ڕۆڵی میدیا یان هێزە سیاسییەکان ؟

‌ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدانیم بڵێین ئەم دۆخە سیاسییە پڕ تەشەنوجەی نێوان لایەنەکان بەرهەمی شێوە کارکردنی میدیاکانە. نابێت میدیا بەوە تاوانبار بکەین کە هەناسەیەکیان بۆ ئومێدبەخشین نەهێشتووەتەوە. بەڕاستی لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا کە نێوانی حیزبە سیاسییەکان ئاڵۆزە؛ میدیایش هەر ئەوەندەی پێدەکرێت واقیع بگوێزێتەوە. دەپرسین بۆ هێزە سیاسییەکان هیواو ئەمەلێکیان هێشتۆتەوە لەنێوان خۆیاندا تاکو میدیاکانیش ئەو هیوا و ئەمەلە بگوێزنەوە بۆ خەڵکی؟!

بەپێچەوانەی هەر کەس و لایەنێک کە دەڵێت ئەم دۆخە دەستی میدیایشی تێدایە و ئەوانیش تاوانبارن، من دەڵێم نەخێر هەم میدیاکەیش و هەم دۆخە سیاسییەکەیش بەرهەمی ناکۆکی حیزبەکانن. چونکە:

یەکەم:
لەبنەڕەتدا لەلایەک هێزە سیاسییەکان خۆیان بەمەبەست ئەم هەموو میدیا بینراو، بیسراو و خوێنراوەیان بۆ جەنگێکی لەم شێوەیە دروست کرد. لەلایەکیتریشەوە کاتێک میدیا بووە میدیای تاکە کەس و بازرگانان و شیرینی نەوت و زۆن زۆنێنێ!، ئیتر سیاسەتی کارکردنی میدیا لەژێر دەسەڵاتی حیزبدا نەماو تاکە کەس بەویستی خۆی سیاسەت دادەڕێژێت. بۆیە تاکەکەسیش ئەم میدیا دەباتە جەنگەکەوە.

دووەم:
لەدۆخێکی ئاوهایشدا کە حیزبەکان ناکۆک دەبن و جگە لەهێرش بۆسەر یەکتر هیچیتریان نییە ؛ میدیاکان چی بگوێزنەوە بۆ بینەر؟! حیزب پانتایی کاری میدیاکانی داگیرکردووە، باشووری کوردستان جیهانێکیتر نییە کۆمپانیایەکی قازانج نەویست هاوکاری میدیاکان بکات و ئازادی کارکردن بدات بەمیدیاکەی، ئێرە کوردستانە! لەئێرە دروستکردنی پرۆژەی ڕێگاوبان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەو لەشکرێک میدیاو میدیاکار دەخرێتە خزمەت ڕوماڵی ئەو پرۆژەوە! ، کەواتە هەرگیز چاوەڕێی بێلایەنی لەمیدیا ناکرێت.

ئەو گرژیانەی ئەمڕۆ لەکوردستان دەبینرێت تەنانەت بە گرژی نێوان میدیاو میدیاکارانیشەوە، بەتەواوی شێوە هەرەمییە، لەلوتکەی دەسەڵاتی حیزبەکانەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ دامێن. ئەگەر لوتکەی هەرەمەکە کە دەسەڵاتە کۆکبوون لەنێوان خۆیان، ئەوا ڕێگایش بە میدیا نادەن کۆکبوونیان تێکبدات و هێرش بکات، هەرکە لەنێوان خۆیان تێکچوون ئەوا دەبێت میدیاو جەماوەریش هێرش بکەن و قسەیان هەبێت.

نێوانی ئەم هێزە سیاسییانە لەدۆخێکی هێرش و ئاڵۆزیدابێت یان لەدۆخێکی ئاشتی و کۆکبووندا، میدیا ناتوانێت بڕیاری خۆی بدات و تەنها پەیامی سەرەوە جێبەجێ دەکات. لەهەردوو بارەکەیشدا ڕۆڵی هێزە سیاسییەکان گەورەتر و گرنگترە بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.


PM:02:32:03/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی