میدیای کوردی‌ و رەفتاری‌ ناپیشەیی

‌شوان ئادەم ئەیڤەس

رەفتاری‌ ناپیشەیی (unprofessional behaviour)، دەردێکی‌ رێژەیی بێدەرمان و قەیرانێکی‌ درێژخایەنی زۆرینەی‌ کارمەندان، هەڵسوڕێنەران و خاوەنی‌ میدیاکانە. لەگەڵ هەڵایسانی‌ ناسەقامگیریی و ململانێی سیاسییەکان لەسەروەختی‌ هەڵمەتی‌ هەڵبژاردنەکاندا، رەفتارە ناپیشەییەکانی‌ میدیاو میدیاوانانیش ئاسانترو خێراتر هەلی‌ دەرکەوتن و زەقبوونەوەیان بۆ دەڕەخسێنرێت، بگرە هەندێجار دەکرێنە مەقاش و سەکۆی‌ ریسواکردنی‌ نەیارەکانیان و لە هەموو بەهایەکی‌ پیشەیی دادەماڵرێن.

بەپێی توێژینەوە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی‌ ئەم ساڵانەی‌ دوایی بێت، رێکنەخستنی گشتوەگیری‌ یاسایی و پابەندنەبوون بە ئیتیکی پیشەیی هاوشان لەگەڵ نەبوونی‌ سیستمێکی‌ لیبراڵی‌ میدیایی، هۆکارگەلی‌ بنچینەیین لەوەی‌ هەرێمی‌ کوردستان نەبێتە خاوەنی‌ راستەقینەی‌ پیشەسازی میدیا (media industry). بەجۆرێک کە هاوشێوەی‌ هەر پرۆژەیەکی‌ بازرگانیی رەواو رێپێدراو، سەرچاوەکانی‌ بەڕێوەبردن و پارەدارکردنیان لە دەستخستنی‌ داهات و خەرجیی دارایی بەرهەمەکانیان، هێزی‌ کارو سەرچاوەی‌ مرۆییان، داڕێژەران و بڕیاردەرانی‌ سیاسەتی‌ میدیایی رۆژانەیان روون و دیار بن. بەئامانجی‌ خستنەژێر چاودێرییەکی‌ وردو بێلایەنی‌ دامەزراوەیەکی‌ نیشتمانی، تاوەکو میدیاوانان و میدیاکانیان بەرپرسیار بکرێن لەوەی‌ کێ، کەی‌، لەکوێ، چی‌، چۆن و بۆچی‌ دامەزراون و سیحری‌ مانەوەو بەردەوامییان لەسەر چ بنەمایەکی‌ یاسایی و پیشەییە.

سەرچاوە زانستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، پیشەییبوونی‌ میدیا  (media professionalism)، نوێنەرایەتی‌ چالاکییەکان و رووماڵی‌ میدیایی دەکات لە رێگەی بەجێهێنانی‌ پێوەرە بەرزەکانی‌ ئیتیکی پیشەیی، بەرپرسیارێتی‌، رەوایەتی‌ و راستگۆیی لە کاتی‌ مەشقکردن لەسەر مافەکانی‌ ئازادیی دەربڕین و زانیاری‌، چونکە گرنگترین رەگەزی‌ هەر ژینگەیەکی‌ میدیایی بریتییە لە ئاستی‌ پیشەییبوون، شارەزایی رۆژنامەنووسان و بەشدارانی‌ دیکەی‌ نێو میدیاکان.

رۆژنامەنووسان لەو وڵاتانەی‌ تازەبەتازە لە سانسۆرو سنوردارییە توندەکانی‌ سیستمێکی‌ سیاسیی دەربازیان دەبێت، لە گەشەپێدانی‌ زۆرینەی‌ بەهرەکانیان و پێڕەوکردنی‌ پێوەرە بەرزەکانی‌ پیشەییبوون هەژارترن، لەچاو هاوپیشەکانیان لەو وڵاتانەی‌ کە مێژووییەکی‌ دوورو درێژیان لەگەڵ پیشەی‌ رۆژنامەگەریی و ئازادیی راگەیاندندا هەیە. 

ئەگەرچی‌ ئەزموونی‌ رژێمێکی‌ ستەمکار لەوانەیە بەتەواوەتی‌ نەرێنی‌ نەبێت، چونکە زۆر نمونە هەن کە دەیسەلمێنن رۆژنامەگەریی‌ سەربەخۆو بوێر رۆڵێکی‌ گرنگیی بینیوە لە گوشارخستنەسەر دیکتاتۆرەکان و رژێمەکانیان بۆ کرانەوەی‌ زیاترو رەخساندنی‌ پانتایی کارکردنی‌ سیاسی. ئەو رۆژنامەنووسانەی‌ سەرکەوتووانە بەدوای‌ چیرۆکە هەستیارەکاندا دەچن و پاش تەواوبوونی‌ لێکۆڵینەوەکانیان لە ژینگەیەکی‌ میدیاییدا بڵاوی‌ دەکەنەوە، پەرە بەو بەهرە پیشەییانەی‌ خۆیشیان دەدەن کە لەگەڵ ئەوانەی‌ هاوپیشەکانیاندا لە بارودۆخگەلی‌ ئاسایی و هاوڕێیانە (friendlier circumstances)دا یەکناگرنەوە. بۆنمونە لە چوارچێوەی‌ هەر هەڵبژاردنێکدا، ئاڵنگاری‌ پیشەیی (professional challenge) ئەو بەهرانە پەلکێش دەکات بۆ کۆمەڵە چیرۆکێکی‌ نوێ و نەناسراو کە دەبێت راپۆرتیان لەبارەوە بکرێت و بڵاوبکرێنەوە. 

زۆرینەی‌ گرفتە پیشەیی و ئیتیکییەکانیش کە رۆژنامەنووسان لە رووماڵی‌ هەڵبژاردنەکاندا رووبەڕوویان دەبنەوە، هەمان ئەو دژیەکی‌ و گۆڕاوانە (variants)ن کە لە ژیانی‌ رۆژانەی‌ کارکردنیاندا رووبەڕوویان دەبنەوە، بەڵام رەنگبێ ئەو گرفت و بەربەستە پیشەییانە لە سەروەختی‌ ململانێ سیاسییەکان و هەڵمەتی‌ هەڵبژاردنەکاندا بە شێوازگەلی‌ تایبەتیی‌ خۆیان نمایش بکەنەوە. نمونەکانی‌ ئەو بەربەستە پیشەییانەش دەشێ چەند جۆرێک بن، لەوانە رووماڵی‌ هاوسەنگی‌ گشتوەگیر لەبەرامبەر ئەو هەواڵانەی‌ شیاوی‌ بڵاوکردنەوەن (newsworthiness)، روونیی‌ (transparency) لەبەرامبەر بێگەردیی (integrity) پرۆسەی‌ هەڵبژاردنەکاندا، راپۆرتکردن لەبارەی‌ قسەگەلی‌ ئاژاوەگێڕی دنەدەر (inflammatory speech)‌و فەراهەمکردنی‌ سەرچاوەکان بۆ رووماڵی‌ هەڵبژاردنەکان.

لەئێستادا، گەورەو بچووک ئاشنای‌ چیرۆکە جۆربەجۆرەکانی‌ ناپیشەییبوونی‌ میدیاوانان و میدیاکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانن لەکاتی‌ ئاسایی و نائاساییدا، تەنانەت ئەوەش ساغبوەتەوە کە بە چەندین رێگەی‌ یاسایی و نایاسایی رێگریی لە دەرکەوتن و گەشەی‌ میدیایەکی‌ پیشەیی ئازاد دەکرێت. بەڵام پرسیارە هەنوکەییەکە ئەوەیە: ئەو هەڵمەتە بەرنامەدارە، رێکخراوە، ناپیشەییەی‌ بەرپرسانی‌ ئەمنیی و هەواڵگریی بۆ پارەدارکردنی‌ میدیاو میدیاوانان دەستیانداوەتێ، نابێتە هەڕەشەیەکی‌ مەترسییدارتر لەسەر داهاتووی‌ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی ئەم هەرێمە؟


PM:04:29:05/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 3849 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی