بەر لەوەی کۆرۆنا دوایین خەندەی منیش بتارێنێت؛ وەسییەتێک ...

‌شوان ئادەم ئەیڤەس

 جاران کۆرۆنا رۆحکێشی خزم و خوێش و خۆیان نەبوو؛ پێشینانمان کردبوویانە ویردی سەرزاریان کە «ھەموومان مەرگێک قەرزارین»، ئێستا ڤایرۆسێک بەربڵاوە کە بەرلەوەی گوومان لەبوون و نەبوونی بکەین، دەرفەتی قەرزکردنیشمان ناداتێ و ھەر بە کاش زووتر لەوەی وەسیەت بکەین؛ کۆرۆنا دوایین ھەناسە و دوایین خەندەی سەرلێوانمان دەتارێنێت!

جا لەمڕۆژانەدا کە تاوناتاوێک ھەواڵی مەرگی ئازیزان و خزم و خوێش دەبیستین، رەنگە باشتربێت بەرلەوەی ھەواڵی مەرگی خۆیشم بڵاوبێتەوە، ئیتر لیستی قەرزەکانم ئامادەبکەم. لیستێک کە من لەمێژە، لەنێو فۆڵدەری کۆمپیوتەرەکەم و لەتەنیشت لیستی ناونیشانی ئەو کتێب و توێژینەوە تەواونەکراوانەوە دامناون کە بێمتمانەیی و قەرزکوێریی حکومەت؛ نەیھێشتووە بەسەریان بکەمەوە. ئەوانە رەنگە پەیوەست بن بەژیانی تایبەتیی من و تایبەتمەندییەکانی، بەڵام وەسیەت بێت ئەم ئامۆژگاریانەی د.بیلال عومەر لەبەشی ڕاگەیاندنی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیی لەبیرنەکەن. بەتایبەت «ئەگەر نیشانە سەرەتاییەکانی پەتای کۆرۆنات تیا دەرکەوت، وەک سەر ئێشەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و ئازاری بەھێزی ناوشان و بێتاقەتی و بێھێزی، بێ ھیچ شڵەژان و ترس و دڵەڕاوکێیەک دەست بکە بە چارەسەری سروشتی خۆت لەماڵەوە:-

١- دەستکێش بەکاربێنەو خۆت جیا بکەرەوە لەئەندامانی خێزانەکەت.

٢- رۆژی ٣-٤ جار غەرغەرە بکە بە ئاوی شلەتێن وخوێ، یان سرکەی سێو.

٣- بە ھاڵاوی ئاوی گەرم سیەکانت خاوێن بکەرەوە. ڤیتامین D و ڤیتامین C رۆژانە لەئاودا بخۆرەوە. خۆراکە ریشاڵدارەکان وەک برۆکلی و سپێناخ و ...تاد بۆ ژەمەکان بخۆ. زۆر بخەوە، لەشەو رۆژێکدا لەبری ٨ سەعات ١٠ بۆ ١٢ سەعات بخەوە.

٤- ئەگەر سەرئێشەو ئازاری جومگەکان و ناوشان و قاچت ھەبوو، تەنھا حەبی ئازارشکێن وەک پاراستۆڵ؛ بەکاربێنە.

٥- لەماڵەوە بمێنەرەوە تا ڤایرۆسەکە سوڕی خۆی تەواو ئەکات.

٦- ئەگەر کۆکەی زۆرت ھەبوو ئەوا لەژێر رێنمایی دکتۆر شروب بەکاربێنە.

٧- پێویست ناکا خۆت تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکەیت بڕۆیت بۆ نەخۆشخانە! تەنھا چەند رۆژێکی دیاریکراو ئازارت ئەبێ و پاشان بەرەو باشتر ئەڕۆیت.

٨- ئەگەر ھیچ نەخۆشیەکی درێژ خایەن وەک نەخۆشی فشاری خوێن، نەخۆشیەکانی دڵ، شەکرە، شێرپەنجەو ئێچ ئای ڤی، ئەوا ھیچ خۆت تووشی نیگەرانی مەکەو نەخۆشیەکە تێئەپەڕێنیت.

٩- ئەگەر رۆژانی ٤-٥ ەم ھەستت بەئازاری سیەکان وھەناسەتوندی و کۆکەی زۆر کرد، ئەوکاتە پێویستە سەردانی نەخۆشخانە بکەیت.

١٠- لەووڵاتانی ئەوروپا بەملیۆنەھا کەس بەو رێگەیە نەخۆشیەکەی تێپەڕاندووە بەبێ ئەوەی سەردانی پزیشک و نەخۆشخانە بکات.

جگە لەوەش لەماڵەوە چارەسەری سروشتی خۆت بکەیت، زۆر باشترە لەکەشی ناو نەخۆشخانە، وەک پێشتر باسم کردووە لەئەوروپا تەنھا ئەو نەخۆشانە لەنەخۆشخانەکان وەرگیراون کە نیشانە قورسەکانیان ھەبووە. بۆ ئەوەی زوو پەتاکە تێپەڕێنیت، تکایە گوێ لەپروپاگەندەو ئامارو ژمارەی تووشبووان و تەنانەت قوربانیان مەدە، ئەگەر ھەڵگری ڤایرۆسەکەیت بڕۆ دەست بکە بەچارەسەری خۆت بە خواردن و ڤیتامینات و خەوی پێویست و ئارامبوونەوە، لە سەدا پەنجای نەخۆشی کۆرۆنا دەروونیە، ئەو لەسەدا پەنجایەش لەمیدیا وەرئەگریت، بۆ ئەوەی لەو لەسەدا پەنجایە پارێزراوبیت، سەیری ھەواڵی کۆرۆنا مەکە!»


PM:04:52:19/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی