ترامپ؛ لەنێوان زڕەی پارە و زیڕەی منداڵدا

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

سەرمایەداری ئەگەر کەسێکی وەک دۆناڵد ترامپ بەرهەم نەهێنێت، ئەوا خاڵی دەبێتەوە لە تەواوی ماناکانی خۆی. ئەوە وەزیفەی سەرمایەدارییە کە وا لە دۆناڵد ترامپ دەکات بیر لەبڕی مادەی بەدەستهاتوو بکاتەوە لەسەوداو مامەڵەی خۆرئاوادا نەک ڕشتنی خوێن و کوشتنی کورد لەلایەن تورکیاوە.

دۆناڵد ترامپ لەبەرئەوەی هەمان لۆژیکی (ماکیاڤیللی) هەیە بۆ دوانەی مادە و ڕۆح، ئەوا ترامپ زڕەی پارەی پێخۆشترە لەزیڕەو ئازاری منداڵ. ترامپ پێی گرنگە باخەڵەکانی پڕبێت لەپارە و دۆلاری زۆر ئیتر گرنگ نییە دڵ و ویژدانی خاڵی و چۆڵ بێت لە بەزەیی و سۆز .

ناسینی دۆناڵد ترامپ زۆر ئاسانە!، ئەم سەرکردەیە هەر یەکەمجاریش بەسەر پارەدا گەیشتە کۆشکی سپی. ئەگەر لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا نەچوایەتە ویلایەتی ڤێرچینیای جۆلانێ و هێزی پارەکەی نەخستایەتە پێش هێزی زمان و کەسایەتی و زیرەکییەوە، هەرگیز ئێستا کەسێکمان لەکۆشکی سپی نەدەبینی بەناوی دۆناڵد ترامپ.

ترامپ لەلای گرنگ نییە منداڵێکی کوردی خۆرئاوای کوردستان زیڕەی بگاتە لای خوا !، گرنگ ئەوەیە ئێستا ترامپ لقێکی پرۆژەکەی (کۆمپانیای ترامپ) کە ئوتێلێکی نمونەییە لە ئەستەنبوڵ کردۆتەوە و لەگەڵ فاشیستێکی وەک ئەردۆغان پرۆژەی هاوبەشیان دەست پێکردووە.

ئەم سەرۆکەی گەورەترین زلهێزی جیهان ئەوەندەی زڕەی پارە ڕایدەچڵەکێنێت ، هەرگیز زیڕەی منداڵێکی شیرەخۆرەی برسیبوو ڕایناچڵەکێنێت. چونکە لەلای ترامپ زڕە سەرچاوەی چێژ و بەختەوەرییە و زیڕە مایەی بێتاقەتی و توڕەبوونە و نایەوێت گوێی لێ بێت.

یەکێک لە سیما و ئەدگارە ناشیرین و خراپەکانی ئەم زەمەنی پێشکەوتن و مۆدێرنێتەیە ئەوەیە؛ بەها لەنێوان مرۆڤی ڕۆحی و مادیدا دابەش دەکات و مادە پێوەری کامڵی و شایستەییە بۆ پێشەوابوون و سەرکردە بوون. لەنمونەی ئەم تایپەی مرۆڤیش دۆناڵد ترامپە.


PM:09:06:10/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی