حیکمەتەکەی لەچییدایە؟

‌شوان ئادەم ئەیڤەس

ئەوەی تێبینیی دەکرێت ناوبەناو، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان جیاواز لەھەر وەزارەت و نێوەندێکی دیکەی حکومەت؛ ھەلی کار بۆپۆستەکانی سەرۆکی زانکۆ، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ، راگری کۆلێژ، راگری پەیمانگا، بەڕێوبەری گشتیی سەنتەری توێژینەوە، ....تد رادەگەیەنێت، بەڵام زۆرجار بەدوور لەو داواکارییانەی پۆستەکە دەیخوازێت کاندیدەکان ھەڵدەبژێرێن.

پرسیارە گەوھەرییەکان لێرەدا بریتیین لەوەی کە ئایا ئەم پۆستانەی رادەگەیەنرێن ھەر بەراست دوای بینینی سیڤیی خوازیاران و چاوپێکەوتن و یەکلابوونەوەی ھەموو مەرجە داواکراوەکان؛ پۆستە بەتاڵەکان پڕ دەکرێنەوە یاخود پێشتر کاندیدی دڵخواز ھەڵبژێردراوەو ئەمجۆرە راگەیاندنانەی وەزارەت تەنھا و تەنھا بۆ دەفعی گلەییە؟! ئایا جگە لەمەرجە راگەیاندراوەکان؛ حساب بۆ مەرجە رانەگەیاندراوەکانی وەک مەحسوبیەت، مەنسوبیەت، واسیتەو تەکلیفی دۆست و ئەحباب ناکرێت؟ ئایا وەزارەت تەنھا ھەلی کار بۆ ئەو پۆستانەی کە پلەکەیان لەئاستی بەڕێوبەری گشتیی یان سەروترە؛ بەتەنھا لەچەند زانکۆیەکی دیاریکراو رادەگەیەنێت یان بۆ ھەموو زانکۆ حکومییەکانە؟ ئەگەر بۆ ھەموویانە؛ بۆچی یاریدەدەرانی ھەندێ لەسەرۆک زانکۆکان و راگری ھەندێ لە کۆلیژ و پەیمانگاکان لەدەرەوەی ھەرجۆرە رێسا و یاسا و کێبرکێ و راگەیاندنێکی پێشوەختە تەعین دەکرێن؛ بەبێئەوەی لانیکەمی مەرجە داواکراوەکانی پۆستە بەتاڵەکەیان تیاێت کە لەیاسای ژمارە 10ی ساڵی 2008ی وەزارەتدا راگەیانراون؟! یاخود بۆچی ھەندێ کەس کە پلەی زانستییان لەپرۆفیسۆری یاریدەدەر (زۆرجار وەک مەرج داوادەکرێت) کەمترە، بەڵام لەیەککاتدا وەک راگری کۆلیژ و پەیمانگا یان سەنتەرەکانی توێژینەوە تەعین دەکرێن؟ ھەر بەڕاست ئەو پۆستانە بچووک و بێبایەخن یان کەسە تەعینکراوەکان؛ بێوێنە و دەگمەنن؟

لەم رۆژانەدا دۆستێک دەردەدڵی ئەوەی دەکرد کە جارێکیان سیڤیی خۆی بۆیەکێک لەو پۆستە بەتاڵانەی یەکێک لەزانکۆ حکومییەکان ناردووە؛ پاشئەوەی لەرۆژی چاوپێکەوتندا ئامادەبووە، بەڵام دواتر یەکێک لەوانەی کە بەشداریی چاوپێکەوتنەکەی نەکردووەو ئامادەنەبووە؛ تەعینکراوە نەک ھەڵبژێردرابێت!؟

جا ئەگەر وەزارەتێکی وەک خوێندنی باڵا کە دەیان «ئەکادیمی» تیایدا راوێژکار و بەڕێوەبەرن؛ بە بەرنامە کار لەسەر ئەمجۆرە ھەڵاوێرد و «شانۆگەری سیڤی» وەرگرتنە بکات کە ھەر خودی خۆی ھیچ بایەخێک بۆ مەرجە راگەیاندراو و یاسای وەزارەتەکەی دانەنێت، ئیتر بۆ گلەیی لەنێوەندێکی «نائەکادیمی» بکرێت کە ھیچ حسابێک بۆ یاسا بەرکارەکانی ھەرێم ناکات و بەپێی لۆژیکی ھێز  پۆستەکان بۆ دۆست و ئەحباب یەکلایی دەکاتەوە. کەواتە حیکمەت لەدواکردنی سیڤیی و چاوپێکەوتنی کاندید و ھەڵسەنگاندن و کێبرکێ چییە کە پێشتر پۆستە بەتاڵەکان؛ بەباڵای ئەم و ئەودا بڕاون و دووراون؟!


PM:05:58:26/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی