‌دەرفەتی دەرکەوتنەوەی داعشئ
PM:08:54:27/06/2019
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ڕێکخراوە تیرۆریستی و توندڕەوەکان تەنها لەدۆخی شپرزەو نائاسایی وڵاتاندا دەتوانن دەربکەون، ئەم ڕێکخراوانە لەبەرئەوەی توانای پەیوەندی دیپلۆماتی و پیتاندنی سیاسی و دیموکراسییان نییە، ناتوانن لەژینگەی سیاسی و ئەمنی و دیموکراسیدا گەشە بکەن. لەساڵی 2014 ئەوەی دەرفەتی دەرکەوتنی بە (دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام = داعش) دا وەک هێزێکی قورس و ئامادەکراو دەرکەوێت لەناوچەکەدا، تێکچوونی دۆخی ئەمنی بوو لەم دوو وڵاتەدا.

کاتێک لە(9 ــ 12 ــ 2017)  حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی پێشوو سەرکەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند ؛ ئیدی هەموو عێراقییەکان قۆناغی داعشیان وەک بوونێکی مێژوویی بینی و پێیانوابوو ئیدی داعش هەبووەیەک بووە لەڕابردوومانداو تێمان پەڕاندووە.

ئەم لۆژیکە گەلێک هەڵەیە !، تێپەڕین یان دوورکەوتنەوە لەمێژووی سەرهەڵدان و کۆتایی هەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە عێراق و ناوچەکەدا، پەیوەستە بە چاککردنی ستراکچەری ژینگە سیاسییەکەی هەر وڵاتێکەوە، تا ژینگەی سیاسی ئەم وڵاتانە نا ئارام و نێوانی هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکان دوور بێت لەیەکترەوە ئەوا هەمیشە نزیکین لەسەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی هاوشێوەی داعش و سەرهەڵدانەوەی داعش دەبێتە وجودێکی نێگەتیڤ و ئەو بۆشاییە سیاسی و ئیدارییە پڕ دەکاتەوە کە دەکەوێتە نێوان پێکهاتەو هێزە سیاسییەکانەوە.

ئەوەی پێیدەوترێت بەرواری سەرکەوتن بەسەر داعشدا، جگە لە دۆخێکی دەروونی خۆش و موژدە بەخشی کاتی، هیچیتر نەبوو!. چونکە هێشتا لێکەوتەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە چاکنەکراوەتە و دەست بەئاوەدانکردنەوەی هەندێک ناوچەی جەنگی داعش نەکراوە، دیسان داعش لەهەندێک ناوچەدا دەرکەوتوونەتەوە و دەستیانکردۆتەوە بە چالاکی ڕێکخراوەکەیان. ئەمەش دیسان بەرهەمی ئەو کەشوهەوا سیاسییەیە کە ئێستا ڕوبەری گشتی هێزە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی دابەشکردووە و لە بۆشایی سیاسی و ئەمنی و ئیداریدا داعش زیندوو دەبێتەوە و دۆخی متبوون و سڕبوون تێدەپەڕێنێت و دێتەوەناو ئەو ژینگەو کەشوهەوای کە بۆ گەشەی ئەو لەبارە!

بیریشمان نەچێت، ئەوە کەم نییە دەوڵەتێکی وەک ئەمریکا کە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی (70) وڵاتی کردووە دژی داعش لەتایپی یەکەمیدا، ئێستا سەرقاڵە بە کێشەو ململانێکانی لەگەڵ ئێران دا و ناتوانێت بەتەواوی ئاگای لەو جوڵە و خۆنمایشە نوێیە بێت دیسان داعش لەعێراقدا دەستی داوەتێ. ئێرانیش وەک خەمخۆرێکی برا شیعەکانی لەدەسەڵاتی بەغداد کە لەدەرکەوتنی یەکەمی داعشدا هاوکاری تەواوی بەغدادو حەشدی شەعبی و هێزەکانی نزیک لەخۆی بوو، لەئێستادا توشی چونەوەیەکێکی زۆر بووەتەوە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە، بۆیە ئەم دوو فاکتەرە (نائامادەییەکی واقیعی ئەمریکا لەئێستای عێراق)و (چونەوەیەکی ئێران بۆ ناوخۆی خۆی) خزمەتێکی گەورەی بەزیندووکردنەوەی داعش کردووە. ناکۆکی نێوان هێزە عێراقییەکانیش دیوێکیتری خزمەتکردنەکەن.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.