ژن بوون و ئاڵنگاری یاساكان

‌هەرمن ئەحمەد

ژن بوون گرانترین ئەركە، ئەمە ئەو دەستەواژەبوو کە هەمیشە دایکم فێری ئەکردم کە ژن بوون بارێکی قورس و بەرپرسیارتیەکی گەورەیە. ژن وەبەرهێنەری وەچەی کۆمەڵگەیە و دەریای ميهرەبانی و ئەوین وە هەستی دایکایەتیش هەر میراتی ژنن.

باسكردن لە ھەریەك لەو چەمكانە سەرزارەكی ئاسانە، بەڵام لە قووڵبوونەوەیدا دەردەكەوێت كە چەندە سەختە، چیاكان چەندە سەخت و بەرزن، ئەو چەمكانە ھێندە ئەركی ژنیان گران كردووە و بە قەد دەریاكان مەینەتی تاڵی ژیان دەخەنە ئەستۆی ژن. دواجار کە گەورەبووم، تێگەیيشتم کە ژن بوون تەنیا دوو وشە نیە, بوون بە دایک و وەچە خستنەوە, بگرە دەریایەک ئەرک و نشوستی و گلان و هەستانەوەيه. ھەربۆیە پێویستە شانازی بە ژن بوونی خۆمانەوە بکەین  کە هەمیشە هاوکارو تەواوکەری ئەرکەکانی ڕەگەزی نێرین بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی  کوردەواری مەدەنی  لە بەشێکی رۆژهەڵاتی ناوین بەجۆرێک سروشتی راستەقینەی ژن وێنا بکرێت  و جێ پەنجەی ئێمەی ژن لە بونیاتنانی كۆمەڵگەكەماندا بە وردی بخرێتەڕوو و دیار بێت.

دەبێت بڵێم لە هەندێک کومەڵگەو وەڵاتانی جیهانی سێهەم و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژن بوون مەنجەنیقێکە هەرچی زووخاوو نەهامەتی هەیە بەسەر کائینی ژندا دەهێنێت لەوەش گرفتاری تر هەر لەم کۆمەڵگایانەدا باس لە مافەکانی ژن بەشێوەیەک دەکرێت کە بەهەشتێکیان بۆ سازاندبن، ئەمە لە کاتێکدا  ژنکوژی و  پێشێلکاری مافەکانیان لە هەرە دیاردە شەرمەزارکەرەکانی ئەو جۆرە کۆمەڵگایانەن, کەم کەسیش هەیە  بەدواداچوونی ریشەیی بکات داخۆ چ ژنێک لەم بەهەشتە بێزار بێت و هەڵبێت .

بیرمان نەچێ رۆژئاواش ئەو بەهەشتە نیيە بە جۆرێک لە جۆرەکان   بە ناوی مۆدێرزمیەوە ژن شەکەتوو هیلاک کراوە بەناوی یەکسانی و بەرابەری مافەکان هێنرایە مەیدانی ئیشکردن  هەم لە لایەکی تریش بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵ پەروەردەکردن لەسەر ژن کەم نەبوویەوە، ئەکرێت بڵێين بە مۆدێرنی ژن بەدبەخت کرا، لەگەڵ زۆری کارکردن و بوونی هەمان بڕوانامە وەک پیاوان ئێستاش لە زۆرێک لە شوینەکانی رۆژئاوا مووچەی ژن کەمترە لە پیاو و بەرپرسیاریەتیشیان زیاترە.

لە سۆشیال میدیا و شوێنە فەرمیەکانی ئەوروپا دیاردەی توندتیژی دژبە ژن بەرجەستە دەکریت رۆژانە ژنان سکاڵا تۆماردەکەن دژ بە رەگەزی نێرینە کەواتە لە هەموو سووچێکی دونیا ژن باجی نایەکسانی و دادپەروەری دەدات .
یەکێک لە فاکتەرە هەرە سەرەکیيەکانی  چەوساندنەوەی ژن لە زۆربەی کۆمەڵگەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یاساکان هەمیشە لە بەرژەوەندی پياواندا نووسراوەنەتەوە، چونکە پیاوان خاوەن بیرۆکە و داڕشتنی یاساو دەستوورن لێرەدا ئەرکی ژنانی هۆشیار ئەوەیە کە شۆڕشی یاساو دەستوور گۆڕین بەرپا بکرێت هەر لەو رێگەیەوە دەتوانرێت  گۆڕانکاری ریشەیی بهێندرێتە بەرهەم، بە جۆرێک مافەکان بەدەستووری بکرێن .

  گەر هەرێمی کوردستان بە نموونە وەربگرین، لە بەرامبەر دەستەبەرکردنی مافی ژن، ئەتوانین بڵێین ژنان لە بەردەم سەخترین و دژوارترین رووبەڕوبوونەوەدان, وەک دەزانین  لە هەرێمی کوردستان سيستەم ویاسا و دەسەڵات و هەموو جومگەکانی دەوڵەت زۆربەی زۆری لەژێر فەرمانی پیاواندان کەواتە دەبێت ژنان بەرنامەیەکی  کارایان هەبیت بە  ستراتیژیەتێکی تۆکمەوە بۆ بەگژداچوونەوەی هەر ماف خواردنێک، هەروەها داکۆکی لەمافەکانیان و لە لایەکی تریش چەسپاندنی ژن و رەنگدانەوەیان لە هەر جومگەیەکی دەسەڵات .

لەم هەرێمەی ئێمەدا شەقاوی زۆر باش نراوە گوزارشت لە گەشەو پێگەی ژن دەکات لە گۆمەڵگەدا سەردەمی ریفۆرمخوازی ژنی کورد  یەکێکە لە دیاردە دیارەکانی کۆمەڵگەی ئێمە لەگەڵ بوونی زۆرێک لە تەحەدی و هەڕەشە لەسەر کرانەوەی ژنانی سەردەم لە کوردستانی باشوور .

لەدوای هاتنی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییە، زۆرترین نەهامەتی رووبەڕووی ژن بووەوە، دە هێندەی پێشتر مەینەتبار و بەرپرسیارییەتیەكەی سەختتر و مەزنتر بوو، ئەمە جگەلەوەی ئەتک كران و بوونە کێڵگەی هەوەسبازەکان, سەرباری هەموو ئەو مەینەتیانەش، تازە بە تازە دەیانەوێت یاسایەكی قێزەوەن بەرامبەر بەژن پیادە بکەن کە رێگە بدات منداڵیکی نۆ ساڵ بەشوو بدرێت، تا هەوەسی زەبەلاحێک دامرکێنێتەوە هەموو بەها ئەخلاقیەکان نەک هەر رێگە نادات بەم جۆرە یاسایانە، بەڵکو بیرکردنەوە لەم جۆرە یاسانە بە تاوان و دیاردەیەكی گڵاو دادەنێت چاوەڕوانی و گەشبینی لەم جۆرە مەنتالیتانەدا یەکجار کەمە، لە کاتێکدا لەسەدەی بیستویەکدا یاساو رێساکانی چاخی بەردین نۆژەن بکرێتەوە بیرتان نەچێت ھەوڵی لەو شێوەیە لە عێراق، كە ھەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی و بە یاساكردنی بەشوودانی منداڵانی تەمەن ٩ ساڵانە، موڵكدارییەتییەكەی بۆ پیاوان دەگەڕێتەوە، لە پێناو ھەوەسی خۆیان.

ئەركی ژنە رووبەڕووی ھەر جۆرە یاسا و رێسایەك ببێتەوە، كە نا دادپەروەری لە كۆمەڵگە بھێنێتە ئاراوە و ژن بباتە خانەی بەتاڵكردنەوەی ھەوەس و وەك كاڵا سەیر بكرێت. پێویستە ژنان بە عەقڵ و مەنتق و بنەماكانی دادپەروەری و ھەموو ئەو یاسا و دەستوور و رێسایانەی دادپەروەری دانووسنەوە، رووبەرووی ھەر بەناو یاسایەك ببنەوە كە لە بەھای ژن بدات، لە كۆتاییدا ئەمە بە سەركەوتن و دەستكەوتێكی ژنان دادەندرێت و بەھای ژنانیش دەپارێزێت


PM:10:15:30/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 5895 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی