ئازاری ئازادی، فەرەنسا بەنمونە

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد



فەرەنسییەکان لە مێژوویەکی دوورەوە ئازاری ئازادی و ئەو فەزا کراوەیە دەچێژن کە لەدوای خوێنڕشتنێکی زۆر و شۆڕشی پیشەسازی و ڕۆشنبیری و تێپەڕاندنی دادگاکانی پشکنین و لەناوبردنی دەسەڵاتی کڵێسا و بڕیاری پیاوانی مەسیحی و ئاینی و... هتد، بەرهەمیانهێناوەو خوڵقاندوویانە. 

بەوردبوونەوە لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا، هیچ وڵاتێک هێندەی فەرەنسا ڕووبەڕووی هێرشی ئەو هێز و ڕێکخراوە تیرۆریستی و ڕادیکاڵ و توندڕەوە جیهادیانە نەبووەتەوە کە لە ژینگەی فەرەنسیدا ناتوانن گەشەبکەن و دەستنادات تێیدا جوڵە بکەن و بگەنە ئامانجەکانی خۆیان. ئەم جەدەلە قوڵە پرسێک نییە لەنێوان (مەسیحیەت) و (ئیسلام)دا وەستابێت، پرسێکیش نییە لەنێوان (سیکۆلار) و (فەندەمێنتاڵیست)دا بەرامبەرکێ بکات، بەڵکو پرسێکە لەسەر دوو قوتبی (کرانەوە) و (داخراوی) وەستاوە، فەرەنسییەکان نەک داخراوی سەلەفییە جیهادییەکان ڕەد دەکەنەوە بەڵکو ئەوان توندڕەوی مەسیحیەت و کڵێسایش ڕەد دەکەنەوەو پێیان قبوڵ ناکرێت.

ڕۆژانێک کە فەرەنسییەکان شۆڕشیان دەستپێکرد، دژی جیهانی ئیسلامی و موسڵمانی ڕاستەقینە (موسڵمانی ڕووکەش نا) شۆڕشیان نەکرد بەڵکو پێش هەر شتێک شۆڕشیان دژی دەسەڵاتی کڵێساو توندڕەوی مەسیحیەت و قەشەو پاپاکان دەستپێکرد. لە فەرەنسای پەنجا ساڵی ڕابردوودا ژمارەی موسڵمانەکانی زۆر زیادیان کردووە کە ئێستا ژمارەیان دەگاتە (9) ملیۆن کەس لە کۆی (62) ملیۆن، زیادبوونی ئەم ڕێژە زۆرەی موسڵمان ئەنجامی ئەو کرانەوە بەردەوامەیە فەرەنسیەکان هەوڵی بۆ دەدەن. 

ئازار و گیانفیدایی تێکۆشەرانی ڕێگای دیموکراسی و ئازادی گەلێک زیاترو زۆرترە لە جیهانی بەرامبەر، لە سیستمی دیموکراسی و ئازادیدا دەشێت موسڵمانێک و ناموسڵمانێک پێکەوە کۆببنەوە بەبێ توندوتیژی وەک کۆمەڵگە ئەوروپییەکان بەگشتی و فەرەنسا بەتایبەتی، بەڵام کاتێک هێرشی ئیسلامییەکی توندڕەو بۆسەر دامودەزگاو بەها باڵاکانی مرۆڤێکی نائیسلامی دەبینین، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە هەرگیز جیهانی بەرامبەر ڕێگا بەخۆی نادات ئەوێکی نائیسلامی لێی نزیک بێتەوە.

فەرەنسا هەرگیز ماندوونابێت لە بەردەوامیدان بە شۆڕشێکی مێژوویی لەپێناو کرانەوە و دیموکراتیزەکردنی فەرەنسا و جیهان، تاکو ئەم شۆڕشە بەردەوام بێت ئەوا دژایەتییەکانیش بۆ فەرەنسا و گەلی فەرەنسی و بەها پیرۆزەکانی فەرەنسا بەردەوام دەبێت و باجی ئازادی دەدات و ئازاری ئازادی دەچێژێت، فەرەنسا چونکە کۆمەڵگەیەکی کراوەی دیموکراسییە دەرفەتی چونەژوورەوەی زۆرترین سەلەفی جیهادی داعش ئاسای هەیە. 

هەموو ئەو ئازارەی فەرەنسا بەدەست ئیسلامی توندڕەوەوە دەیبینێت زۆرتری بینیووە بەدەست کڵێساو پێکدادانی پرۆتستانت و کاسۆلیکەوەو ئەگەر ڕیفۆرمی ئاینی نەبوایە پێدەچوو ئەو جەنگە تائێستاش درێژەی بکێشایە، بەمەش کۆمەڵگەی فەرەنسی ئەوەندە کراوە و لەپێشە ئەستەمە جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی دینی مەسیحی بێت یان ئیسلامی، بەڵام هەمیشەش ئازاری بیری توندڕەوی هەردو قوتبە دینییەکە دەچێژێت.


PM:08:37:29/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی