دزیی میدیایی و گزیی میدیاوان

‌شوان ئادەم ئەیڤەس


لەپاڵ توێژەران و ئەكادیمیی و نووسەراندا؛ داخوازی دووركەوتنەوەی میدیا و میدیاوانان لەدیاردەی گزییكردن و دزینی بەرهەمی هزریی ئەوانی دیكە، خواستێكی سەرەكیی پێوەرەكانی رێسا پیشەییەكانی راگەیاندن و بەند و بڕگەكانی یاسا بەركارەكانی وڵاتانە كە سزای روون و راشكاوی بۆ تاوانبارانی ئەو جۆرە گزیی و دزییە دیارییكردووە و بەدەقی یاساییش پشتڕاستكراوەتەوە.

بەپێی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2012ی مافی دانەر و مافە هاوسێكانی لەهەرێمی كوردستانی عێراقدا؛ بە بەندكردن بۆ ماوەیەك لەیەك مانگ كەمتر نەبێت و لەساڵێك زیاتر نەبێت، بەغەرامەیەك لە پێنج سەد هەزار دینار كەمتر نەبێت و لەیەك ملیۆن و پێنجسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت یان بەیەكێك لەم دوو سزایە سزا دەدرێت؛ هەركەسێك مافەكانی ئەو كەسەی كارێك دادەهێنێت یان مافی هونەرمەندی بەجێگەیەنەر، بەرهەمهێنەرانی تۆمارە بیستراوەكان، دامەزراوە و ئێزگە و كۆمپانیا و دەستەكانی پەخشی تەلەڤزیۆنیی و رادیۆیی و خانەكانی بڵاوكردنەوە، پێشێل بكات.

گزییكردن (Plagiarism)؛ پێشلكردنی مافی خاوەندارێتیی و دزینی بەرهەمی هزریی كەسانی دیكە و بەكارهێنانەوەیەتی بەشێوەیەكی زارەكیی یاخود نازارەكیی و دەستنووس، چاپكراو، هێڵكاریی و گرافیك و تۆماركردنی دەنگیی و رەنگیی یاخود دیجیتاڵی، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی یاخود بەبێ پرسكردن و ئاماژەدان بەسەرچاوەی بەدەستهێنان و هەڵهێنجان و لێوەرگرتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ؛ جا بەمەبەست بێت یاخود بەبێ مەبەست.

لەڕووی ئەكادیمییەوە؛ زانكۆی برادفۆرد-ی بەریتانیایی گزییكردنی زانستیی بە تاوانێكی گەورە داناوەو شەش جۆری جیاوازیشی لێ دەستنیشان كردووە، لەوانە گزییكردن لەرێی: كۆپیكردنی راستەوخۆ، گۆڕینی وشەكان،شاردنەوەی سەرچاوەكان، كاركردن لەگەڵ خوێندكارانی دیكەدا، كڕینی دەقێك یان بەرهەمێكی كەسانی دیكە لەگەڵ گزییكردنی خودی و دووبارە بەكارهێنانەوەی كارێكی پێشتر ئەنجامدراو. هەڵبەتە هۆكارەكانی گزییكردنی زانستیی زۆر و هەمەجۆرن، بەڵام دیارترینیان دەگەڕێنەوە بۆ نەشارەزایی لەبنەماكانی نووسینی ئەكادیمی، بێتوانایی لەرێكخستنی كاتدا، ئارەزووی زوو گەیشتن بەپلە و پایەی بەرز، هەستنەكردن بە بەهای كاری رەسەن، پەروەردەی نادروست و هەڵە، ترسان لەكەوتن و نوشووستهێنان، ئاسانیی دەستگەیشتن بەسەرچاوەی ئەلكترۆنی، هەستكردن بەئازاری قەرەبوونەكردنەوەی رابردوو، پشتگوێخستنی سەرچاوەكان لەگەڵ زۆریی ژمارەی نووسینگە بازرگانییەكانی گزییكردن لەنووسینی راپۆرت و پرۆژەی دەرچوون و تێزەكانی ماستەر و دكتۆرادا (حەسەن، 2020: 146_157).

ئەوەش درووست بەپێچەوانەی هەندێك لەناوەندە ئەكادیمییەكانی هەرێمی كوردستانە كە بەبێ دانانی دەرگاوانێكی تووندی ئەكادیمی؛ رێگە بەتێپەڕین و دەرچوواندنی خوێندكاران و توێژەران دەدرێت و هیچجۆرە پرۆگرامێكی ئەلكترۆنیی هاوشێوەی (Turnitin) نییە بۆ دەستنیشانكردنی ئاست و ئاڕاستە و جۆرەكانی گزییكردن لەراپۆرت و پرۆژە و تێزە ئەكادیمییەكاندا. بگرە هەندێك لەوانەی بە گزییكردن و ساختەكردنی بەڵگەنامە و بڕوانامە و توانستی زانستییان دەگیرێن؛ فەرمانی وەزاریی و زانكۆیی دەركردن و بێبەشكردنیشان لەخوێندن بۆ دەردەچێت، بەڵام لەدوای چەند ساڵێك و بەهۆی واسیتە و مەحسوبییەت و مەنسووبیەت-ەوە، چانسی سەرلەنوێ پێشكەشكردنی خوێندنی دكتۆرا و تەنانەت وەرگرتنی پۆستی كارگێڕیی هاوشێوەی سەرۆك بەش و كارگێڕی كۆلیژ و بەڕێوبەری گشتیی و سەرووتریشیان بۆ دەڕەخسێنرێت!

ئەگەرچی گزییكردن لەبواری راگەیاندن و رۆژنامەگەرییدا؛ هاوشێوەی كایەی ئەكادیمیی و هونەریی و بوارەكانی دیكەیە، بەڵام سێ جۆری سەرەكیی گزییكردن لەبواری رۆژنامەگەرییدا زۆرتر بەرچاو دەكەون، لەوانە: گزییكردن لەزانیارییدا؛ كاتێك زانیارییەكان لەلایەن رۆژنامەوانێكی دیكەوە كۆكرابێتنەوە و بەبێ ئەوەی پشتیان پێبەسترابێت یان بڵاوكرابێتنەوە، بەكاربهێنرێنەوە. گزییكردن لەنووسیندا؛ كاتێك كە رۆژنامەوانێك بەشێك یان چەند بەشێك لەچیرۆكێكی رۆژنامەوانیی رۆژنامەوانێكی دیكە راستەوخۆ كۆپی دەكات و لەوتارێكی خۆیدا بەكاری دەهێنێتەوە. گزییكردن لەبیرۆكەدا؛ كاتێك كە رۆژنامەوانێك بیرۆكەیەك یان تیۆرییەكی لەبارەی پرسێكی هەواڵیی هەیە و رۆژنامەوانێكی دیكە ئەو بیرۆكە و تیۆرییە وەك بەرهەمێكی خۆی پێشكەش دەكات. لەو دۆخەشدا؛ دووبارە داڕشتنەوەی لێدوانەكان وەك باشترین رێگەچارەی دووركەوتنەوە لەگزییكردنی بیرۆكەكان دادەنرێت.

لەو رووەوەو لەمانگی ئایاری 2014دا؛ كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمەریكایی بڕیاری دەركردنی ماری گاموشیان-ی نووسەر و پەیامنێری خۆی دا، بەهۆی ئاشكرابوونی 128 جار گزییكردنی لەگواستنەوەو بڵاوكردنەوەی 50 هەواڵدا. جا بۆ نەهێشتن یاخود بەرتەسككردنەوەی ئەو دیاردەیە؛ باشترە بیر لەبەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی بكرێتەوە لەرێی پابەندكردنی زیاتری میدیا و میدیاوانان بەپێوەرەكانی رێسا پیشەییەكان و ئاشناكردنیان بەبنەماكانی نووسینی سەنگین و ئەتەكێتی كۆكردنەوە و داڕشتنەوەو بڵاوكردنەوەی زانیاریی لەسەر رووداوەكان. هاوكات بەدواداچوونی یاسایی و كاراكردنی سزاكان یاخود دۆزینەوەی پرۆگرامی ئەلكترۆنیی هاوچەرخ و دابینكردنی؛ بۆ رێگرییكردن لەزۆری ژمارەكانی گزییكردن و دزینی بیرۆكەی وتار و هەواڵ و وێنە و ژانرە رۆژنامەوانییەكانی دیكە.


PM:06:41:30/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی