میدیاى کوردى و دەستدرێژییەکانى میلیشیا حیزبییەکان

‌شوان ئادەم ئەیڤەس

لە 26ساڵى ئەزموونى حوکمدارییاندا، یەکێتى نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان وەک دوو هێزى هەژموندارى خاوەن چەکدار، پشکى شێرى ئەو یاساشکێنى و پێشلکارییانەیان بەردەکەوێت کە بەرامبەر میدیاو میدیاوانانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدراون.

لە شکاندنى ئامێرە رۆژنامەوانییەکان و هەڕەشەو تۆقاندنى رۆژنامەنووسانەوە بگرە تاوەکو بە بریندارکردنى جەستەیی و دەروونی، رفاندن و کوشتن دەگات، ژینگەیەکى میدیایی ئەوتۆیان بەرهەمهێناوە کە هەرگیز نەتوانراوە بۆ ماوەیەکى درێژ هەناسەیەکى قوڵى ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی تێدا بدرێت و چيتر هەناسەبڕکێ بە بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەرانى میدیا نەکرێت!

یەکێک لەسەروەرییەکانى ئەم ئەزمونە خۆماڵییە کوردییە، بەرهەمهێنانى یاساى ژمارە 10ى ساڵى 1993ى چاپەمەنیی و دواتر هەموارکردنەوەو گۆڕینى بوو بۆ یاساى ژمارە 35ى ساڵى 2007ى رۆژنامەگەری، کە تێیدا هەریەک لە سانسۆرى پێشوەخت، سنوردارکردنى زانیارییە گشتییەکان، دەستگیرکردنى رۆژنامەنووس و داخستنى کەناڵى میدیایی یاساغکران.

بەشێکى ئەم گۆڕانکاریانەش، کرانە کراسێک و دووران بەبەرى دەستکەوتەکانى وەزارەتى رۆشنبیری، بەڵام فەرمانى ژمارە 5002ى هەمان وەزەرات لە رۆژی 19/12/2017ی بۆ راگرتنى پەخشى کەناڵەکانى دامەزراوەى میدیایی نالیا، گومانێکى قووڵیی لەسەر کارنامەى شارەوەى ئەو وەزارەتە دروستکرد.

بەتایبەت کاتێک لە رێی هێزە ئەمنییەکانەوە بەشێوەیەکى زۆر نایاسایی ئەو فەرمانە جێبەجێکراو سەرەڕاى دەستبەسەرداگرتنى ئۆفیسى سلێمانى و کارمەندەکانى، چەند رۆژنامەنووسێکیشیان دەستگیرکرد!

لەرێی ناڕەزایینامەیەکەوە رێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک)؛ وێڕاى رەتکردنەوەى ئەو فەرمانە وەزارییە، هۆشیاری دایە سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان لەوەى زیاترو وردتر پابەندبن بە یاسا و رێسا پیشەییەکانی رۆژنامەگەریی لەکاتى بارگرژیی و ململانيَ سیاسییەکانی هەرێم‌و ناوچەکەدا، هەروەك بەپێویستیشی زانى کە بەدووربن لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی بەئەنقەست و لادان و هاندانێکی ناڕەوای ناپیشەیی.

"لەگەڵئەوەشدا هەڵسوکەوتی ناڕێکی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس‌و کاربەدەستانی (NRT) مەحکوم دەکات و دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو جۆرە رەفتارانە دژو پێچەوانەی بەندو مادەکانی هەریەک لە یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013ی مافی دەستکەوتنی زانیاریی و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەرین. ... لەبری کپکردنی دەنگی ناڕەزاییەکان؛ باشترە دەستبەجێ بڕیارو فەرمانە نایاساییەکان هەڵوەشێنرێنەوە، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان ئازاد بکرێن و قەرەبووی زیانلێکەوتووانییش بکرێنەوە. لەپاڵ ئەوەشدا گرنگە رۆژنامەنووسان‌و کەناڵەکانی میدیاش ڕووماڵێکی پیشەییانەی ڕووداوەکان بکەن‌و بەدووربن لە بڵاوکردنەوەی هەر پەیامێک کە سەقامگیریی نیشتمانیی هەرێم‌و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بخاتە بەردەم مەترسی. پێویستە هاووڵاتیانیش ئەوەیان لەبەرچاو بێت کە هەرچەندە داواکارییەکانیان دروست و واقیعیی بن، بە سوتاندن و تاڵانکردنی فەرمانگە حکومییەکان ئامانجەکانیان ناپێکن.

هەربۆیە لەسەر هەمووان پێویستە گیانی پێکەوەژیان و خەباتی ناتوندوتیژی پەرەپێبدەین، چونکە تۆڕە هاوبەشەکانی گەندەڵیی و خاوەنی بەرژەوەندییەکان، بە بەرنامە هەموو کارتەکان تێکەڵاو دەکەن، تاوەکو لە دۆخی پشێویی و ئاڵۆزییدا درێژە بە مانەوەو بەردەوامیی خۆیان بدەن."

هەموو ئەوانەش سەربارى ئەو رەشبگیرییە بەرنامەدارەى هێزە ئەمنییەکان و بەسەربازگەکردنى شارو شارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان لەهەفتەى رابردوودا، دوو راستیی مێژوویی باشتر سەلماند:
یەکەم: میدیاو دەسەڵاتى کوردى یەک لەیەک ناپیشەییترو بێبەرنامەترن لە کارکردنى رۆژانەیاندا، بەتايبةتتر لە سةروەختى قةيران و گرژيي و ململانيَكاندا. بەدەربرِيَنيَكى تر، هەڵگرى هیچ دنیابینییەکى روونیی کارکردنى پیشەیی نین و لەسەر بنەماى زەوق و سەلیقەى تاکەکەسیی و پیلانى نانیشتمانیی درێژە بەمانەوەو بەردەوامیی خۆیان دەدەن. وەک هەمیشەش، وەرگر یان هاووڵاتیان دەبنە سوتەمەنیی گرژییەکانى نێوانیانن!

دووەم: پەیوەندیی نێوان رۆژنامەوانان و هێزە ئەمنییەکان لەوپەڕى خراپیدایە و هیچ تروسکاییەکى هاوبەشى کارکردنى نیشتمانیی لەنێوانیاندا نییە. بەجۆريَك رۆژنامەنووس لەبەرچاوى هێزە ئەمنییەکاندا، بونەوەرێکى هێندە بەردەست و خۆشدەستە بۆ راوکردن؛ تەنانەت داواکاری گشتییش لەسەرى بەدەنگ نایەت. ئەوەندەى لەخەمى تەمێکردنییەتى، ئەوەندە لەخەمى ئەوەدانییە کە وەک مرۆڤێک بەرگری لێبکات تاوەکو پیادەى مافە مەدەنیی و پیشەییەکانى بکات!


PM:12:30:26/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 3469 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی