قەرز لە خۆرئاوای کوردستان بکەن !

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


یەکەم/
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەند "ئەوان ناتوانن قەرز بکەن و دەوڵەتی عێراق دەتوانێت قەرز بکات"
دووەم/
ئەو لێدوانەی سەرەوەی سەرۆک سەد دەر سەد پێچەوانەی هەموو ئەو لێدوانانەی پێشووترە کە لەکاتی سەرۆک حکومەتییەکەیدا دەیوت قەرزارن و قەرزیان لەدەرەوە کردووە.
سێیەم/
دواتریش کە کابینەی نۆهەم ڕاگەیەنرا (مەسرور بارزانی) ڕایگەیاند حکومەت قەرزارە و قەرزەکانیش لەکابینەکانی پێشوودا کراوە.

کەواتە چۆن ئەم سێ بۆچونەی سەرەوە لێکبدرێتەوە، ناڕاستییەکی تێدایە و دەردەکەوێت، یان ئەوەی پێشوو وتراوە ناڕاستە، یان ئەوەی ئێستا دەگوترێت ناڕاستە.

گریمان حکومەتی هەرێم قەرزارە و لە هەمان کاتیشدا ناتوانێت قەرز بکات، ئەمەش دیسان هەڵەی سیاسەتی بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم و ئێستای سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتە. چۆن؟

ئەگەر سیاسەتی ئەم حیزبە نەبوایە "پارتی دیموکراتی کوردستان"، دەتوانرا زۆر بەئاسانی لەڕێگای خۆرئاوای کوردستانەوە قەرز بکرێت و پارە دابین بکرێت، بەڵام چونکە لەپێناو تورکیادا هەموو لینکێکی حکومەتی باشووری کوردستان لەگەڵ خۆرئاوای کوردستان بچڕاوەو خەندەق لێدرا، ناتوانرێت سوود لەتوانا ماددییەکەی خۆرئاوا وەربگیرێت.

لەدوای جەنگی سوریای 2011ەوە تاکو ئێستا ئیدارەی خۆسەری لە خۆرئاوای کوردستان لەشەڕدایە جارێک لەگەڵ داعش و هێزە تیرۆریستەکان، جارێکیتر لەگەڵ سوریاو ڕژێمەکەی ئەسەد و جارێکیش لەگەڵ سوپای تورکیای داگیرکار و هێزە تیرۆریستییەکانی نزیک لە تورکیا، ئەمە جگە لەو دژایەتییانەی لەباشووری کوردستانەوە بۆ خۆرئاوای کوردستان هەبوو، بەڵام چونکە خۆسەری خۆرئاوا زۆر لێزانانەو عاقڵمەندانە ئیدارەی خۆیان و هێزو شۆڕشەکەیان کرد، نە قەرزیان کردو نەقەرزاریش بوون.

ئێستا عەیبەی تێدا نییە بۆ حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان. دوو جۆر قەرز لە خۆرئاوای کوردستان بکات:
یەکەم/
تاکو ئەم دۆخە تێدەپەڕێت قەرزیان لێبکەن و موچەی فەرمانبەرانی پێدابین بکەن.
دووەم/
ئەگەر لەڕوشتان نایەت ئەو قەرزە بکەن، ئەوا ئەزمونەکەیان لەسەرفیات و ئیدارەدان و شێوازی موچەدا بکەن و هاوردەی باشووری بکەن.


PM:10:38:16/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی