‌دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی
PM:02:49:08/10/2020
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

تاکی کورد نەک تەنها لە دەسەڵات نائومێدبووبێت، بەڵکو ئێستا لە ئۆپۆزیسیۆنیش نائومێدبووە. وەک چۆن زۆرینە دەسەڵاتێکی کوردی خەمخۆری ڕاستەقینە شک نابەن خزمەت بە میللەت بکات بەهەمان شێوە ئەو زۆرینەیە ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستگۆ و خەمخۆریش شک نابات هیوای لەسەر هەڵچنێت و دژی نادادی و گەندەڵییەکان بووەستێتەوە. واتە ئێستا لەچاوی زۆرینەیەکی میللەتەوە چ دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆنیش هیچیان نوێنەری ڕاستەقینەی میللەت نین.

لەگەڵ دەرکەوتنی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان و دواتر کپبوونەوەی هوتافی پۆپۆلیستیانە و پاشان بەگوڕەوە چوون بەپیری حکومەت و شیرینییەکانی نەوتەوە، میللەت زیگزاکێکی گەورەو تاقەتپڕۆکێنی پێکراوە کە چیتر بڕوای بەئۆپۆزیسیۆنبوون نەمێنێت. لەچەندان نوسینی دیکەشدا وتوومانە (کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کابینەی لەبەریەکتر هەڵوەشانەوەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بوو، جا ئەوە بەپیلان بووبێت یان نا؟ ئەوە شتێکیترە)، ئێستا ئەوەندەی بەرەی دەسەڵات بەهێزە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بوونیان نەماوەو هێزیان لێبڕاوە، ئەگەر دەنگەدەنگێک یان بۆڵەبۆڵێک لەهێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتەوە بێت هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت و سوودی نابێت.

کاتێک دەڵێین بەرەی دەسەڵات لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن بەهێزترە، بەو مانایە ناڵێین کە هێزەکانی ناو حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لەڕووی کارو خزمەتەوە جێ پێی خۆیان توند کردووەو بەهوتافەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەناو ناچن، نەخێر .  لەبۆشایی و نەبوونی بەرەو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێزدا وادەبینرێت کە بەرەی دەسەڵات بەهێزترە و ئەگەر پێشیانوابێت لەسەر هەقن ڕەنگە ناهەقی نەبێت چونکە ئەگەر بەرەی دەسەڵات زۆرینەیەک لەپیاوانی خۆیانیان لەگەڵ بێت کەواتە خزمەتیان بەزۆرینەیەک لەهاوڵاتی کردووە!

ئێستا بەیەک مەسافەو دووری؛ میللەت هەم لەدەسەڵات و هەم لە ئۆپۆزیسیۆنیش دەڕوانێت، لەباری یەکەم و دووهەمیشدا میللەت نائومێدبووە و چیتر بەدەنگی هەموو دەهۆڵێک هەڵنەپەڕن. لەکاتێکدا دەبوو دەسەڵات باوکی میللەت بوایە، دەبوو ئۆپۆزیسیۆنیش جێی هیوای گەل بوایەو لەدەسەڵات نزیک نەبوایەتەوە، بەڵام ئێستا ئۆپۆزیسیۆن تەسلیم بەشیرینی ڕێککەوتنەکان و نەوت و دەسەڵات بووەو هەموو تۆپخانە! و هێزێکی ڕەخنەو لێدانیان! لەدەسەڵات کشاندۆتەوەو بوونەتە دیوی دووەمی دەسەڵات



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.