراسی و کرانەوە بە دونیایی دەرەوەدا، دەچینە قۆناخێکی نوێ و تاریکستانی چەندین سەدە جێ دەھێڵین، بە جۆرێک کولتووری کوردەواری لە ئاگرپۆشی توندوتیژی رادەماڵین، وادەزانرا ئەم پێشکەوتنە بەرچاوەی بیست ساڵی رابردوو ھزری تاک بەتاکی ئەم نەتەوەییە نەرم دەکا و ژیرانەتر بیر دەکەنەوە، بەجۆرێک سەنتەری بیرکردنەوە لە سەرمایەی تێگەیشتنەوە سەرچاوە بگرێت.
 
‎وەلێ دواجار تێگەیشتم گەلێکین سەرقاڵین بە رووپۆشی و ناخمان جودایە، ئەوەندەی سەرقاڵین بە دروشم و باقوبریقی وشەکان، نیوھێندە سەرگەرم نین بە گۆڕینی ئەو واقیعە تاڵەی لە ژیانی رۆژانەدا روودەدات، ئاڵایەکی فۆرمالیستی مەزن ھەڵدەکرێت وا نیشان دەدەن کە ئەوە ئەوانن ھەڵگری بەیداخی ئازادی، دیموکراسی، سیکولاریزم و مافەکانی ژن.
 
‎کەچی کەم  رۆژ ھەیە ھەواڵی جەرگبڕی کوشتنی ژنێک، خنکاندنی منداڵێک، ئازاردانی داپیرەیەک، ئەتک کردنی خێزانێک، لێرە و لەوێ لە میدیاکان نەبیسترێ، ئامارەکان تا دێت مەترسیدارتر دۆخی کۆمەڵایەتی و ئازادیی تاک نیشان دەدەن، کوشتنی ٣٧ ژن و خۆکوشتنی ٥٤ ژن، یان سووتانی ١١٣ ژن و خۆسووتاندنی ٩٠ ژنی تر، کە بە دیوەکەی دیکە یەکەمجار ئەوە ژنە دەکوژرێت و دووەمجاریش چ جیاوازییەک لە نێوان کوشتن و خۆکوشتن ھەیە یان سووتان و خۆسووتاندن ھەبێت؟ ئەمە جگە لە رووپۆشکردنێکی پووچ و بیانوو یان پاساو ھێنانەوە بۆ رەوایەتی و ماکیاژکردنی کوشتنی ژن ھیچی دیکە نییە.

لەو ئامارەی نۆ مانگی رابردووی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی دەکرێت بە دیوەکەی تر بە ئەرێنی لێی بڕواندرێت، بوونی زیاتر لە حەوت ھەزار سکاڵایە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ژنانێک ھەن قەبووڵی پێشێلی مافەکانیان ناکەن، قەبووڵی زوڵم و پیاوسالاری ناکەن، دەڵێن نەخێر، دەڵێن ناااااا..
 
‎سەیر لەوەدایە لەشکرێک داکۆکیکار و مافناس لە چین و تۆێژە جیاجیاکان قیت دەبنەوە و ھەموو ساڵێک ئەم  دەھۆڵە دەکوتن، کە گوایە مافەکان دەستەبەر کراون، ئازادی رەھا بەرجەستە بووە، سیکۆلاریزم رێی بە ھەرچی کۆنەپەرست و مێشک بەردین ھەیە لێژ کردووە، بەڵام ئامارەکان پێچەوانەکەی نیشان دەدەن و دووبارە بوونەوەی ھەمان ژمارە بەشێوەی ساڵانە زیاتر مەترسییەکە دووپات دەکاتەوە، کە ئەوەی دەگوترێ ئامارەکە پووچی دەکاتەوە.
 
‎ھێندە گوێم  لەم تیۆرییانە بوو، ئیدی ھەندێک جار قێز دەکەمەوە، وەڕەس دەبم لە مایک فۆنچیەکان، کە ھەمیشە دەیانەوێت رووی راستی کۆمەڵگەی ئێمە بشارنەوە، خۆڵ لە چاوی خۆشیان و خەڵکیش دەکەن، دروستتر بڵێن ھەندێجار زەنگی ترسناک و گەڕانەوە بەرەو دونیای تاریکی زۆرتر دەبیستین تا ھەنگاوی پێشوەچوون!
 
‎لە چ شوێنێکی دونیادا ھەبووە نەرمی و گەرمی خێزانێک بە رق و قینی ھەرزەکارێک وێران بێت؟ کام فەلسەفە و مۆراڵ لەوە تێدەگات لەسەر مۆبایلێک کەنیشکێکی پڕ لە ھیوا کە سەرگەرمی ژیانی مۆدێرنیتەی بێت، ببێتە قوربانیی بیر تەسکێکی نێرسالار؟
 
‎کوان ئەو یاسا و رێسایانەی کە دەڵێن رەگ و ریشەی توندوتیژییان سڕیوەتەوە! لە وەختێک خۆیشیان ئەو ئامارە پڕ لە مەترسییانە بڵاو دەکەنەوە و پاساویش دەھێننەوە و کوشتنی ژن پۆڵێن دەکەن، ئاخر ژن ھەیە لە ھیچ و خۆڕا خۆی بسووتێنێت؟ یان خۆی بکوژێت؟ ئاخر ھیچ توێژینەوەیەک کراوە کە پاڵنەرەکانی پشتەوەی خۆکوشتن و خۆسووتاندنمان بۆ ئاشکرا بکات و وەڵامی ئەوە بداتەوە تەواوی ئەو حاڵەتانە بە گوشاری پیاوان نەبووە!
 
‎دیوەکەی دیکە ئەوەمان پێ دەڵێت وەک پێویست رێکار و یاساکان بە باشی جێبەجێ نەکراون، یانیش درز و کەلێنی تێدایە کە پیاوکوژەکان پەنا دەدات.

بۆیە بەردەوامبوونی ئەو دۆخە چارەنووسێکی ترسناک رووبەڕووی ئازادییەکانی ژیان دەکاتەوە، بۆیە ئەگەر باوەڕمان بە فەلسەفەی جێندەری ھەیە، یان مرۆڤسالاری ھەیە، پێویستە ئامارەکانی چوار ساڵی داھاتوو بە جۆرێکی تر بێت، ئاماری کوشتنی ژن و سووتاندنی بۆ ئاستێک دابەزێت کە یەکسان بێت بە سفڕ یان نزیک بە سفر، ئەگەر ئەوە روونەدات، ئەوا نەک ناتوانین بڵێن ھەنگاو بەرەو جیھانی یەکەمین ھەڵگرتووە، بەڵکو لە جیھانی سێیەمیش نابێت ھەژمار بکرێین، چونکە ئەو وڵاتانەی لەو خانەیەدا هەژمار دەکرێن، بە دیوەکەی دیکە مانای وایە وڵاتانێکن دەجووڵێن و ھەوڵدەدەن، رەنگە رۆژگارێک بێت پێشەنگی جیھانی یەکەمیش بن.


PM:02:36:05/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 1632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی