کورد و وتاری دیماکۆچیانەی دینی ئەردۆغان

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

پەلاماردانی کورد لەهەرکوێ بێت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بابەتێکی سەرپێیی نییەو لەیەک ڕوانگەیشەوە تورکیا هێزی خۆی بۆ ئەو جەنگە ئامادە نەکردووە.

بەواتایەکیتر؛ تورکیا لە جەنگی کورددا "نەک تەنها پەکەکە" بەیەک مارکە لەهێز نەهاتۆتەنێو جەنگەکەوە، بەڵکو ماکینەیەکی گەورەی لەهێزی سەربازی و ئابووری و دینی! خستۆتەکار، لەپێناو ڕیشەکێشکردنی کورد.

ئەم فرەچەشنییەی هێزی تورکیا بۆ کوردو شەنگالیش لەئێستادا، یەکەمجارنییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بەکاردەهێنرێت. بەڵکو لەپێشوویشدا بۆچەندانجار ئەم گورزە جیاوازەی هێز لەلایەن تورکیاوە دژی کورد بەکارهێنراوەو بێسوودیش بووە.

لەپەلاماردانی قەندیلدا، تورکیا ساڵانێکی زۆرە هێزی ئابووری و سەربازی و خیتابی دینی و تەهلیلەی پیاوانی ئاینی و نوێژخوێنەکانی تورکیای پێکەوە گرێداوەو بەهەرسێ هێزەکەوە ڕوودەکەنە قەندیل و ناتوانن بیڕوخێنن. لەکاتێکدا چەتەتورکەکان بەچەک دژی قەندیل بوون و بۆردومانیان دەکرد، پیاوانی ئاینی تورکیایش لەمزگەوتەکانی ئەستەنبوڵەوە دەم بەدوعاو پاڕانەوەو نوێژی سەرکەوتنیان بۆ سەربازەکانیان دەکرد. وتارەکەی دوای نوێژی هەینی دوێنێی (۲۲ / ۱ / ۲۰۲۱) ئەردۆغانیش درێژەپێدانی وتارەکانی ڕابردووی خۆیی و تەنانەت ئەتاتورکیشە.

نەک تەنها دژی نەیارەکان، ئەردۆغان لەگەڵ دۆست و لەناوخۆی تورکیایشدا ئەم وتارە دینییە بۆ هەڵخەڵەتاندنی تورکەکان بەکاردێنێت. لەپرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیایشدا، لەکاتێکدا ئەردۆغان و ئاکپارتی هێزی ئابووریان دەخستەکار بۆ کڕینی دەنگی دەنگدەرە کوردەکان. پاشان هێزی سەربازیشیان دەخستەکار لەسەر جەزیرەو باکوری کوردستان تاکو بەربەست لەبەردەم دەنگدەرانی کوردی ئەو ناوچانەدا دروست بکەن و دەنگ بە HDP نەدەن. لەهەمان کاتیشدا ئەردۆغانمان دەبینی بەقورئانێکەوە لەپێشی پاسێکەوە هاواری دەکردو داوای لەکوردەکانی دیاربەکر دەکرد دەنگ بەئاکپارتی بدەن!

ئەوەی ئێستا دەبینرێت کە ئەردۆغان لەکاتێکدا ئابووریەکی زۆری خستۆتە خزمەت جەنگەکەوەو لە23ی ئابی 2016یشەوە هێزێکی زۆری بردۆتە خۆرئاوای کوردستان و پاشان وتاری 90هەزار مزگەوتیشی تەریب بەئاراستەی سەرکەوتنی هێزەکانی تورکیا لە عەفرین جوڵاند. شتێکی دەگمەن و سەیر نییەو ئەوە سیفاتی مێژوویی تورکەو پێشتریش ئەتاتورکی سەرۆکی تورکیا لەڕازیکردنی دڵی ژنێکی کورددا لەئامەد! قورئانێک دەکاتە تکاکار تاکو هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، بەڵام ئافرەتەکە داواکەی ڕەد دەکاتەوە چونکە دەزانێت قورئانەکەی ئەتا تورک بۆ مەبەست و فرتوفێڵە.

پێکەوەیی ئەم سێ هێزەی تورکیا لەهەر جەنگ و پێشهاتێکدا، نیشانەی ئەوپەڕی ئیفلاسی و شکستە بۆ ئەردۆغان و سوپاکەیی و دەرخەری ڕاستییەکە کە؛ هەریەکێک لەم هێزانەی تورکیا بەتەنها کەمە بەرامبەر گیانفیدایی و خۆڕاگری کوردو بەتەنها ناتوانن شتێک لەبڕواو ئایدیای کورد بگۆڕن، بۆیە ئەردۆغان هەرسێ هێزەکە پێکەوە دەخاتەکار.

لەکاتێکدا هێزی پارەو فیشەک و زیندان ناتوانێت کوردێک لەکوردبوون پەشیمان بکاتەوە، ئەوا ئەردۆغان وەک دواین هێزو وەک دواین هیوا پەنادەباتەبەر هێزی دیماکۆچییەتی دینی و مزگەوت و سورەتی "الفتح"و چەمکگەلێکی وەک "جیهادو غەزوەو دەستکەوت و ....هتد"

بۆمانەوەی تورکیایش لەم ئاستەی هێزدا، هەرگیز تورکیا ناتوانێت دەستبەرداری هیچ یەکێک لەم هێزانەی ببێت. چونکە هاوکێشەیەکی ڕاستەوانە لەنێوان هێزی ئابووری و سەربازی لەلایەک و هێزی دینی ـ ئیخوانی تورکیا لەلایەکیتر هەیە کە باڵانسی هێزو شوناسی تورکیایان هەڵگرتووە.

ئەردۆغانیش لەپێناو گەیشتنی بەخەونی ئەهریمەنئاسای خۆی، ئەم شوناسە ئیخوانیەی کردووەتە هێزێکیتر لەپاڵ هێزی ئابووری و سەربازیدا دژی کوردو مافە ڕەواکانی.

کاتێکیش جەستەی سیاسی تورکیا توشی هەڵلەرزین و کرژبوونێکی سیاسی دەبێتەوە لەسەردەستی کورد، لەپاڵ ڕێگاچارەی سەربازیدا، دەست بۆ ڕێگاچارەی دینیش دەبرێت، کە ئەویش تەکفیرکردنی کوردو بەتیرۆریست ناساندنی خەباتگێڕانی کوردە. هەموو جەنگێکیش لەم ڕێگاچارەدا دژی کورد، جیهادو شەهادەتە لەلای ئەردۆغان و ئەو تایپە لەپیاوانی دینی کە ئەم وتارە دیماکۆچییە پێشکەش دەکەن.


AM:11:15:24/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی