ڕۆڵی (محەمەد بن سەلمان) لە پرۆژەی سەفقەی قڕندا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


(سەفقەی قڕن) یان (سەوداو مامەڵەی سەدە) کە لەئەسڵدا پرۆژەی (گارید كۆشنەر، دەیفید فریدمان و گرینبڵات)ە و گوایە وەک هەوڵێکی ئاشتی لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیلییەکاندا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گوایە ڕۆژی چوارشەممە، بەرواری ۲۹ ــ ۱ ــ ۲۰۲۰ بەئامادەیی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرچیش پەیوەستە بە فەلەستینەوە، ترامپ دیسان بە دیدی ئابوریانە ڕایگەیاند کە، فەلەستین ڕازی دەبێت چونکە پرۆژەکە پارەی باشی تێدایە بۆ فەلەستینییەکان. بەڵام پێناچێت ئەم قسەیەی ترامپ ڕاست بێت و فەلەستینییەکان بە سەفقەی خوێن! و بە فرۆشتنی خاکی فەلەستین ناوی دەبەن.

لەبەرامبەر لێدوانەکەی دۆناڵد ترامپ دا لەسەر ڕازیبوونی فەلەستین بە سەفقەی قڕن، هاوکات (مەحمود عەباس)یش سکاڵاو ناڕازیبوونی خۆیی دەربڕی و دەڵێت : ئەوەی دۆناڵد ترامپ دەیچەسپێنێت پێچەوانەی ئاشتییە و لەسەر ئەم پرۆژەیە جوابی تێلەفۆنەکانی دۆناڵد ترامپ نادەمەوە کە چەندجارێک پەیوەندی پێوەکردووم و من ئامادەنیم لەسەر ئەو پرۆژەیە قسەی لەگەڵ بکەم!

شایانی باشە، (مەحمود عەباس) ئەوە یەکەمجار نییە لەسەر ئەم پرسە وەڵامی ئەمریکییەکان ناداتەوە. پێشتر ئەمریکییەکان لەڕێگەی (محەمەد بن سەلمان)ی شازادەی جێنشینی سعودیەوە پرۆپۆزەڵی پرۆژەكەی بە بەڕێوەبەری كاروباری ئەمنی فەلەستین «ماجد فەرەج»دا ناردووە بۆ (مەحمود عەباس)، لەبەرامبەردا (عەباس) ئامادەنەبووە تەنها نامەكەیش بكاتەوە، بۆیە بەهەمان شێوە نامەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ محەمەد بن سەلمان.

هاوکارییەکانی (محەمەد بن سەلمان) بۆ ئەمریکاو پیشاندانی ئامادەیی سعودیە بۆ ئیشکردن بە پرۆژەی (سەفقەی قڕن)، پێگەی سعودیەی لەلای وڵاتانی عەرەبی داکشاندۆتە خوارەوەو پێیانوایە هیچ سەرکردەیەکی سعودی هێندەی (سەلمان) ئیش بە فەرمانەکانی ئەمریکاو سەرۆکی ئەمریکا ناکات، تەنانەت پێیانوایە تێکچوونی پەیوەندییەکانی سعودیەو وڵاتانی کەنداو لەگەڵ قەتر و هەموو ئەو جوڵە و کرانەوە! ناوخۆییەی محەمەد بن سەلمان لەناوخۆدا دەستی داوەتێ، هیچ نییە جگە لەداواکاری ئەمریکا.

بەمانایەکی ناڕاستەوخۆ، ئێستا محەمەد بن سەلمان وەکیلی ئەمریکایە لەناوچەکەدا بۆ سڕینەوەی بەهای شوێنە پیرۆزەکانی عەرەب و موسڵمانان!. هەفتەی پێشوو بە ئامادەیی محەمەد بن سەلمان گەورەترین یانەی شەوانە لەسعودیە کرایەوەو بۆ چاوبەستوویی و بەهەڵەبردنی توندڕەوە سعودی و ناوچەیی و جیهانییەکان ناوی (حەڵاڵ)ی لکاند بەناوی یانە شەوانەکەوە. لەئاستی دەرەوەیشدا ئەوەتا محەمەد بن سەلمان ئۆکەی بۆ پرۆژەی سەفقەی قڕن کردووە کە ناوچە پیرۆزەکانی فەلەستین دەخاتە سنوری ئیسرائیلەوە و بۆ هەتایی لەدەست فەلەستینییەکان دەردەهێنرێت و بەم کارەیش شانازی و پیرۆزییەک لەتەواوی عەرەبی موسڵمان و فەلەستینییەکان وەردەگیرێتەوەو ئیدی لەبری ئەوەی قودس شانازی عەرەب بەگشتی و فەلەستینییەکان بێت بەتایبەت، ئەوا ئیدی پایتەختی ڕاستەقینەی ئیسرائیل و جولەکە! دەبێت.

بەبڕوای تایبەتم. محەمەد بن سەلمان، هێشتا بەهای خوێنی (جەمال خاشوقچی) نەداوە، چ کرانەوەکانی لەناوخۆی سعودیەداو چ ڕازیبوونی (بن سەلمان) بەسەفقەی قڕن، لەنرخی کاڵایەک دەچێت کە (بن سەلمان) بە قیست پارەکەی دەدات. دوای هەردوو قیستی کرانەوە ناوخۆییەکان و ڕازیبوونیشی بە پرۆژەی (سەفقەی قڕن) هێشتا محەمەد بن سەلمان قیستەکانی سێیەم و چوارەم و ....... هتدیشی ماوەو دەبێت بیداتە ئەمریکا، ئەگینا هەر دژایەتییەکی (بن سەلمان) بۆ ئەمریکا، ڕێککەوتنی نێوانیان لەسەر خوێنی ڕۆژنامەنووسە سعودییەکە، هەڵدەوەشێنێتەوە. 


PM:07:31:28/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 4428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی