میدیای کوردى و قەیرانى بەڕێوەبردن

‌شوان ئادەم ئەیڤەس


ئەگەر پێویستیی هەوێنى داهێنان بێت ئەوا بەشێکى زۆر لە میدیا کوردییەکان بێ داهێنانن و لەقەیراندان، چونکە پێویستییەکى راستەقینە نەبووەتە هۆکارى دروستبوون و گەورەبوونیان. هاوشێوەى وەزارەت و فەرمانگەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چەندین کەناڵى گەورەى میدیایی لەبەر خاترو دڵڕاگرتنى تاکە کەسێک دروستکراون کە پاش ماوەیەک بەدوورکەوتنەوەى یان دوورخستنەوەى ئەو کەسە لەو میدیایە، کەناڵەکەش دووچارى پوکانەوەو داخستن بووەتەوە.

ئەگەرچى پێناسەیەکى یەکگرتوو لەسەر چییەتى کایەى بەڕێوەبردنى راگەیاندن (Media management) نییەو هێشتا تایبەتمەندییەکانى روون و دیارییکراو نیین (کونگ 2008)، بەڵام بنەمایەکى هاوبەش لەبارەى تایبەتمەندێتى کارگێڕیی کارى بەڕێوەبردنى راگەیاندن و تێگەیشتنى وەزیفیی بەڕێوەبردن هەیە. بۆنمونە شێرمان (1995) پێیوایە بەڕێوەبردنى راگەیاندن بریتییە لە توانستى سەرپەرشتییکردن و هاندانى کارمەندان، هاوشان لەگەڵ توانستى رەخساندنى سەرچاوەکان و ئاسانکارییکردن لەرێی خەرجییەکى چالاک یان قازانجدارەوە.

 ئەرکى سەرەکیی بەڕێوەبردنى راگەیاندن، بنیاتنانى پردێکە لەنێوان پرنسیپە تیۆرییە گشتییەکانى راگەیاندن و تایبەتمەندییەکانى پیشەسازی راگەیاندندا (ویرتز 2011). واتە، بەڕێوەبردنى راگەیاندن مەبەست لێی رووماڵکردنى هەموو ئاڕاستەو ئامانجێکى چالاکیی پلاندانان، رێکخستن و کۆنترۆڵکردنە لەچوارچێوەى پرۆسەى داهێنان و دابەشکردنى زانیارییدا یاخود ناوەڕۆکى خۆشباریی (entertainment) کۆمپانیاکانى راگەیاندندا. لەو سۆنگەیەوە، بەڕێوەبردنى راگەیاندن وا دەبینرێت کە دیسپلینێکى بازرگانیی کارگێڕییە، دەستنیشانى دیاردەو کێشە ستراتیژیی و کردەییەکان دەکات و پێناسەى وردەکارییەکانیان لە چوارچێوەى سەرکردایەتییکردنى دامەزراوە میدیاییەکاندا دەکات. ئەم چەمکە پتر لەبوارێک دەگرێتەخۆ، لەوانە ئەرکە ستراتیژییەکانى بەڕێوەبردن، بەڕێوەبردنى کڕیارەکان، بەڕێوەبردنى بەرهەمەکان، بەڕێوەبردنى رێکخراوەیی و بازاڕگەریی دامەزراوەکان یاخود کۆمپانیاکانى میدیا (Media enterprises). لەواقیعدا، دامەزراوەکانى راگەیاندن قەوارەیەکى ستراتیژیی رێکخراون، بەشێوەیەکى نێوەندیی کار لەسەر بەرهەمهێنان و بازاڕگەرى ئامرازەکانى راگەیاندن دەکەن.

بەرهەمهێنانى میدیایی، مەبەست لێی بنیاتنانى ناوەڕۆکى بەرهەمهاتووە لەرووى ناوخۆیی و دەرەکیی و گۆڕینیانە بۆ ئامرازێک. بازاڕگەرییش دابەشکردنى راستەوخۆو ناڕاستەوخۆى میدیایەو لەم نێوەندەشدا، چەمکى میدیا سنوردارکراوە لە یەکێکەوە بۆ چەندان پەیوەندی، هاوشان لەگەڵ یەک نێرەرو ژمارەیەکى زۆر لەبەکارهێنەران.

تایبەتمەندییەکانى بەڕێوەبردنى میدیا خۆى لە کێبرکێی فرەڕەهەندا دەبینێتەوەء کارکردنى دامەزراوە میدیاییەکانیش لەسێ بازاڕى جیاوازدایە. یەکەم، خزمەتگوزارییەکانیان لەشێوەى ناوەڕۆکدا دەفرۆشن، لەوانە زانیاری، خۆشباریی و پانتایی ریکلامکردن. دووەم، ئەم خزمەتگوزارییانە پێشکەشى بازاڕى بازرگانیی جیاواز دەکرێن و ناوەڕۆکەکەشى پێشکەشى بازاڕەکانى بەکاربردن دەکرێن کە پشت بە جۆرى میدیاکان و شێوازى بەکارهێنانیان لەلایەن کڕیارانەوە دەبەستێت، هەروەها ئاڵوگۆڕى پانتاییەکانى ریکلامییش لەنێو بازاڕەکانى ریکلامکردندایە. سێیەم بازاڕ بازاڕەکانى کڕیارانن (procurement markets)، بەشێوەیەکى گشتیی پێویستیی بە کۆمپانیا یان دامەزراوەکانى میدیا هەیە کە خۆیان ناتوانن هەموو ناوەڕۆکێک بەرهەمبهێنن، بەڵام دەتوانن هەریەک لەپاکێجەکانى خزمەتگوزاریی زانیاریی و خۆشباریی لەبازاڕەکانى کڕیاراندا بکڕن.

 ئەم سێ بازاڕەش دەکرێت لەنێو هەموو دامەزراوەیەکى میدیاییدا بەشێوەیەکى تۆکمە پێکەوە ببەسترێنەوە، بەلەبەرچاوگرتنى ئاستى جیاوازیی پەیوەندییەکانیان. بۆنمونە، پەیوەندییەکى بەهێز لەنێوان ریکلامکردن و بازاڕەکانى کڕیاراندا هەیە، بەجۆرێک سەرکەوتوویی لەنێو بەکارهێنەرو کڕیاراندا دەبێتە پاڵنەرى زۆربوونى داهاتى ریکلام (advertising revenues).

لەواقیعى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستاندا، بەشێکى زۆر میدیاکان لەدەرەوەى پێودانگە زانستییەکانەوەن و بەڕێوەبردنیان گرێدراوى میزاجى کەسیی یان حزبیی ئەو کەسانەن کە بەسەر میدیاکاندا سەپێنراون، نەکئەوەى پشتیان بەپلان و توێژینەوەى وردى بەڕێوەبردن بەستبێت. ئەوەش وایکردووە نە بەرهەمەکانیان کڕیاریان هەبێت، نە کڕیارەکانیشیان کێبرکێیان لەسەر بکەن و داهاتى ریکلامییانى پێ زیادبکات، بەڵکو باش و خراپیی بەڕێوەبردنى میدیا کوردییەکان گرێدراوى ئاستى ناسراویی و دەستەڵاتدارێتى خاوەنەکەیەتى نەک بەرهەمەکانییان.


AM:11:21:21/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 5190 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی