بێگومان هەموومان نەخۆشین

‌هێمن عەبدولقادر

زۆر جار نەخۆشی دەروونی وەکو تانە و لەعنەت دەدەنە پاڵ کەسێک، لەکاتێکدا ئەگەر بە پێوەری دەرونناسی بکۆڵینەوە مرۆڤێک نییە لە دنیادا بڕێک نەخۆشی دەروونی نەبێت هەڵبەت بەرێژەی جیاواز.

بەگوێرەی ئەو ڕیزبەندیەی کە سەنتەری (گالوپ) بڵاویکردۆتەوە هاوڵاتیانی عێراق هەڵبەت (بەهەرێمی کوردستانیشەوە) خەمبارترین هاوڵاتین لەسەر ئاستی جیهان، هەموو زانستی دەروونناسیش جەخت لەسەر ئەوە ئەکاتەوە، ئەو مرۆڤانەی کە ئالودەن بە نەخۆشی خەمباری و خەمۆکی ترسناکترین جۆری مرۆڤن، هەم سادیزمن هەم ماسۆشی، واتا چێژ لەوەدەبینن چ ئازاری خۆیان بدەن یان ئازاری خەڵک بدەن.

وەهەروەها هەمیشە بیری (سوساید) خۆکوژی و خەڵک کوژی لە مێشکیاندا دێت و دەچێت، لەوەش ترسناکتر مرۆڤی خەمبار و خەمۆک ئامانجێک نییە بۆی بژی، ئەوان دەژین لەکاتێکدا نازانن بۆ چی دەژین؟؟
چونکە ئامرازەکانی خۆشگوزەرانی و ڕابواردن لەبەردەستیاندا بوونی نییە، هەروەها ژینگەی کۆمەڵایەتی و کلتوری و ئاینی و سیاسی و ڕۆشنبیریان کارای یاریدەدەرنین بۆ ئەوەی مرۆڤی دەروون دروست بەرهەم بهێنێت.
جگە لەوەی ژینگەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی بەگشتی ژینگەیەکی مەرگ دۆستە، ڕۆحی قۆشمەچێتی و پێکەنین و نوکتەبازی وەک جۆرێک لە کەم و کورتی سەیر دەکرێت.

تۆ تەماشا بکە  لە ئایندا دەڵێت پێکەنینی زۆر دڵدەمرێنێت، لەدنیای سیاسەت و ڕۆشنبیریدا باشترین سیاسی و نووسەرەکان ئەوانەن کە جدین و پێناکەنن، تۆ سەیری مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی هەر هەموویان زیاد لەپێویست جدین، هەموویان بەردەوام فشارێکی زیاد لەپێویستیان خستووەتە سەر لاشەیان هەموویان بە بۆنە و بێ بۆنە قات و بۆینباخیان لەبەردایە توندو تۆڵ، وەک ئەو سەربازەی کە خودە و گولە نەبری لەبەردایە بەردەوام ئامادەبێت بۆ شەڕ.

هەموویان دەستیان لەژێر چەناگە گوایە بیردەکەنەوە، کەسێک نابینیت قاقایەک لێبات، زەردەخەنەیەک بکات، نوکتەیەک بگێرێتەوە، گیتارێک بگرێت بەدەستیەوە، لەبەر باراندا سەما بکات، هەر هەمووی ئەیەوێت جدی دەرکەوێت.

بە نەعلەوە بچۆ دەرەوە ئەڵێن بابە دنیا هەزار شتە شەڕێکە شتێکە، واتا مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی پێش وەختە بیری شەڕ لە مێشکیدا چەسپیوە، ئەوە جگە لەو ژینگەیەی کە بەیانیان سافیرەی شەڕی ئێران و عێراق لێدەدەرا لەبری وەرزش و مۆسیقا پەلیان ئەگرتین بۆ ئەو ژێرزەمینانەی کە لەکۆڵانەکان دروستیان کردبوو لە ترسی تۆپ باران.

شەڕی ئێران و عێراق تەواوبوو، کیمیا بارانی هەڵەبجە دەستی پێکرد، کیمیا باران تەواوبوو، ئەنفال و کوشت و بڕ و زیندەبەچاڵ کردن دەستی پێکرد، ئەنفال تەواوبوو، ڕاپەڕین دەستی پێکرد، ڕاپەرین تەواوبوو ئاوارەیی و ڕاکردن دەستی پێکرد، ئاوارەیی تەواوبوو، شەڕی ناوخۆ و ماڵ وێرانی دەستی پێکرد ، شەری ناوخۆ تەواوبوو گرانی دەستی پێکرد، گرانی تەواوبوو ڕێگەی خاریج و شەقی پاسدار و جەندرمە و دەریای ئیجە دەستی پێکرد، ڕێگای خاریج تەواوبوو، پڕۆسەی ئازادی دەستی پێکرد، پرۆسە تەواوبوو شەڕی داعش دەستی پێکرد، داعش تەواو ئەبێت مەگەر هەر ئەو خوایە بزانێت چی تر چاوەرێمانە..

کۆمەڵگا هەیە نزیکەی سەد ساڵ ئەبێت (فیشەک)ێکی تیا نەتەقیوە، ئێ کۆمەڵگاش هەیە وەک ئەوەی ئێمە ٥٠٠ ساڵیش ئەبێت یەک ڕۆژ بێ شەڕ و شۆڕ نەبووە.

بەیانیان تەلەفزیۆن ئەکەیتەوە هەر هێڵی شریتی سووری بەپەلە و شەڕە (لەکاتێکدا ڕەنگی سور بۆ توڕەکردنی گا بەکاردێت) نەک بەشەر، فەیسبوک ئەکەیتەوە هەر شەڕە جنێوە، ئەچیتەوە ناو خێزان ژن و پیاو هەر شەڕە، ئەچیتە دەوام بەردەوام لەگەڵ چوار دەورت لەشەڕدای، ئوتومبێل لێئەخوری لەسەر شەقام لە شەڕدای ،ئێ مرۆڤێک لەم ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتوریەدا گەورە بووبێت و ژیابێت، حەتمەن نەک نەخۆشی خەمۆکی بەڵکو وەحشی وا لە هەناوی هەر یەکێکماندا هەیە، تائێستا زانست ناوی بۆ نەدۆزیوەتەوە.


PM:01:43:09/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 4939 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی