یەکێتی و جیابوونەوە، رەوینەوەی فۆبیای کۆنگرە

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

تەناقوصێکی گەورەیە لەخودی هەر هەڤاڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ئەگەر دۆخی ناوخۆیی ئێستای یەکێتی و لاوازبوونی پێگەی سیاسی و ڕۆڵی ناوخۆی هەرێم و ناوچەیی یەکێتی پێقبوڵ بکرێت، بەڵام دەرئەنجامی کۆنگرەیەکی شەفافی بێتەوافوقی پێقبوڵ نەکرێت!

چ عەیبەیەکی سیاسی و مێژووییە هەر هەڤاڵێکی یەکێتی لەسەرەوەی هەرەمەکەدا، لەدۆخی ئێستای یەکێتی و سیاسەتی هەنوکەیی یەکێتی نەترسێت و باکی بە یەکێتی نەبێت کە بەرەو چ خەرەندێکی ترسناک دەڕوات، بەڵام لەدەرئەنجامی کۆنگرە! بترسێت و هەمان ترسیش ڕۆ بکاتە دڵ و دەروونی کادیران و لایەنگرانی یەکێتییەوە کە کۆنگرە مەترسیدارە لەسەر کەرتبوونێکیتری ناوخۆیی!

لەڕاستیدا هەموو ئەوانەی سڵ لەکۆنگرە و کۆنگرەی بێتەوافوق دەکەنەوە، خەمی گەورەیان تێکچوون و جوڵانی ستراکچەری سیاسی یەکێتی و دیسکۆرسی یەکێتییە مێژووییەکە نییە، بەڵکو ترس لەکۆنگرە ترسە لە خوڵقاندنی یەکێتییەکی نوێ لەدوای کۆنگرە کە هەمومان ئەو کۆنگرە وەک کۆنگرەی تەئسیسکردنەوەی یەکێتی ناوی دەبەین. هەموو ئەو هەڤاڵ و کەسانەی کۆنگرەیەکی بێتەوافوقیان ناوێت، واتە یەکێتییەکیشیان ناوێت کە ئیدی ئەوان نەتوانن تێیدا بگەنەوە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی.

نە سەرکردایەتی نە کادیرانی وەسەت و چ دواین کادیریش کە تەڤڵی ئەم حیزبە سیاسییە دەبێت، نابێت کۆنگرە وەک دێوەزمەیەک وێنا بکات کە کۆشکی چەندان دەیەی یەکێتی هەرەس پێ دێنێت، بەڵکو دەبێت هەموان کۆنگرە وەک هێزی ژیانەوە و نوێبوونەوە سەیربکەین کە بکرێتەوە بەباڵای یەکێتییدا ، تاکو یەکێتی ببرێتەوە ئەو ئاستەی جارانی کە شکێنەری هەموو جۆرێکی ترس بوو! نەک ترس لە دەرئەنجامی کۆنگرە. دەبێت هەمومان ترس لەکۆنگرەی بێتەوافوق لەلای هەڤاڵانی یەکێتی بڕەوێنینەوەو نەیهێڵین.

ئاراستەکردنی دیدگا و خەیاڵی کادیرانی یەکێتی بەرەو ڕاڕەوێکی پڕ ترس لەدوای کۆنگرە ، پیشاندانی ویستێکە بۆ وەستاندنی دۆخی یەکێتی لە جۆری ئێستایدا و تێکنەدان و دەستکارینەکردنی ئەو حاڵەتە وەستاوە پڕ کێشەیەی کە (9) ساڵە هیچ پەستانێکی ناوخۆیی و دەرەکی بەعینوانی گۆڕینی هەیکەلی سیاسی و بەڕێوەبەری یەکێتی نەیجوڵاندووە.

وێناکردنی کۆنگرە وەک (دادگای پشکنین) و وەک کورەیەکی تاودراو لەلای ئەو هەڤاڵانەی یەکێتی کە دەقیانگرتووە بە تەوافوقەوە، وێناکردنێکی تەواو پێچەوانەیە بە مێژووی گوزەرکراوی یەکێتی. هێزێکی سیاسی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بەناو هەردەڵان و بەردەڵانێکی مێژووییدا لە ناکۆکی و کەرتبوون ڕۆیشتووە، نەگونجاوە لەئێستادا شەرم لەکەرتبوون بکاتەوەو نەجێگای بڕواکردنیشە سڵ لەدوورکەوتنەوەو عاجزبوونی هەڤاڵێک بکاتەوە. چونکە لەماڵئاواییکردن و تۆران و جیابوونەوەی هەڤاڵدا یەکێتی دەستی نەرم بووە!.

دوورکەوتنەوە و دووکەرتبوونی یەکێتی جگە لە فۆبیای کۆنگرە شتێکیتر نییە. ئەم ترسە ترسێکی خوڵقێنراوە، تەنها خەمی ئەو کەسانەیە کە مەترسی دەکەوێتەسەر کورسییەکەیان، ترسێکە هیچ باگراوەندێکی مێژوویی نییە چونکە ئەگەر سەیری مێژووی جیابوونەوەکان لەیەکێتی بکەین ئەوەندە زۆرن زاتمان شکاوە لەجیابوونەوەو ئینشیقاق، یان ئەم ترسە پشتبەست نییە بەواقیعی ئێستای یەکێتی و پێمان وابێت "ئێمە بەدەستی خۆمان کۆشکی یەکێتی دەڕووخێنین" وەک ئەوەی هەندێک هەڤاڵ دەیڵێن.

وەک چۆن هێڵێک و ئاراستەیەک هەیە لەسەر دروستکردن و گەورەکردنی ئەم ترسە دەژی و بەردەوامی ئەم ترسە لەسوودی ئەوان کۆتایی دێت. دەکرێت و دەشێت هێڵێکیش دروست بکرێت و دەنگیان بەرزبکەنەوە کە کۆنگرە هێزی نوێ و خوێنی نوێیە بۆ جەستەی یەکێتی. دەبێت پاوەرێک هەبێت سیحری دروستکردنی ئەم ترسە بەتاڵ بکاتەوە.


PM:03:00:22/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 3404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی