دەرکەوتنی نائومێدی!

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هیچ شتێک لەوە ترسناکتر نییە لەهەر کۆمەڵگەیەکدا نائومێدی وەک دیاردە و حاڵەتێکی نەشاز دەربکەوێت، لەم دۆخەدا کۆمەڵگە توشی چوونەوە ناوخۆو هەرەسهێنانی دەروونی دەبێتەوە، دەرکەوتنی نائومێدی لەهەر کۆمەڵگەیەکدا ڕاستی شکستی نوخبەیەکی گەورەی دەسەڵاتدار و بەرپرس ئاشکرا دەکات کە نەیانتوانیووە ئومێد و هیوا لەناخی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا بڕوێنن.

لەباشووری کوردستان، ئێستا نائومێدبوونی میللەتێک دەبینرێت، میللەتێک نازانێت بەر بەلای کام کێشەو خەمی ژیانەوە بکات، میللەتێک هێندە نائومێدە توشی سستبوون و ڕاوەستانی جەسەدی و ڕۆحی بووە و جگە لەخەم خواردن و ئاخ هەڵکێشان توانای هیچ جوڵە و کارێکی دیکەی نییە. وەک ئەوەی بەبەرنامە و بەزنجیرە ئیش لەسەر نائومێدکردنی ئەم میللەتە کرابێت هەرجارەی هاوڵاتیان گلەیی و شەکوای خۆیان لەشتێک و بارێک و خەمێک دەکەن، هیچ شتێک نەماوەتەوە میللەت لێی نائومێد نەبووبێت، چونکە لەئەساسدا حکومەت بۆ خۆی جێی ئومێدنییە.

دەرکەوتنی نائومێدی و ونبوونی ئاسۆکانی ئومێد لەم کۆمەڵگە کوردییەدا نەک بەیانی و کاتەکانی هاوڵاتیانیشی گرتۆتەوە، تەنانەت چووەتەسەر جێگای نوستنی خاوەن خێزان و گەنجەکانیشمان، ترسناکترین شتێک ئەم نائومێدییە بەرهەمی هێناوە ئەوەیە مرۆڤ لەخۆی بێزارکردووە، هەموو ئەو کەسانەی هەست بە نائومێدی دەکەن خۆشیان خۆشناوێت چجای ئەوەی چێژ لەژیانی ڕۆژانەیان وەربگرن و بەدەم قورسییەکانی ژیانەوە پێبکەنن.

نائومێدی لەم کۆمەڵگایەدا پێکەنینی گۆڕیووە بۆ گریان، ژیانی گۆڕیوە بۆ جۆرێک لەمەرگ، تەنانەت مرۆڤیشی گۆڕیوە بۆ مرۆڤێکیتر لەدەرەوەی واقیع و سروشتی خۆی.

هیچ بەڵایەکی سروشتی و زانستی و سەناعی هێندەی ئەوە خراپ نییە مرۆڤ لەنائومێدیدا بژی و بینای دەروونی تاک هەرەس بهێنێت، هەرکاتێک ئەم بەڵا بەناخی مرۆڤدا ڕۆیشت، ئەوا دۆخێکی ئەوتۆ زاڵ دەکات بەسەر مرۆڤدا کە پێیوایە هێزی کەسی ئەو زۆر بچوکترە لەهێزی پێویست بۆ سەرکەوتن.

نائومێدی تاکە شتە لەسەر بنەمای ڕابردوو گەشە ناکات و نامێنێتەوە لەجەستەی مرۆڤدا بەڵکو لەسەر ئەو سیگناڵانە دەژی کە پێماندەڵێت ئایندەش لەئێستا باشتر نابێت، وەک چۆن ئێستا تاکی کورد نائومێدە لەوەی ئایندەی کوردستان هەروەک ئێستا دەبێت.


PM:02:01:27/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 3540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی