‌ژیان هاوبەشی کردنە
PM:12:12:02/07/2019
هێمن عەبدولقادر


(گورد جییف) لە کۆتا رۆژەکانی تەمەنیدا هەمیشە دەیوت :-

هەموو ئەوەی کە کۆم کردەوە با بردی ، هەموو ئەو شتانەی کە بەخشیم مانەوە ، ئەوەی کە بەخشیم هێشتا لەگەڵمدایەوە ئەوەشی کە کۆمکردەوە و نەم بەخشی، لە دەستم چوو

ئەوەی کە هەتە لەگەڵ خەڵکیدا دابەشی بکە ، خۆشەویستی پارە نیە هەڵبگیرێت ، هاوسۆز بوون و هاو خەم بوون دەبێت نیشان بدرێت ، ئەوەی کە هەتە و نایدەیت بە خەڵکی خراپ دەبێ ،هەروەکو ئەو شتە باشانەی کە لە عەمبارەکاندا هەڵدەگیرێن و نادرێن بە خەڵکی و پاشان خراپ دەبێت ، کەل و پەل کە خراپ بوو پاشان کەس بە خۆرایش نایەوێت ، هەستەکانیشت کە لە کاتی خۆیدا هاوبەشی خەڵکیت پێ نەکرد دواتر کەس نایەوێت ،

ئەوەی هەڵی ئەگریت بۆ گەن ئەکات ، دەروونی خۆشمان بۆگەن دەکات ، ئەو سەرچاوەیەی ئاوی پیانەڕوات کوێر دەبێتەوە ، فرمێسکە ڕژێنەکان گەر نەتوانن هاوسۆز بن و بگرین بۆ کەسێک بۆ ئازارێک ،ئەوکات سور دەبن و پڕ دەبن لە خوێن.

خۆشەویستی ، لێبوردن ، ڕێز نانێکە دەبێت لەگەڵ خەڵکیدا کەرتی بکەیت ، دەبێت هەمیشە بیبەخشیت نەک عەمباری بکەیت ، هەتا زیاتر ببەخشیت زیاترت پێدەگاتەوە ، هەتا کەمتر ببەخشی کەمترت پێ دەگاتەوە

(هەڵگۆزینی ئاو لە بیر دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاوی تازە و زیاتر بڕژێتە ناو بیرەکەوە ، بەڵام ئەگەر لە بیردا ئاو هەڵنەگۆزی و دایبخەیت و چروکی بکەیت و بەشی کەسی لێنەدەیت ، وردە ووردە ئاوەکە خراپ دەبێت و ووشک دەکات)

بەڵام ئەو ئاوەی کە لێی دەردەهێنرێت هەمیشە تازەیە ، ئەو ئاوەی کە هاوبەشی ژیان دەکات لەگەڵ مرۆڤ و ئاژەڵ و درەخت و گژوگیا ، ئەو ئاوەی کە میشە لەبەری دەڕوات جوانترە ، دڵگیرترە ، دەنگ دروست دەکات ، دیمەنی دڵڕفێن دروست دەکات

کەواتە هەرچیت هەیە بیبەخشە ، کاری دڵ تەنها عەپبار کردن نیە ، هەڵگرتن دڵ ژەهراوی دەکات ، هاوبەشی نەکردن ، لە گریان لە پێکەنین ، لە شادی ئەوانی تردا دڵ ژەهراوی دەکات (گەرچی دڵ لەم نێوەندەدا تەنها ناوی زرێندراوە و هەموو کارەکان زیهن دەیکات) بەڵام تۆ هەمیشە زیهن و بیر کردنەوەکانیشت لەگەڵ خەڵکیدا دابەش بکە ، گورجدیف ووتەنی ڕۆژێک ئەوەی کۆت کردۆتەوە و ئەوەی هەتە لە دەستت دەچێت.

ئەگەر هیچ مرۆڤێک نەبوو تا پێی ببەخشیت ، بەدرەختەکان ببەخشە ، بە ئاژەڵەکان ببەخشە ، بە مێروو باڵندەکان ببەخشە ،

جوتیارێک کە مشتێک گەنم لە دەستیایەتی بە چاوی نوقاوەوە گەنمەکەی دەستی دەوەشێنێت ، بە دوای شوێنی گونجاو و شایستەدا ناگەڕێت ، هەندێک لە گەنمەکانیش مێروو و باڵندە دەیخۆن ، کەچی لە کاتی دورینەوەدا لە بن تاشە بەرد و لە بن تاوێری سەختەوە بەرهەمی گەنمی پێ دەگاتەوە.

هەمیشە ببەخشە .. رێزی هەموو شتێک بگرە .. هەرگیز چاوەڕێی پاداشت و سوپاسی هیچ کەسێک مەبە ، ئەبێت تۆ سوپاسی ئەو کەسە بکەیت ، کە پێکەنینێکت لێ وەر دەگرێ ، ئەبێت تۆ سوپاسی ئەو کەسە بکەیت کە رێز یان خۆشەویستیەکت لێ وەر دەگرێت چونکە چەندێک لێت وەرگرن ئەوەندە زیاتر دەروونت وەک ئاوی بیرەکە پڕ دەبێتەوە لە خۆشەویستی نوێ .. لە جوانی نوێ ، لە پێکەنینی نوێ . لە ژیانێکی نوێ

نوقتە سەری دێڕ ...

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.