فۆبیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

‌چرۆ شه‌هاب‌

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بونەتە ماڵی یەکەم بۆ بەکارھێنەرانی، ڕەنگە سەیربێت کە دەڵێم ماڵی یەکەم، بەڵێ ماڵی یەکەمە بۆ زۆرینەی زۆری بەکارھێنەرانی، لە کاتێکدا مرۆڤەکان عەوداڵی ھێڵێکی ئینترنێتن لە ھەر ماڵ و دامەزراوەو کافتریاو چێشتخانەیەک کەواتە بوەتە بەشێکی سەرەکی و خۆراکی ژیان، ھەر بۆیە بڕینی ئەو خۆراکە گرنگە، دورنییە کاردانەوەی نەرێنی دروست بکات و بەکارھێنەرانی بە دوای بەدیلەکەیدا بگەرێن.

کاتێک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبنە جێگەی ترس و دڵەڕاوکێی بەرپرسان و دەستەڵاتداران لە ھەر شوێنێکی ئەم دونیایە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک کە لێرەدا ئاماژە بە چەند ھۆکارێکی کەم و سەرەکیان دەدەم کە ئەوانیش:

یەکەم: تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ھەموو کەسێک دەتوانێت بەکاری بھێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی نوسین و وێنەو ڤیدیۆو پەخشی راستەوخۆ بە بێ ئەوەی فلتەر بکرێت.

دووەم: لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەکارھێنەرانی دەتوانن لەگەڵ گروپ و دەستەکان دەردەدڵی خۆیان بکەن و بەئاسانی لەسەر ھەموو جومگەکانی نێو کۆمەڵگە گفتوگۆبکەن و ببنە ھۆکاری دروستکردنی ڕای گشتی لەسەر ھەر بابەتێک بیانەوێت.

سێیەم: غیابی میدیای نوێ لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکان وەک خۆی و بێ فلتەرکردنی.
ئەمانەو چەندین ھۆکاری کە بونەتە ھۆی ئەوەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان فۆبیایەکی گەورەبێت لە ئیدارەدانی وڵاتدا.
لە دوای ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق ڕویانداھەردەست بەجێ و لە ماوەیەکی کەمدا حکومەتی عیراق ڕاستەوخۆ کەوتە بڕین و ڕاگرتنی ھێڵەکانی ئینترنێت بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە،ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانی کە لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن بچنەژێر باری بڕیارەکە و لە کوردستانیش ھێڵەکانیان ڕابگیرێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا بە ڕاگرتنی ئەو ھێڵانە دۆخەکە ئارام دەبێت؟ بێگومان نەخێر، ئەویش لەبەر ھۆیەکی گرنگ کە نەبونی ساناترین خزمەتگوزاری ڕۆژانەیە کە کارەبا و ئاوە بەتایبەتی لە وەرزێکدا کە گەرما تەنگی بەھەموان ھەڵچنیوە ھەر بۆیە لەبەرامبەر ڕاگرتنی ھێڵەکانی ئنترنێت بەکارھێنەران خێرا بە دوای بەدیلەکە داگەڕان وکەوتنە دوای دابەزاندنی VPN بە ئومێدی ئەوەی بتوانن دەنگ و ڕەنگی ناڕەزایەتیەکانیان بگەیەنن بە دونیای دەرەوە و میدیای جیھانی لە بارودۆخەکە تێبگەیەنن.

لە کاتێکدا تا ئەم ساتە ژمارەی پێگە ئەلەکترۆنیەکان زیاتر لە ١،٢٤ ملیار پێگەی تێپەراندوە و لەھەمان کاتیشدا زیاتر لە چوار ملیار کەس لەجیھاندا ئنترنێت بەکاردەھێنن ، کەواتە ئەستەمە ئەم خۆراکە ڕۆحیە لە بەکارھێنەران ببڕدرێت یاخود ڕابگیرێت، بەدوور نازاندرێت کە کاردانەوەی قورس و نەرێنی بەدوای خۆیدا ڕابکێشێت، چونکە خێراترین بەشی ئینترنێت کە گەشەی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت ئەوانەن کە تۆڕە کۆمڵایەتیەکان بەکاردێنن بێگومان بەکارھێنەرانی عیراق و کوردستان بەشی بەرچاو و سەرەکین لەو ژمارەیەی باسمکرد.
سیستم یاخود پرۆگرامی VPN لەزۆربەی وڵاتانی جیھان بەکاردەھێندرێت بە تایبەتی لە وڵاتانی ئاسیا وەک ئەندەنوسیا و ھیندستان و بەپلەی یەکەم دێن و پاشان چین و مالیزیا ھەروەھا سعودیە و بەرازیل و ڤێتنام و فلیپین و تورکیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو بۆم لە دوای بەدواداچونێکی ورد و پرسیارکردن لەچەند شارەزایەکی ئنترنێتی دەرکەوت کە بەکارھێنەرانی VPN دەتوانن ھەموو کارێکی خۆیان ئەنجام بددەن بەبێ ئەوەی بکەونە ژێر چاودێری کۆمپانیاکە چونکە ڕاستەوخۆ بە سێرڤەری سەرەکیەوە پەیوەست دەبێت و دەتوانرێت لە ڕێگەی گۆڕینی سنوری جوگرافیەوە و لە سیستمی ئنترنێتی وڵاتێکی کەوە داخڵی نێتەکە ببیتەوە، ئەمە چەند باشی ھەبێت بێگومان خراپی زۆرتر دەبێت، بەتایبەتی کە زۆر ئاسانە بۆ تیرۆرستان بەم شێوازە کارە تیرۆریستیەکانین ئەنجام بددەن لە کۆکردنەوە و پێدانی زانیاری وورد بە یەکدی، بە ڕاستی ئەمە لایەنێکی قورس و وردە پێویست دەکات لایەنی پەیوەندیدار ئەم پرسە لەبەرچاوی بگرن.

کەواتە وەک دەوترێت ھەموو «مەمنوعێک مەرغوبە»، کاتێک ئەم ھێڵانە ڕادەگیرێت دەبێت ئەوە بزانرێت کە بە دیلەکە ئاسانە بۆ بەکارھێنەر و مەترسیدارترە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات.


PM:03:31:19/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1897 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی