داڤۆس خاڵی بوو لە چی؟

‌هەرمن ئەحمەد

داڤۆس ئەو هەرێمە بچووکەی کەزۆرترین سەرکردەو دەسەڵاتدارانی ئابووری و سیاسی لەخۆی گرد ئەکاتەوە, هەرساڵەی جارێک فۆکسی میدیاکانی جیهان بۆلای خۆی ڕادەکێشێت و دەبێتە کانگایەکی بڕیاردانی زلهێزەکان .
زۆر سەرنج ناخەمە سەر ئەجێنداو کاری وەفدەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داڤۆس, بڕوام وایە قورسایی و تایبەتمەندی خۆی هەیە .

ئەمساڵی داڤۆس لە پێکهاتە و دانیشتنەکان و سەرپەرشکاریدا ڕۆڵی ژن زۆر دیارو پاوەردار بوو بەجۆرێک کە پیاوانی زلهێزو دەسەلاتدار لەژێر سێبەرو سەیوانی ژناندا دەردەکەوتن .
جێی سەرسورمانە لەباری سەختی ئێستای هەرێمی کوردستاندا کە دەمانەوێت سەرنج و هزری دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا وڵاتانی تر بۆخۆمان ڕابکێشین بیر نەکرایەوە  لانی کەم تاکەژنێک لەناو دەستەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ داڤۆس .

 خۆ ئەگەر پاساو بهێنرێتەوە لەسەر ئەوەی کەدەبێت پلەو پایەی وەفدەکە لە وەزیر کەمتر نەبێ ڕاست و دروست دەکرا تاقە وەزیری ژن لەگەڵ خۆیان ببەن کە وەزارەتەکەی پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەکاروو ئەجێندای داڤۆسەوە , بێ لەوەی ئەمە کارێکی جوان بوو پێگەی ژنی لەهەرێمی کوردستان بەهێز دەکرد لەگەل ئەوەشدا سگناڵێکی  مۆدێرنزمی و یەکسانی بەرابەری هەرێمی کوردستانی نیشان ئەدا بە بەشدار بووا داڤۆس.
هەروەها جیاوازیەکی نیشان ئەدا لەنێوان نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر وەفدی عێراقی کەزیاتر مەزهەب و لاوازی پێگەی ژن بەسەریدا زاڵە , ئەوانەی کە لە دافۆس بوون تەنها قات و بۆینباخ نابینین, بەڵکو هەڵسەنگاندنی جددی بۆ پێکهاتەی نوێنەرایتیەکان و وجوودی بوونی ژن دەکەن، بۆیە دەبوو خوودی نوێنەرەکان و دوو سەرکردە گەنجەکە کەبوونەتە جێی متمانەی ڕۆژئاواییەکان و ئەمریکیەکان ئەم هەڵە گەورەیە بەسەریاندا تێنەپەڕیت .

لە قۆناغی شۆرشماندا, ڕاپەڕین, ئینجا قۆناغی جێگیربوون و حکومڕانی، دواجار ڕیفراندۆم و نەهامەتیەکانی ئەم دواییە, ژنان هەڵسوڕاوو پێگەی تایبەتی خۆیان سەلماندووەدە، دەکرێت بووتریت کەم تا زۆر پێگەی سیاسی ژنان لەجومگەو دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا لەنێوان گەشەو پاشەکشەدا هەڵبەزوو دابەز دەکات, ئاسان نییە مۆرکی لاوازی بوونی پێگەی ژن بگێرینەوە بۆ توانستی ژنان .

  بە  تێڕوانینی من چەند فاکتەرێک گرنگە ئاماژەیان پی بکرێت  لە لایەک  حوکمی سیاسەتمەدارانی هەرێم هێشتا هەر لەژێر چنگی  پیاواندا گڕمۆڵەبووە، ژن وەک سیمبولێک نیشاندراوەو پێگەو پێشوەچوونی ژنانیش فۆرمێکی فۆرمالیستی وەرگرتووە وە باشترین نموونەش سیستەمی کۆتایە, نەخولقاندنی  فەزایەک بۆژن کە بتوانێ پەلەقاژەیەکی ئازاد بکات تاکوو ڕێچکەی توانای خۆی بدۆزیتەوە, بەشێوەیەک وزەوو پاوەری خۆی بەکار بهێنیت بۆ پێناسەو  وجوودی خۆی بسەلمێنی, لەلایەکی تریش خۆ بچووککردنەوەی خودی ژن لەبەرامبەر پیاواندا بەتایبەت لە دونیای سیاسەتدا گرفتارییەکی ترە کە بەرۆکی ژنان دەگرێتەوە, هەندێک لە ژنان کە دەگەنە پلەو پایەیەک هەرچەندە زۆر بچووکیش بێت خۆیان بەکاندیدی ڕکابەری پیاوان نازانن، بەشێوەیەک خەمیانە ئەو دەسکەوتانەی کە بەدەستیان هێناوە لەباربچێت و نەگەڕێتەوە.

ئەمە چەند ژن بچووک دەکاتەوە لە خودی خۆیدا ئەوەندە ئاسانتر دەبنە دەستەمۆی پیاوان وە بە تایبەت سیاسەتمەداران جۆرێک دڵنیاییان لا  دروست دەبێت کە رکابەری ژن مایەی بایەخدان نییە.
دەبوو پرسی بەشداری ژن لەنوێنەرایەتی ژن بۆ داڤۆس جێی بایەخی زۆرێک لە میدیاکاران و رۆشنبیران و دەسەڵاتداران بێت, مخابن برووسکەیەکی کزیشم لە شوینێکەوە بەرچاو نەکەووت ڕووناکی بخاتە سەر نوێنەرایەتی ژنی کورد لە داڤۆس.

گەر هەرێمی کوردستان بیەوێت بەشێک بێت لەسیستەمی نوێخوازی و مۆدێرنزمی, گرنگە بە سەرنجی ووردەوە کار بکات بۆ بەشداری کارای ژنان لەپرسی سیاسی و دەوڵەتمەداریدا، ئەمەش چەند بەرابەر  پێگەی ئەوان لای دەوڵەتانی پێشکەوتووی دۆست بەهێزتر دەکات, بەپێچەوانەشەوە کزبوونی پێگەی ژن لە جومگەکانی سیاسەت و دەسەڵاتی هەرێمدا مایەی پرسیارەو جیاوازیەکی ئەوەتۆیی نییە لەگەل مەزهەبیەکانی عێراقی ئێستادا.


PM:03:28:01/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 2841 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی