نەوەی دوای راپەڕین بۆ بووەتە یەکێتی؟

‌هەرمن ئەحمەد

نە پێشمەرگە بووین و نە زیندانی سیاسی، کادری نھێنی ناو شاریش نەبووین، بەڵام ھەموومان دوای رێباز و مەنھەجی قوتابخانەیەک کەوتووین کە پێی دەگوترێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

 لە رابردوودا خانەوادەی زۆربەمان لەگەڵ یەکێتیدا مێژووێکیان ھەبووە و قوربانی زۆریان داوە، لە قۆناخە سەختەکانی حزب دا بەشدار بوونە، بەڵام نەوەی دوای راپەڕین، زۆربەی وەک رێباز و قوتابخانەیەک لەو حزبە دەڕوانێت. تێکۆشانی یەکێتی، خەباتی یەکێتی، قوربانییەکانی یەکێتی، ھەمووی وەک سیستەم بۆ نەوەی نوێ گوازراوەتەوە و ئەوەی بە یەکێتی نیشتمانی دەمان بستێتەوە، باوەڕبوونە بەو رێبازە، باوەڕبوونە بەوەی ئەبێ ئەم کاروانە تا سەر بڕوات و بەشدار بین لە درێژەپێدانی، با لەوە زیاتر یەکێتی بچوک و بێ ھێز نەبێ، بێشک خۆشەویستی و دڵسۆزی ھەر کادیرێک بۆتە وە ئەبێتە ھۆکاری خزمەت کردن و گەورەبوون وە درێژپدانی کاروانەکە دەکات.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە قۆناخی جیاواز تێپەڕیوە وە و تێدەپەڕت، بەڵام لە ھەموو بارودۆخێکدا بەھۆی بناغە پتەوەکەیەوە کادرو سەرکردە گەنجەکانیەوە، بەردەوامبووە و بەھێزتر و بە گڕوتینتر دەبێ، ھەندێک قۆناخ بۆ ئەو حزبە سەخت بووە، بەڵام بەسەر ھەموو سەختییەکاندا زاڵ بووە، زۆرجاریش ھەڕەشەی لەسەر بووە و کار کراوە بۆ لاوازکردن و دابڕاندنی لە کایەی سیاسی یاخود کەمکردنەوەی رۆڵەکەی، بەڵام لە ھەرکاتێکدا نادیدەگرتنی رۆڵی یەکێتی، زیانی بە قۆناخەکە گەیاندووە و جارێکی دیکە ئەو راستییەی بەرجەستە کردووە، کە بێ یەکێتی چارەی کێشەکان مەحاڵە.

ھاوتەریب لەگەڵ بناغە و رێبازە پتەوەکەی، ھەمیشە کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتی خزمەتێکی گەورەیان کردووە، ھەمیشە رۆڵیان ھەبووە لە گەشەکردنی یەکێتی و جێبەجێکردنی بەرنامەکەی، یەکێتی وا بونیاتنراوە، بەرنامەکەی ھەمیشە لە بەرژەوەندی نیشتیمان و ھاونیشتیمانییان بووە، ئەوەشە وایکردووە لەنێو لایەنگرانی و دەرەوەی لایەنگرانیشی پێگەیەکی گرنگی ھەبێت. 

ھەر بۆیە ھەمیشە دەگوترێت کارێزما سیحراویەکەی مام، لە ھەموو قۆناخە سەخت و دژوارەکاندا چارەسەری کردووە، غیابی مام زۆر بە یەکیتیەوە دیارە و دەبێت، بەتایبەتی لەم دۆخە نا سەقامگیرییەی ئێستا مام جەلال ماڵئاوایی لێ کردین، بەدیلی مامە نیە بۆ چارەسەر پێویستیمان بەو ئەقلمەندیەیی مام ھەیە، ھەرچەندە ئەبێت ئەوەش بڵێین خۆشبەختانە لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردەکانی یەکێتی درێخیان نەکردووە لە راستکردنەوەی بارە لارەکە ئەم دۆخە وە ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی، بەڵام پێویستە ھەمیشە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای مام بكرێنە كلیلی چارەسەركردنی كێشەكان، ئەزموونی مام لە چارەسەركردنی قەیرانەكان ھەمیشە وەك قوتابخانەیەك سەیر بكرێت، پێویستە یەكێتییەكان ھەمیشە بە سیاسەتی مام كار بۆ داھاتوو بكەن و درێژە بە رێبازەكەی بدەن و ھەوڵ بۆ ھێنانەدیی ئامانجەكانی بدەن. یەكێتییەكان لە دەستدانی مام بكەنە رێگەیەك بۆ پتەوكردنی یەكێتیی نێوانیان و بە ھەموو شێوەیەك كار بكرێت بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی، بۆ ئەوەی یەكێتی ھەمیشە بە گەورەیی بمێنێتەوە.

ئەوەی مەبەستە و زۆر باسی لێ دەکرێ، رۆڵی کادیرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە جێبەجێکردنی پرۆگرامی یەکێتی و خزمەتکردن بەو حزبە و بە خەڵک، ڕۆڵێ کادر لە بەرچاو بگیرێ، ھەمووان دەتوانین رۆڵی کارامان ھەبێت، دەیان ساڵە ی ن ک لە کایەی سیاسیدا رۆڵ دەگێرێت، پێویستە ھەموو کادیرەکانی پەرۆش بن بۆ ئەوەی ئەو رۆڵەی ی ن ک کاراتر بکرێ، کادیرەکان نوێنەری یەکێتین لە کۆمەڵگە و پێویستە رەنگدانەوەی سیاسەتی حزبەكەش بن، لە ھەمان كاتدا یەکێتیش بە کادرەکانییەوە پتەو ئەبێت و ھەمووشمان بە یەکێتییەوە پتەوتر ئەبین.

ئەگەر یەکێتی وەک بزنس سەیر بکەین، بۆ ئەوەمان بێت بیکەینە ئامرازێک بۆ ئامانجەکانمان و لافی پێ لێ بدەین و ئامرازێک بێت بۆ ستەمکردن لە یەکێتی، بە زیانی یەکێتی تەواو دەبێت، بەڵام ئەگەر وەک قوتابخانەیەک سەیرمان کرد، وەک ئەندامێکی جێبەجێکاری رێبازەکەی لەخۆمان بڕوانین و خەباتەکەی بێنینە پێش چاو و بیکەینە ئامرازێک بۆ خزمەتکردن بە خەڵکی، گەورەترین خزمەتە بەو رێبازە. 

پێویستە کادرانی یەکێتی تەواوی ناکۆکییەکانیان وەلا بنێن و ئامانجی سەرەکییان باشتر کردنی یەکێتی بێت لە کۆمەڵگە، چونکە مام جەلال ئەوەی لە کادرەکانی یەکێتی دەوێ کە ھەموومان رۆڵی ئەرێنیی خۆمان بەرامبەر بەو حزبە بگەیەنین، ئەو رۆڵەی ئێستا لەسەر شانی ھەموومان بووەتە ئەرک، ئەرکێک کە ھەموومان پێویستە لە خزمەتکردنی ئەو حزبە پابەند بین پێیەوە، قوتابخانەی یەکێتی لە ھەموو تەمەنیدا خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات، ھەزاران قوتابیی پێگەیاندووە کە بوونەتە سەرکردەی مەزن، بە ھەزاران کادری ژنی دروست کردووە و پێی گەیاندووە، باشترین پاداشت بۆ ئەو خزمەتە گەورەیەی یەکێتی، پابەندبوونە پێیەوە، درێژە دانە بە رێبازەکەی مام جەلال و بەکارھێنانی لە بەرژەوەندی یەکێتی و ھەموو کۆمەڵگە، کاروانی یەکێتی بەردەوامە و دەچێتە پێشەوە، راستە مام بە جێی ھێشتین و کەلێنێکی گەورەی بۆ دروست كردین، بەڵام کەسانێک ھەن، نەوەیی نوێن، خەبات و ئەرکی سەرشانیان بەرامبەر حزبەکە بەجێ ئەگەینن، سەرلەنوێ لاپەڕەکانی مێژووی یەکێتی بە داستانی سەردەمیانە ئەنووسنەوە، مێژووش ستایشیان دەکات.


AM:09:01:08/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 3983 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی