کاک قوباد نۆرەی منە !
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
یادی ڕۆژنامەگەری کوردی بوو ، دەستەم لەنانی شێواندابوو، ژمارەیەکی نەناسراو تێلەفۆنی کرد و وەک کارێکی ئەخلاقی تیکە خواردنەکەی دەستم داناو جوابم دایەوە. من وتم بەڵێ و ئەویش وتی شەوباش کاک ئازاد؛ من قوباد تاڵەبانیم "قوبادی مام جەلال"، تەنها بۆ ئەوە تێلەفۆنم بۆ کردوویت پیرۆزبایی ئەم یادەت لێبکەم.
ئەوکات و ئێستایش دەیڵێمەوە: دوو شتی گرنگم لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە وەرگرت. یەکەم شت ئەوەبوو کە نوسینی باش و ڕۆژنامەنووسێک مۆراڵی کاربکات، حەتمەن دەبێتە جێگای دەستخۆشی خەڵک و ئەنجامەکەی وەردەگرێتەوە.
دووەم شت ئەوەبوو کارێکی باشە بەرپرسێکی حیزبەکەت ئاگای لێتبێت و چاوی لەسەرت بێت و لەیادێکی پیرۆزی وەک یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا تێلەفۆنت بۆ بکات.
دوای ئەوەی کاک قوباد تاڵەبانی بۆ جارێکی دووەم پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی وەرگرتەوە، وەک ئەرکێکی حیزبی و وەک دەنگدەرێکیش کە لەسەر ئاستی تاک لەکارەکانی ڕازیبووم لەدۆخی چوار ساڵی ڕابردوودا، جێگای خۆیەتی ئەمجارە من پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە گەورەیەت لێبکەم هەڤاڵ قوبادی مام جەلال.
دڵنیام جەنابتان بەوردی و بەئەزموونی دوور و درێژتان لەگەڵ مامی گەورەی کوردان ڕۆحی پشوو درێژیتان تێدا گەورەبووە و لەسەر ئەو بنەمایەیش دەتوانن تەواوی کێشەکان تێپەڕێنیت و بەسەر تەواوی ناڕەحەتییەکاندا سەرکەوتووبن.
هەڤاڵ تاڵەبانی؛ بەهیوام چوار ساڵی داهاتوو ، لەسەر دەستی ئێوە و بەهاوکاری تەواوی تیمی یەکێتی و کابینەی نوێ، وەڵامی هەموو ئەو ڕەخنانە بدەنەوە کە لەجەنابتان گیراوە بە دروست و نادروستەوە.
ئەم کایە نۆرەی منە پیرۆزبایت لێبکەم. بەڵام لێرەش بەدوا نە تۆ لەکەموکورتییەکانی ئێمەی ڕۆژنامەنووس چاوپۆشی بکەو بیکە خاتری حیزبایەتی و هەڤاڵێتی، نە ئێمەیش هەمیشە عاتیفی و بەچاویلکەی حوبی لەکارەکانت دەڕوانین.
PM:01:34:11/07/2019
ئهم بابهته 5568
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی