بیرتان نە‌چێ، دژی شە‌پۆلی نیشتمان بن

‌هەرمن ئەحمەد

لێنەگەڕێن کەسی تر بێتە پێشەوە، هەرخۆتان سەرقافڵەو سوارەی بەرلەشکر بن، چونکە ئێوە ڕۆشنبیرو خۆنگەوار و چالاکوان  و رامیارزان و سەربازین، بە کورتی و کوردی ستلبێتە حەیاتەکەن، هەموو شتێک دەزانن.

قەت مەهێڵن کەسێکی تر شوێنتان بگرێ، چونکە ئەوان نەزانن، خۆتان وتەنی داھاتووی حزب و دەسەڵات نادرێتە دەست هەرزەو منداران، تاقی ئەوکادرو کاندیدانەش ببڕن کە کڵاوەکەتان بە خوار دەزانن، چاویلكەی لەحیم بخەنە چاوی ئەوانی دیكەش کە رووناکی دەبینین.

قەت مەهێڵن پڕۆژەیەک هەبێت پشکی خۆتانی تێدا نەبێ, یا لە پشت پەردە سەرتۆپ و حەپەلووشی پارەو داهاتەکانی نەكەن, خۆ هەر وابووە بەشی شێر بۆ ئێوە نەبووە.

قەت مەهێڵن تاکە شتێک بەناوی خۆتانەوە بێ، خۆ ئێوە هێندە ووریاو ژیر نین  کە داهاتوو بخوێننەوە, هەڵدێری دوای خۆشتان بزانن.

واز مەهێنن لەو دەسەڵاتەی کە هەتانە، هەرچەندە خوێندەوارن، بەڵام پرەنسیپ و ئەتەکێتی خوێندەواریتان گەشاندەوە، ئەلحەق مۆڕاڵتان دا بە بڕوانامەو زانکۆکانتان پڕ کرد لە نەخوێندەوار.

نیگەران ئەبم کەسوکار و ماستاوچییەکانی چوار دەورتان نەکەنە کاربەدەست و بڕیاردەر، ئەو داماوانە گوناحیشن، جگە لە مل لەقاندن و بەڵێ قوربان بۆتان هونەرێکی تر نازانن، یان خەڵکە شیاو و لێهاتووەکان  وەک داشی دامە بەکار نەهێنن, هەر کە کاریشتان پێیان نەما کش مەلیکیان بۆ بسازێنن.

عاجز ئەبم مەرامەکانی خۆتان تێکەڵی داموودەزگاکانتان نەکەن, یا لە پشتی پەردەوە چەندین تەلیسم و پلانی گلان  بۆ ئەم و ئەو دانەنێن، بۆ  دەستەبەرکردنی مەرامە تایبەتیەکانتان.

هەرگیز فێر نەبن ئەم نیشتمانە بپارێزن، چونکە لەسەری نەژیاون، ناهەقیشتان نییە خێرتان لی نەبینیوە، خۆ کەس نەزانێ ئێمە ئەزانین کە ئێوە هەرگیز سوودمەند نەبوونە لە خێرو بێری ئەم وڵاتە، حەڕامبێ نە  نەوت نە غاز نە لە هیچ پڕۆژەیەکدا پشکتان نییە.

هەرگیز فێر نەبن پرەنسیپ و سیستەمی کاری رۆژئاوایی بخەنە ناوپلانتانەوە، چونکە ئێوە قەت  ئەوان نابینن، بەجانتای دیپلۆماسی و قات و قەرەوێت و ڕیزێک ئەبو عەنتەرەوە سەردانی وڵاتان ناکەن.

نەکەن فێربن ژن بكەنە هاوشانی خۆتانەوە، ژن ئەو کائینە مەزنە نییە کە کتێبەکان وەسفی ئەکەن، چونکە بەلای ئێوەوە  ژن نە نیوەی کۆمەڵە، نەدایکی نیوەکەی تریشە.

نەکەن فێربن چاو لە ئەڵمان و ئینگلیزو و نەرویج و فەڕەنسا بکەن، کە ژن لە تۆپکی دەسەڵاتە لەوێ.

ئەوان ژیر نین، بێ ئەقڵن، وەک ئێوە حەکیم و دانا نین، چونکە ئەوان داهێنەری شۆرشی رێنسانس نین.


PM:01:59:28/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 4489 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی