قەیرانێک لەناو قەیراندا !
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
چەند ساڵێک پێش ئێستا، کاتێک کورد خاوەن هێز و بڕیاردان بوو لە عێراقدا، (ئۆفرا بینگیۆ) نوسەری ئیسرائیلی ــ ئەمریکی کتێبێکی لەم بارەیەوە نوسی بەناوی "کوردی عێراق، بنیاتنانی دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا). ئەم سەردەمە نەک لەلای نوسەرێک جێگای هەڵوەستە بوو تەنانەت بەو پێیەی سیاسەتی عێراقی و دیپلۆماسیەتی عێراقی کوردێک بەناوی (مام جەلال تاڵەبانی) ڕابەرایەتی دەکرد و هەموو لینکە بچڕاوەکانی عێراقی بە جیهانەوە گرێ دابوو، بۆیە عێراق لەدوای ساڵی 2003 تاکو ساڵانی 2010 بووبووە جێگای بایەخ و گرنگی پێدانی وڵاتانی جیهان و ناوچەکەیش.
لە ئێستادا، دەتوانین بڵێین ئەو قۆناغە چووە مێژووی عێراقەوە و ئەیهووی! دەوێت تاکو مێژوو سەردەمێکیتری لەو شێوەیە بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق. ئەو قۆناغە لە مێژووی عێراقدا بەرهەمی بەرەژانێکی مێژوویی گەورە بوو کە لە دوای هەردوو قۆناغەکانی دەسەڵاتی بەعسییەکانەوە و لەساڵانی 1963وە تاکو 2003، لە دایک بوو کە عێراق تاکو لێواری دابەشبوون ڕۆیشت. هاوکات نەک تەنها دابەشبوون، تەنانەت عێراق گەیشتە ئاستێک بازدانی مێژووییش بکات.
ئەمڕۆ و دوای 11 ساڵ لە تێڕوانینەکەی "ئۆفرا بینگیۆ" کوردەکانی عێراق نەک دەوڵەتێکیان نییە لەناو عێراقدا، بەڵکو ئێستا کوردەکان قەیرانێکی گەورەیان هەیە لەناو قەیرانە گەورەو وێرانەکەی عێراقدا. ئێستا قەیرانەکانی هەرێم و بەغدا وەک دوو پرسی دوایەک بەستراو دەبینرێن و لینکێکی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە.
تێکدانی دەوڵەتی کوردەکان لەناو دەوڵەتی عێراقدا بەدەستی کوردەکان خۆیان بوو. ڕیفراندۆم نەک نەیتوانی نەخشەی دەوڵەتە کوردیەکە لە لاپەڕەکانی "ئۆفرا"وە بگوازێتەوە بۆسەر زەوی و بۆ ناو واقیع، بەڵکو سیحرەکە بەسەر کورددا هەڵگەڕایەوە و نەخشەی تەواوی خەون و خەیاڵاتی کوردی لە عێراقدا داکشاند بۆ خاڵی سفر، ئەگەر جارێکیتریش کورد بیەوێت هەیکەلی دەوڵەتەکەی هەڵسێنێتەوە ئەوا دەبێت لەخاڵی سفرەوە دەست پێبکاتەوە.
کاتێک دەڵێین (قەیرانێک لەناو قەیراندا) بەرمەبنای دوو دیوی یەک واقیعە کە ئەوانیش: یەکەم شکستی کوردە کە نەیتوانیووە لەگەڕانەوەیدا بەرەو بەغدای دوای 2003 تاکو ئەمڕۆ ژێرخانێکی ئابووری باش بۆ خۆی کۆبکاتەوەو کوردستان بگەیەنێت بەئاستێک چاوی لەبەغدا نەبێت و ئەمڕۆ لەبەرامبەر بەغدادا وەک (وشکە کەڵەک)! هەرەس نەهێنێت. دووەمیش کاتێکیش کورد ویستی لەڕێگای ئابووری سەربەخۆوە ئینتیلاق بکات و بەغدا جێبهێڵێت، نەیتوانی و لەمەشدا شکستی هێنا. ئەم دوو هەڵە ڕوون و ڕەوانە کوردستانی لەئاوەدانی و گەشەکردنێکی باشەوە خستۆتەناو قەیران و پاشەکشێ لەگەشەکردن و پێشکەوتن.
PM:08:09:31/12/2020
ئهم بابهته 1812
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی