سێ ڕێگاچارە دوور لە خەونی چۆلەکە

‌سامانی وەستا بەکر



سەرەتا گرنگە پێش دەست نیشان کردنی چارەسەر هۆکارەکانی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی پیا گورزەئەکا بە کورتی و بەچڕی دەسنیشان بکەین.

ئەبێ لای هەموو تاکێکی کورد و سیاسی و ڕۆشنیر و بیرمەندەکان ئەوە یەقین بێ کە ئەم ڕەوشە نەخوازراوە دەرنەجامە نەک دەست بادان و دەست شکان. دەرەنجامی سیاسەتی ٢٦ حوکمڕانی خۆماڵی خۆخۆر، حساب نەکردن بۆ بەرامبەر ، کپ کردنی دەنگی ئازاد، دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات، پەکخستنی دامەزراوە شەرعییەکان، پاوانکردنی کۆی کایەی بڕیارە چارەنوس سازەکان لەلەیەن دوو بنەماڵە، هەوڵدان بۆ دروست کردنی ئیمبراتۆری خەیاڵ بۆ تاکە کەسێک وە لەهەمووشی بەئازارتر "خیانەت" کە بووە بەیەکێ لە سیما دیارەکان کە سیاسی و حیزبی کوردی پێئەناسرێتەوە.

چارەسەری کورت خایەن: چارەسەری خێراو بەکار ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم لە مەلەفی دانوستان لەگەڵ بەغا پاشەکشێ بکا و داوایەک لەڕێی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکا و زلهێزەکان و پەرلەمانتارە کورەدەکانەوە ئاڕاستەی حکومەتی بەغا بکات بۆ دەستبەجێ ناردنی لیژنەیەکی بێ لایەن لە بەغاوە بۆ هەرێم بە بەشداری پسپۆڕی بواری ئابوری و کارگێڕی هەرێم کە ئەمانیش کەسانی بێ لایەنبن و لە زانکۆکانەوە دیاری بکرێن بۆ پێداچوونەوەی لیستی ناوی مووچەخۆرەکانی هەرێم و هێزی پێشمەرگە بەمەرجێک حکومەتی هەرێم زۆر شەفاف و ڕوون تۆمارەکان بخاتە بەردەم ئەو لێژنە باڵایە و هیچ ئاڵۆزییەک دروست نەکا  کە لە ڕاستییا لە ئێستایا ئەبێ تۆماری مووچەخۆرانی هەرێم زۆر خاوێنبێ و هیچ تەم و مژێکی لەسەر نەبێ دوای بەکارهێنانی سیستمی "بیۆمێتری-بایۆمەتری" ناکرێ حکومەتی هەرێم هیچ بیانوویەکی هەبێ و تەنیا خۆی ئەو تۆمارە بەنهێنی لای خۆی بپارێزێ چونکوم بەغدایەکی "سەرکەوتوو!" بەسەر هەرێمێکی دۆڕاوی سیاسی ئەوەی هەشە ئەکەوێتە مەترسییەوەو بیانوویەکیش ئەیاتە دەست دەسەڵاتدارانی عێراق کە مافە دەستوری و هاونیشتمانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێشێل بکەن، هەروەک چۆن پێداگری حکومەتی هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ بەغایا بەو هەموو کێشە کەڵەکە بووانەوەی ساڵانی ڕابردووی نێوانیان و ئەو شکستەی سیاسیەی دەسەڵاتی هەرێم بەرامبەر بە ناوەند تەنیا کات کوشتن و برسی کردنی زیاتری مووچەخۆران و دواخستنی پرۆژە و پەکخستنی کەرت و سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمە وە لە باشترین باریشدا هەرێم ئەبێ تەنازولاتی زۆرتربکا چونکە ئەمە کاری دۆڕاوە بەرامبەر براوە.
سودی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە دەسەڵات و حێزب و حکومەتی هەرێمیش وەک ناڕەزای بەرامبەر زیاڕۆی عێراق و ناوهێنانی "شمال العراق" لەبری هەرێمی کوردستان و سەرهەڵدانەوەی بیری شۆڤێنی عەرەبی لەناو کایەی سیاسی عێراقی و هەنگاونان بەسەر دەستورا پشان بدرێ کە ئەو شکستەی چەند سیاسیەکی هەرێم شکستی کۆی نەتەوەی کورد و دانیشتوانی هەرێم نیە و لەبەرمبەریشا تا عێراق پابەند و ئیلتزام بە دەستورەوە نەکا ئەوا هەرێمیش ئامادەی دانوستانی ڕاستەوخۆ نابێ و کێشە هەڵپەسێوراوەکان تەنیا لە ڕێی لیژانی بێ لایەنەوە گفتوگۆی لەسەر ئەکرێ.

چارەسەری مام ناوەند:  ئەگەر عێراق بە هەنگاوی یەکەم ڕازیبـێ یان ڕازی نەبێ بە ناردنی لیژنەیەکی بێ لایەن بۆ چارەسەری داهات و بودجەی هەرێم ئەوا ئەبێ هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتا ئەنجام بدرێ چونکوم نەریتی سیاسی ڕەوشتی سیاسەتوانانی شکۆدار هەروایە لەکاتی شکست و نسکۆو تەنانەت ڕوودانی هەڵەشدا بۆ پاراستنی شکۆو شانازی خۆیان و حیزب و وڵاتەکەشیان ڕاستەوخۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام ئەیەن تا خەڵکێکی نوێ دەسەڵات وەرگرن بەهۆکاری ئەوەی کە دانوستان و چاکسازی بە خەڵکی تاقیکراوەو دۆڕاو ناکرێ. خۆ ئەگەر هێزە کوردییەکان هێندە خۆنەویست و خاک پەرستبن، باشترین و جوانترین پەیام بۆ عێرا ق و هێزە هەرێمی و دراسێ و جیهانییەکان ئەوەیە کە ئەو سەرکردانەی شاخ کە زۆربەیان تەمەنی خانەنشینییان تێپەڕانووە یان زۆر نزیکن لێـی پشوو وەرگرن و دووربن لە بڕیاری سیاسی و حیزبەکانیان بەجێهێڵن بۆ کادێرو خەڵکانی خاوەن بڕوانامە و خوێنی نوێـی ناو حێزبەکانیان وە ڕێگەبەن کە ئەو کەسانە ببنە سەرتۆپی لیستی هەڵبژاردنەکان و خاوەن بڕیار و مەکتەب سیاسی حیزبەکانیان.
حکومەتەکەی نێچیربارزانی و قوباد تاڵەبانی ئومێدی لەسەر هەڵناچنرێ. نێچیرێک ١٨ ساڵە سەرۆک وەزیرانە بە هەموو جۆرێک تاقی کرایەوە کە هیچ هونەرێکی بەڕێوەبردنی وڵات نازانێ و فێریش نابێ کە ئەکرێ بە "کەم ئەندامی دەسەڵاتدار" ناوزەند کرێ و داهێنەری ئابوری سەربەخۆی هەرێمە کە گەورەترین شکستە لە مێژووی حکومڕانی هەرێما لەدوای ڕێفراندۆمەکی مامی. هەرچی قوباد تاڵەبانیشە ئەگەر کوڕی مام جەلال نەبێ لە هیچ فەرمانگەیەکا بەبێ واستە وەرناگیرێ و کەچی ئەم پێنچ ساڵە لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێما بەشدارەو باشترین کاری داهێنانی بیۆمێتری بوو کە هیچی لە هاوکێشەی هەڵاوسانی زۆری مووچەخۆران نەگۆڕی، پێش سیستمی بیۆمێتری ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم 1395109  بوو  وە مانگانە بۆ مووچە 873 ملیار دینار پێویست بووە بەڵام دوای بیۆمێتری ئەم ژمارەیە بووە بە 1249481 مانگانە بۆ مووچە 897 ملیارو 500 ملیۆن دینار پێویستە واتە بە‌پێـی‌ ئه‌و ئامارە 145 هه‌زار و 628 مووچه‌خۆر كه‌م بۆ‌ته‌وە‌ كه‌چی پارەی مانگانه‌ی پێویست بۆ مووچه‌ (24) ملیار و 500 ملیۆن دینار زیاد بووە "عەجایب"‌! ئەم دوو کەسایەتییە زادەی شکستەکانی ڕابردوون و چاوڕوانی لەمان لە باشترین کاتا خەونی چۆلەکەیە و بەس.
سودی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە ئەو حکومەتە نوێیە لە خەڵکانێک پێکدێن کە بەشدار و تێوەگلاوی شکستەکانی پێشوو نەبوون و ئەتوانن بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە دانوستان بکەن و دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنن یان لایەنی کەم نابنە هۆکارێک بۆ لەدەستدانی دەستکەوتە هەنووکەییەکان.
چارەسەری درێژ خایەن: بەستنی کۆنگرەی نەتەوەی کورد بە بەشداری کۆی حیزبە سیاسی و نوخبەی بیرمەند و کەسانی بێ لایەنی خاوەن ئەزموونی کوردستانی گەورە وە دەرچوون لێی بە بڕیارێکی گشتگیر بۆ کۆی جوگرافیای کوردستان و سەپاندنی بەسەر تەواوی حیزبە سیاسیەکانا بەجۆرێک وەک دەستورێک بۆ کورد چاویلێکرێ و ئەژمارکرێ و دەرچوون لێـی بە خیانەتی نەتەوەی  بناسێنرێ تا هیچ هێزو لایەنێک ڕێ بەخۆی نەیا لەدەرەوەی ئەو "دەستور شێوەیە" دانوستان لەگەڵ هێزە هەرێمی و داگیرکەرەکانی کوردستان و تەنانەت زلهێزەکانیشا بکات، ئەمە لەبەر پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە کورد بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەیچڕێ و سیاسیە ناشارەزاکان و حیزبەکان بۆ دەستکەوتی حیزبی و کەسی لەسەر مێزی گفتو گۆ هەمیشە دۆڕانوویانە.
سودی ئەم هەنگاوە ئەوەیە کە جۆرێک لە دەستور بۆ کوردستان دابنرێ بخرێتە ناو پەیڕەو پرۆگرامی کۆی حیزبەکانی کوردستان و لە سەروبەندی دانوستان کردن لەگەڵ هەر لایەکا  خەتە گشتییەکانی ئەم دەستورە قابیلی تێپەڕاندن نەبێ و لەکاتی هەر ئاڵەنگارییەک کە ڕووبەڕووی هەر پارچەیەکی کوردستان ببێتەوە ئەوا کۆنگرەی نەتەوەی کورد کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و بڕیار لەسەر چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە هەنووکەی و مام ناوەند و درێژخایەنەکان دەربکات.


PM:02:57:07/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 3400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی