میدیاى کوردیو سەرچاوەکانى داهاتى

‌شوان ئادەم ئەیڤەس

ئەگەر بڕیاربێت چاودێریی میدیاى کوردی بکرێت، دەبێت لەسەرەتاوە دەستنیشانى رەوایی و ناڕەوایی سەرچاوەکانى دەستکەوتنى داهات و بارى دارایی بکرێت: کێ خاوەندارێتى میدیاکان دەکات و نهێنى مانەوەو بەردەوامیان لەچییدایە؟ چونکە سیاسەتى میدیایی و خاوەندارێتى میدیایی دوانەیەکى پێکەوەگرێدراوى هاوشێوەى رووەک و ئادەمیزادن. یەکەمیان لەدووەمیانەوە بڕى دووەم ئۆکسیدى ئازادیی دەبڕین و رۆژنامەگەریی وەردەگرێت و دووەمیشیان لەیەکەمیانەوە ئۆکسجینى سیستمێکى دیکتاتۆریی، دیموکراسیی یان تێکەڵەیەک لەهەردووکیان پەخش و بڵاو دەکاتەوە.

جەختکردنەوە لەسەر خاوەندارێتى میدیا، زۆرتر بەیەکخستن و پتەوکردن یان لێکنزیکخستنەوەى کەناڵەکانى میدیا (media consolidation or media convergence) ناسراوە کە پرۆسەیەکى پێبەپێی کۆنترۆڵکردنى هاوبەشیى ئامرازەکانى ماسمیدیایە، لەلایەن چەند کەسێک یان چەند رێکخراوێکەوە (ستیڤن 2009). توێژینەوە هاوچەرخەکان ئاشکرایان کردووە کە ئاستى زۆربوون و هەژموونى هاوبەشێتى لەنێو چەند ژمارەیەکى کەمى کۆمپانیاکاندایە، لەوانە گەورە کۆمپانیا میدیاییە جیهانییەکانى وەک: News Corp، Time Warner، 21st Century Fox، The Walt Disney Companyو چەندانى تر (داونینگ 2004). هەریەک لەوانە، کێبرکێی بازاڕو بەرزیی ئاستى کواڵیتى بەرهەمەکانیان بوونەتە هەوێنى مانەوەو بەردەوامییان، ئەوەش هەندێکیانى لەیەکتر نزیکخستووەتەوەو پێکەوە کۆمپانیای مەزنتریان دروستکردووە، تاوەکو بەپێی ئامارو پلان و بەدواداچوون باشترین بەرهەم و زۆرترین قازانج بەدەستبهێنن. واتە، خزمەتگوزاریی کۆمپانیا میدیایییەکان پارەهێنەرن نەک مشەخۆر، دڵنیاکەرەوەى زانیاریی و رووداوەکانن، نەک شێوێنەرو ساختەکار. هەربۆیە، ژینگەى ئیشکردنى ئەمجۆرە کۆمپانیا هاوبەشانەى میدیا، ژینگەیەکى لیبراڵ و کراوەیەو پشت بەسیستمێکى لیبراڵى دیموکراسییش دەبەستن کە کەرتى گشتیی و تایبەتی، حکومیی و حزبیی تیایدا لێکجیاکراونەتەوەء بەروونیی تایبەتمەندییەکانى پۆلێن و دەستنیشانکراون.

تەواو بەپێچەوانەى ئێرەوە کە هەر حزبێکى مۆڵەتپێدراو دەبێت مافى "ئەو رێ و شوێنانەى راگەیاندنى هەبێ کە بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى بە پێ ى یاسا رەچاوکراوەکان بەکاریان دێنێ"، ئەوەش بەپێی بڕگەى یەکەمى ماددەى سێزدەیەمى یاساى ژمارە 17ى ساڵى 1993ى حزبەکانى هەرێمى کوردستانى عێراق. واتە لەگەڵ هەڵبژاردنى یەکەم خولى ئەنجومەنى نیشتمانیی و پێکهێنانى یەکەم کابینەى حکومەتى کوردیی کە بووە جێگرەوەى دەسەڵاتى کشاوەى ناوەندیی حکومەتى عێراق، خاوەندارێتى میدیاکان و کۆنترۆڵى ناوەڕۆکى پەیامەکانیشى لەحزبى بەعسى عەرەبییەوە بەمیرات بۆ حزبە کوردییە "شۆڕشگێرەکانى شاخ" گوێزرایەوە. ئەوانیش، هیچ درێخییەکیان نەکرد لەبوژاندنەوەى میراتى میدیاى حزب و تەواوکردنى ئەو هەنگاوانەى بەعسییەکان نەپەرژابوونە سەر تەواوکردنى، بەئامانجى نەڕەخساندنى هەلى دەرکەوتن و گەشەکردنى میدیایەکى تەمەندرێژى نیشتمانیی و پیشەیی ئازاد!

پاش 26ساڵ ئەزموونى فەرمانڕەوایی خۆبەخۆ، هێشتا کۆنترۆڵى زۆرینەى زۆرى میدیاکان بەدەست حزبە کوردییەکان و دەستەبژێرى ئەمنیی و سیاسیی بازرگانەوەیە، ئەوەش وایکردووە هەرێمى کوردستان بەردەوام بەمیدیاى دەستەمۆو ئاڕاستەکراوى حزبەکان یان کەسەکان بناسرێتەوە. ئەگەر بچووککردنەوەو داخستنى میدیاى حکومیی لەم ساڵانەى دواییدا، ئامانج لێی گێڕانەوەى داهاتى گشتیی و زەمینەسازیی بووبێت بۆ کێبرکێ بازاڕى میدیاکان، ئەوا بەگەورەکردن یان دامەزراندنى میدیاى پشتبەستوو بەداهاتى نەوت لەلایەن کەسایەتییە حکومیی و هەواڵگرییەکانى حزبەوە، ئەو پەڕاوێزەى پێشتر بۆ ئازادیی دەربڕین و رۆژنامەگەریی هەبوو بەبەرنامە بەرتەسککرایەوەو هەژموونى دارایی و تەکنیکى خۆیشیان بەسەر میدیاکانى دەرەوەى خۆیاندا سەپاند.

ئەگەرچى لەئێستادا، میدیاى فەرمیی حزبەکان لەپاشەکشێیەکى بەردەوامدان و رووبەڕووى پوکانەوەو تێکهەڵکێشکردن دەبنەوە، بەڵام پێویستە زۆر بەزوویی یاساى ژمارە 17 هەمواربکرێتەوە بەجۆرێک میدیا راستەوخۆو ناڕاستەوخۆکانى حزب سنورداربکرێن و وردبینیی لەسەرچاوەى داهات و داراییان بکرێت. بگرە بشکرێتە مەرجێکى مۆڵەتپێدان کە حزب لەبرى میدیاى پڕخەرجیی بێبەرهەم، بەتەنها نوسینگەیەکى بۆ پەیوەندییە گشتییەکانى هەبێت و لێرەش میدیاکانى حزب بەیەکجاریی بخرێنە ئەرشیڤەوە.


AM:10:03:07/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 5214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی