بەها داڕماوەکان

‌سامانی وەستا بەکر



هەستی نەتەوایەتی یان خۆشەویستی خاک لە گوفتارا نیە بەڵکو لە کردارا  بەرجەستە ئەکرێ.

دروست کردنی کیانێکی سەربەخۆ تەنها هۆشیاری کۆمەڵگەی پێویستە نەک پاساو هێنانەوە.

لاوازکردنی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەیا بۆ لێدان و تێکشانی ڕۆڵی ژن لەژێر پەردەی ئاینا پەیوەستە بە پاشەکشێی بیرڕۆشنی خودی خۆتەوە.
لاواز کردن و شکاندنی پێشەوا بۆ تێکشاندنی ڕۆڵی زانستخوازان و خەڵکانی بیرمەند و هەڵگرانی بیری نوێخواز و داهێنەر ئیتر کەسێک نامێنێ پەروەردەی دروست بڵاوکاتەوەو بەها جوانەکانی مرۆڤ بوون و کامڵ بوونی مرۆڤایەتی بگەیەنێ، لە دروست بوونی بۆشاییەکەی وا گەورەشا سیاسەتمەدار ئەو بۆشاییە پرئەکاتەوەو سەرکردە و تاک پیرۆزەکرێ.

ڕۆڵی مێدیا بۆ گەیاندنی ڕاستی و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگەو ئاشناکردنی خەڵکییە بە کایە جیاوازەکان لە نیوانیشیانا کلتور و ناسنامەی نەتەوە نەک چەواشەکاری و گەیاندنی زانیاری هەڵە لە بەرژەوەندی حیزبێک، کۆمەڵیک یان کەسێک لەوانەش سامناکتر بەفرێشتەکردنی دوژمن بڵاوکردنەوەی کلتور و نەریتی بێگانە پۆخڵ کردنی نەریتی دێرینی نەتەوەکەت.

قوتابخانەو خوێندنگاو فێرگەکان شوێنی فێربوونن نەک لەژێر ناوی بازاڕی ئازادا بکرێن بەسەرچاوەی بازرگانی لەبری ئەوەی مێشکەکان پڕکەن لە زانست گیرفانەکان سیخناخکەن لە دۆلار.

زانکۆ شوێنکە بۆ داهێنان و سەرچاویەکە بۆ زانست، زۆری زانکۆ نیشانەی پێشکەوتنە بەڵام زۆری و بۆری لەبری پێشکەوتن پاشکەوتنی بەرپرس و بازرگانی ووشەی لێئەکەوێتەوانێ وە سەرنجام لەبری داهێنان داڕمانی زانست بەدوای خۆیا ئەهێنێ.

کاڵا و بەربوومی خۆماڵی لای هەر نەتەوەیەک بەنرخترینە نەک لەبری دەستخۆشی و ساغکردنەوەی بەروبوومەکان و هاوکاری کردن بازاڕەکان پڕکرێن لە کالای بێ کەڵک و بەروبوومی بێ جۆرو بێ هیچ سوودێکی خۆراکی.

مووچە مافە لەبەرامبەر ئەو ئەرکەی مانگانە بەجێ ئەگەیەنرێ نەک خەڵات هەربۆیە هەروەک چۆن ڕۆژانە کاتی دەستپێکردن و کۆتای کارکردن دایارکراوەو ئەشبێ فەرمانبەر پابەندبێ پێوەی هەرواش دابەش کردنی مووچە کات و بەرواری دابەش کردنی دیاری کراوەو ناشبێ تەنانەت یەک ڕۆژیش پاشبکەوێت و بۆهەر ڕۆژێک دواکەوتن بڕێک پارە وەک قەرەبوو دیاری کراوە، ئیتر بۆ ئەبێ دابەش کردنی مووچە بکرێ بەسەر دێڕی هەواڵ و چەندین جۆر مێدیای جیاواز خۆیان بەکاتی دابەش کردنی مووچەوە سەرقاڵ بکەن کە کام مێدیا خێراتر هەواڵی دابەشکردنی مووچە ئەگەیەنێ کە ئەمە دوور و نزیک کارێک نیە بۆ مێدیا و ئەرکێکی بێزراویشە.

پیاهەڵدانی دوژمن و هاوکاری کردنی دوژمن تەنها چەک هەڵگرتن نیە بۆی یان پێشکەوتن و ڕێگەنیشاندان نیە بەڵکو جۆر و کانی جاشایەتی بەپێی کات و شوێن ئەگۆڕێن و دوژمن دیاری ئەکات چ جۆرە جاشێک لە چ کات و سەردەمێکا بەکارئەهێنی. بەگشتی جاشایەتی سێ جۆری هەیە: جاشی چەکدار، جاش پێشمەرگە، جاشی فەرهەنگی.

هەڵبەتە میلەتی کورد یەکێکە لەو میلەتانەی هەر لەسەردەمی کۆرشی هەخامەنشیەوە فێری کاری جاشایەتی بووەو لەو کاتەوە تا ئێستا ئەم پەتایەی لێنەبڕاوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەسەر جاشایەتی.

لەوکاتەوەی "کۆرشــی هەخامەنشـــی" "کوڕی مەنــدانەی کـچـــی ئەژیدەهاک" کە بەهاوکاری "هارپــاک" کە یەکێـک بووە لەســەرانی دەوڵەتی مـــاد، ئەژیــدەهــاکی باپـیـرو چــوارەم شـــای مـــادی کوشــت و بــنــەی ئـیـمـپراتـۆریـەتــی فـارســـی دامەزران، تــاکو هـێـرشــی ئەســکەندەری مەکدۆنــی و دەرکەوتـنــی ئـیـســلام و دروســت بوونـی ئـیـمبراتۆریەتــی عەرەب و پاشــان هێرشــەکانی تەتەر و هۆلاکۆ و دامەزرانــی ئـیـمــبـراتـۆریـەتــی تــورکی عوســمـانــی. کورد بەهۆی جاشایەتی و زۆری ژمارەی جاشەکان تەنـهـا ئەوەی لەدەسـتـهـاتـووە بەپـێــی بــاری ڕۆژ هەرجارەو لەلایـەکی کوردســتـانـا مـێـرنـشـــیـنـی بـچــوک پـێـکـبـهـێــنــێ.

لەکۆنەوە تا ئێستا و بەردەوام کورد جاشی چەکداری لێنەبڕاوە کە هەمیشە لە دوژمن سەرسەختتر ڕووبەڕی هەر هەوڵێک بوونەتەوە بۆ ئازادی کوردستان و تا ئەمڕۆش زۆرترین ژمارەی جاشی چەکدار لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان بوونی هەیە و تەنانەت لە باشوری کوردستانیش پاش ئەو نیمچە سەربەخۆیەی کە هەیە بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەژێر ناوی (حشد الشعبی) دیسانەوە بوونەتەوە بە جاش.

بەڵام لە ئێستایا خەتەرناکترین جۆری جاشایەتی لەناو کوردا بوونی هەیە و کەس باسی ناکا بەڵکو زۆر جاریش وەک دەسکەوت و هاوکاری و پێشکەوتن بە میلەت ئەفرۆشرێتەوانێ ئەویش بەجۆرێک کە لەژێر ناوی ئاڵوگۆڕی بازرگانیا توانستی ناوخۆی سەرکوێر و زەلیل کراوە تا ئاستی فەوتان و لەناوچوون، کە لە ڕاستییا ڕووی ڕاستی ئەو بەناو ئاڵوگۆڕی بازرگانیە تەنها بەبازاڕکردن وساغرکردنەوەی کاڵای وڵاتانی بێگانە بە گشتی وە بە تایبەتی بەزۆری بە چڕیش کاڵای دوژمنانی کوردستان ونەتەوەی کوردە.

لەوەش خراپتر بە بێ ئاگابێ یان بەئاگای مێدیای کوردی بۆتە مینبەرێک بۆ ڕێکلامن کردن و بانگەشە بۆ ئەو جۆرە کاڵا ناجۆرانە ، بەجۆرێک باسەکرێن کە خەڵکی سانا و مامناوەند و بگرە زۆرینەی کۆمەڵگە مەست و خەیاڵی ئەو کاڵایانە کراون بەجۆرێک دەست بۆ هەر شتێک بەری و ئارەزوی کڕینی هەر کاڵایەک بکەی کابرای بازرگان و فرۆشیار بۆ ڕاکێشانی سەرنج تا وات لێبکا کاڵاکە بکڕی پێت ئەڵێ لێی دوو دڵ مەیە (دەرەجە یەکە و تورکییە)  بەو واتایەی کە کاڵای و بەروبوومی تورکی باشترینن و بەوجۆرەش کەسی کڕیار پشت لە کاڵای ناوخۆی و ڕوو لە کاڵای بێگانە ئەکات.

جاشی فەرهەنگی یان جاش قەڵەم کاری ئەوەیە کە ڕای گشتی لە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی بەلاڕێێا بەرن پاساو بۆ سیاسەتی سەرکوتکارانەی داگیرکەران بهێنەوە و هەروەها کارئەکەن بۆ چەسپاندنی گوتاری زاڵی دەسەڵات ئەکەن لە کوردستان وەک ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەشید یاسەمـی بەناو نوسەر لە دوو توێی کتێبێکا هەوڵییا بسەلمێنێ کە کورد نەتەوە نیەو لە ڕوی زمان کلتور فەرهەنگەوە بەشێکە لە نەتەوەی سەردەستی فارس.

لە باوکوریش جاشی فەرهەنگیەکان بەردەوام کار بۆ چەسپاندنی (یەک وڵات و یەک ئاڵاو یەک نەتەوە ) ئەکەن کە مەبەست لێێ وڵاتی تورکیاو ئاڵای تورکیا و نەتەوەی تورکە. جاشی فەرهەنگی یان جاش قەڵەم، پێشتر ئەم جۆرە لە جاش تەنها لە ڕۆژهەڵات و باکور هەبوو بەڵام ئێستا پەلیکێشاوەتەوە ناو باشوریش لە ڕێی مەزن کردنی تورک و ڕێکلام کردن بۆ کاڵاکانی ئەو وڵاتەو کردنەوەی چەندین قوتابخانەو زانکۆ کە مەبەست لێی لەبری زانست چەسپاندنی کلتوری تورک گەورەکردنیانە لەسەر حسابی کورد و کوردستان.

ئەوانەی لەسەرەوە باسمان کردن هەمووی لەگەڵ چەندی نمونەی تریش کە لێرەیا باسم نەکردوون بوونەتە هۆکار بۆ چەقبەستووی و سڕبیری کۆمەڵگە بەجۆرێک کە لە زۆرینەی میدیای حکومی و خۆیی و زۆرینەی خەڵکیش (پشتاوپشتی دەسەڵات وەک دەستاودەستی دەسەڵات باسەکرێت) کە ئەمەش یەکێکە لە کفرەکانی کاری ڕامیاری و بەڕیوەبردن کە ئەمەش لێدانی زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بەئاگاهێنانەوەو ڕاچڵەکاندن تا شۆڕشێكی هۆشیاری بەرپاکرێ.

بەڵام ئەوەی گرنگە مرۆڤ بوونە،  هەرگیز کات درەنگ نیە بۆ هەڵسانەوە و چاکسازی چونکە بەهای مرۆڤ وەک بەهای دراوە ئەگەرچی بشدڕێ و پیسبێ و چرچ و لوولیشبێ بەڵام بەهاکەی هەر ئەو بەهایەیە کە بۆی دانراوە هەروەک چۆن مرۆڤیش هەمان بەهای هەیە بە هیچ شتێک بەهای لەدەستنایات ئەگەر مرۆڤ خۆی لەبەهای خۆی نەشکێنێ، بۆیە بەهای مرۆڤ لەوە گەورەترە کە بە ووشەی نەشیاو سوکایەتی و ڕوشان و هێرشکردنە سەر لەبەهای کەمبکرێترەوە، ئەگەرچی ئازایەتی و بوێریش لەناختا شکێنرابێ، هەرچەندە بەکاتێکی سەختیشا تێئەپەڕی، بەڵام بەهای مرۆڤ هەر هەمان بەهایە.  چونکە ئامانج هەیە، نزخ هەیە، بەهاو هەیە ئەگەرچی هەوڵەبەی کۆڵبەی یان ئازاریش بکێشی بەڵام بیرنەچێ کە  مرۆڤ دروست کەری کۆی شتەکانە


PM:02:05:21/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 4016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی