زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەڵەبجە و پێویستیی سەرپێخستنی

‌شوان ئادەم ئەیڤەس



ئەگەرچی کردنەوەی «دوکانی ئەکادیمی» لەژێر ناوی زانکۆدا؛ بەبێ کنە و پشکنین و توێژینەوەی پێشوەخت بووەتە دیاردەیەکی باوی ئێستای ھەرێمی کوردستان، بەڵام لەپرۆژە پێشنیازی دامەزراندن و سەرپێخستنی «زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەڵەبجە»دا، زیاد لەپێویستییەکی ھەنوکەیی بەدەردەکەون؛ لەوانە:

یەکەم: ھەریەک لە پەیمانگا و کۆلیجی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی ھەڵەبجەی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی کە رۆژی پێنجشەممە «٠٥ی ئەیلولی ٢٠١٩» ئاھەنگ بۆ خولێکی نوێی دەرچوانیان رێکدەخرێت؛ خاوەنی زیاد لە ٢٨ دۆنم زەوی کشتوکاڵیین. دەتوانرێت لەم ئاھەنگەدا و بۆیەکەمجار ئاشکرابکرێت کە ئەم پەیمانگا و کۆلیجە دەبنە بەردی بناغەی دامەزراندنی «زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەڵەبجە» و بەدوایداھەریەک لەدوو بەشەکەی پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی لە پێنجوێن و پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان بخرێنەسەر ئەم زانکۆ نوێییە. 

دووەم: ھەڵەبجە وەک «پارێزگا»یەکی نوێی بێخزمەت؛ خاوەنی رووبەڕێکی بەرفراوانی زەوی بەپیتی کشتوکاڵییە و لەبەرھەمھێنانی زۆر جۆری سەوزە و میوەدا بێڕکابەرە. ھەربۆیە دەتوانرێت ئامانج لەکردنەوە و سەرپێخستنی ئەم زانکۆ تەکنیکییە، بوژاندنەوە و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵیی و بەھاپێدانەوەی بەرھەمی ناوخۆیی بێت؛ لەرێی تێگەیاندن و پێگەیاندنی تیۆریی و کردەیی ھێزی کاری ناوخۆ لەسنوری شارەزوور و ھەڵەبجە و ھەوراماندا.

 سێیەم: لەپاڵ ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆکدا، دەشێت ھەڵەبجەش ببێتە خاوەن زانکۆیەکی پۆلیتەکنیک و جۆرێک لەتایبەتمەندیی وەرگرێت لەبوارەکانی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، بازرگانی، کیمیا، بایۆلۆجیی و زۆر بواری دیکەدا کە سروشت و بازاڕی ناوچەکە دەیخوازێت.

چوارەم: ئەم زانکۆ نوێییە لەگەڵ دامەزراندنییدا، دەکرێت بۆڵۆنیا پرۆسێس و سەربەخۆیی دارایی خۆی لەرێی بەرھەمە چێنراوەکانی و پارەی خوێندنی بەشە جیاوازەکانییەوە مسۆگەر بکات. بەتایبەت لەئەگەری سەرکەوتنی «بڕیار»ەکەی ئەمدواییەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان بۆ پێدانی زەوی بەدەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکان، دەبێتە یارمەتیدەرێکی زۆرباش لەدۆزینەوەی ھەلی کار و باشتر ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆییدا. بەتایبەتتر ئەگەر بتوانرێت ھانی کەرتی تایبەت بدرێت بۆ بوژاندنەوەی شێوازە جیاوازەکانی گەشتیاریی و کردنەوەی کارگەکانی وەک بەرھەمەکانی شیر، دۆشاوی تەماتە و زەیتون و ...تد.

پێنجەم: لەرووی زانستی، دارایی و کارگێڕییەوە ئەم زانکۆیە توانای دامەزراندن و سەرپێکەوتنی لەبارترە، بەھۆی زۆریی ژمارەی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و ھەڵگرانی نازناوگەلی زانستیی پرۆفیسۆر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستا لەبوار و پسپۆڕی جیاوازدا.
سەرباری ھەموو ئەوانەی سەرەوە، ژینگەی «زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەڵەبجە» ھێندە لەبارە کە ببێتە نێوەندێکی مەعریفیی ھاوچەرخ و دەرمانی دەردی بەشێک لەو نەخۆشییە جەستەیی و دەروونیانەی بەھۆی لێکەوتەکانی کیمیاییبارانی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ەوە؛ بەمیرات بۆ دانشتوانی ھەڵەبجە بەجێماون و ساڵانە وەک دارەمەیتێک بەدوای خۆیاندا رایدەکێشن!


AM:09:13:05/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی